زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
میللیەت
ئۆندەر دوایین فیلمی خۆی نەبینی
سری سورەیا ئۆندەر کە یەکێک بوو لە سینەماکار و دەرهێنەرە بەهێزەکان، مەرگ مەودای نەدا ئەو فیلمە ببینێت کە خۆی رۆڵی تێدا بینیوە و ئێستا لە سینەماکاندا پەخش دەکرێت.
فیلمەکە ناوی “شەمەندەفەرەکەی جەلال”ـە لە دەرهێنانی گۆکئاڵپ یامەن.
ئۆزگور ئۆزەل-ی سەرۆکی جەهەپەش دەڵێ، سری سورەیا هەروەها سیناریۆی فیلمی سترانی کۆمار-ی نوسیوە و تازە ئاشکرا بووە.
سەباح
دەزگای میت هەوڵێکی موسادی پوچەڵكردەوە
دوای ئەوەی لە ئەیلولی ساڵی رابردوودا موساد لە رێگەی تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی حزبوڵا 37 کەسی کوشت و سێ هەزار و 500ـی تریشی برینداربوون، بەهۆی تەقینەوەی جیهازەکانی پەیوەندی کردنەوە.
لە مانگی ئەیلولدا هەواڵگری زانیاری ئەوەی پێدەگات کە هەزار و 300 ئامێری تری پەیجەر لە هۆنگکۆنگەوە دەگاتە ئیستانبوڵ و لەوێوە دەبرێتە لوبنان.
لە 16ـی ئەیلولدا کارگۆکە تەسلیم دەکرێت و لە فرۆکەخانەی ئیستانبوڵ دەنیشێتەوەو بڕیار بوو لە 27ی ئەیلولدا بخرێتە فرۆکەیەکی لوبنان و بەرەو ئەو بەڕێ بکرێت، بەڵام لەسەر سکاڵایەکی داواکاری گشتی ئیستەنبوڵ لێکۆڵینەوەکان تەواو بوون و دەستگیرا بەسەر ئەو بڕە مادە تەقینەوانەدا، دوای ئەوەی دەرکەوتبوو هەزار و 300 ئامێری پەیجەر و 710 بارگاویکەر”شاحینە” مادەی تەقەمەنیان تێکەڵ کراوە.

سۆزجو
خۆپیشاندەران دەڵێن با قەرزی کارتەکانمان دەزگای ئامار بیداتەوە
دوای ئەوەی کە دەزگای ئامار و راپرسی تورکیا ناسراو بە تویک رێژەی هەڵاوسانی ئاشکرا کرد، لەبەردەم بارەگای ئەنقەرەی ئەو دەزگایە ژمارەیەک هاوڵاتی گردبوونەوە.
هاووڵاتیان کە ئەندامی سەندیکای زەحمەتکێشان بوون، رایانگەیاند ئەگەر راستە ئەمە رێژەی هەڵاوسانی راستەقینەیە، ئێ با دەزگای تویک خۆی قەرزی کارتی بانقەکانمان بداتەوە.
تورکیا
لە تورکیا نزیکەی یەک ملیۆن سزادراو هەیە
دوای ئەوەی دەرکەوت هێرشبەرەکەی سەر ئۆزگور ئۆزەل 16 ساڵ لە زیندان بووەو دواتر هاتۆتە دەرەوە لە زیندان و دیسان تاوانی ئەنجام داوە، ئەمە دەرگای پرسێکی تری کردۆتەوە لە تورکیا.
ئێستا لە تورکیا 400 هەزار سزادراو زیاتر لە بەندینخانەکانی تورکیا هەن. هاوکات 600 هەزار سزادراویش لەدەرەوەی بەندینخانەکان لەچوارچێوەی چاودێرییدا لەدەرەوە سزاکانیان بەسەر دەبەن.
واتە یەک ملیۆن کەس ئێستا حوکمدراون لە تورکیا. بەپێی ئامارێکی وەزارەتی دادی تورکیا 45٪ـی ئەوانەی ئازادەکرێن تاوان ئەنجام دەدەنەوەو دیسان دەخرێنەوە نێو زیندان. بۆ ئەمەش دەبێت جارێکی تر چاوبخشێنرێتەوە بە سیستەمی زیندانی کردندا.
رۆژنامە فارسییەکان

