زووم..
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە زوومی راگەیاند، هێشتا دیار نییە کەی بەغداد مووچەی مانگی چوار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لەسەرییەتی لە ناردنی تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی ناوخۆ و لیستی مووچە، جێبەجێیکردووە. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانیش ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانی پەسەندکردووە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئێستا تەنها فەرمانی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ماوە بۆ خەرجکردن و رەوانەکردنی مووچە.
هاوکات خەلیل دۆسکی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زوومی راگەیاند، هەولێر و بەغداد لەسەر لیستی مووچە رێککەوتوون، دواکەوتنی مووچەش تەنها پەیوەندی بە کەمی نەختینەوە هەیە.
خەلیل دۆسکی گوتیشی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی مووچەوە دەدرێت.
دوێنێ دووشەممە سەرچاوەیەک ئەوەی بە زووم راگەیاند، دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە کەمی نەختینەوە هەیە لە عێراق و نووسینگەی تەیف سامی بە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم گوتووە کێشە لە نەبوونی نەختینە هەیە.
لەبارەی ئەو کێشەیەوە سروە محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق قسەی بۆ زووم کرد و گوتی: حکومەتی عێراق سێ ترلیۆن دیناری لە نەختینەی گشتی دەرهێناوە و هەمان شتیش دەتوانێت بکات بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان یاخود قەرز وەربگرێت و کێشەکە بەمزوان چارەسەر دەکرێت.
سروە محەمەد باسی لەوەش کرد، قسەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و وەزیرە کوردەکان کردووە و ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە مووچە کێشەی نییە و “دڵنیام لە چەند رۆژی داهاتوو مووچە دەنێردرێت.”