باختەر
بەهۆی گۆشتی نایاسایی لە کرماشان مەترسی تەندروستی دروستبووە
بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی ئاژەڵانی پارێزگای کرماشان رەخنە لە کەمتەرخەمیی دەزگا پەیوەندیدارەکان دەگرێت، سەبارەت بە رێگرینەکردن لە سەربڕینی نایاسایی ئاژەڵ لەو پارێزگایە.
حوسێن حەیدەری رایگەیاند، کە دەزگاکانی بەرپرس وەک شارەوانی، پۆلیس و دادگا دەبێت بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ رێگری لەم دیاردەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەهۆی نەرمی نواندنی دەزگا بەرپرسەکان، فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵی نایاسایی لە زیادبووندایە و ئەمەش هەڕەشەیەکی جدیە بۆ سەر تەندروستیی گشتی، چونکە ئەم گۆشتانە زۆرجار هی ئاژەڵی نەخۆشن کە چارەسەریان بۆ نەکراوە و پڕن لە ئەنتی بایۆتیک، هەروەها دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی وەک تای خوێنبەربوون.
شەهروەند
پزشکیان: پێویسته هەموو ئیدارە و دەزگاکان پەنێلی خۆر دابمەزرێنن
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە سەردانێکیدا بۆ شاری قوم رایگەیاند، کە حکومەت ئەرکیەتی بە دادپەروەری مامەڵە لەگەڵ هەموو دانیشتووانی وڵات بکات، بەبێ گوێدانە نەتەوە، رەگەز، باوەڕ و بیروبۆچوون.
هەروەها رایگەیاند، کە دەبێت هەموو ئیدارەکان پەنێلی خۆر دابمەزرێنن و رەنگە لە هاویندا کارەبایان لێ ببڕدرێت ئەگەر پابەند نەبن و وەزیرەکان دەبێت راپۆرتی خۆیان لەمبارەیەوە پێشکەش بکەن.
بەهۆی کورتهێنان و پچڕانی کارەبا لە ئێران، پەرەپێدانی وزەی پاک و نوێ بووە بە پلانێکی گشتگیر کە وزەی خۆر وەک سەرچاوە و بزوێنەری سەرەکی دیاریکراوە.

ئەبرار
دوو کەس لەسەر تەقینەوەکەی بەندەرعەباس دەستگیر کران
داواکاری گشتیی ئێران رایگەیاند، کە تا ئێستا دوو کەس بەهۆی رووداوی تەقینەوەکەی بەندەر عەباس دەستگیرکراون.
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا راگەیەندرا، کە پێویستە هەموو لایەنەکانی دۆسیەی رووداوەکەی بەندەرعەباس بە وردی، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە، خێرا و بەبێ هیچ تێبینییەک لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
بەڵگەکان کۆکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ ژمارەیەک کەس وەک ئاگادار ئەنجامدراوە بەڵام لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هۆکار و وردەکارییەکانی تەقینەوەکە و دەستنیشانکردنی ئەگەری تێوەگلانی کەسانی دیکە لەم رووداوەدا.
ئارمانی ئیمروز
خۆڵبارین پارێزگاکانی ئێران دەگرێتەوە و دەبێتە مەترسی بۆ تەندروستیی خەڵک
بە گوێرەی نەخشەکانی کەشناسی، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ لە 19 پارێزگای ئێران شەپۆلێکی هەورەبرووسکە و بای بەهێز رووبدات و لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆڵ دەبارێت.
پێشبینی دەکرێت، ئەو تۆز و خۆڵەی کە لە عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە، لە رۆژانی داهاتوودا بگاتە ناوچەکانی دیکەی ئێران و ببێتە هۆی ناروونی هەوا و کێشەی تەندروستی بۆ خەڵک.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
ترەمپ دەیەوێت پەنابەران بنێرێت بۆ روەندا
ئەگەری ئەوە هەیە ترەمپ پەنابەرانی ناو وڵاتەکەی خۆی بنێرێت بۆ ئەو ئوتێلانەی بەریتانیا لە ناو رواندادا دروستیکردوون.
رەنگە ئەو ئوتێل و شوێنی مانەوانەی بە پارەی بەریتانیا لەناو رواندادا دروستکراون، بکرێن بە نیشتمانێک بۆ مانەوەی ئەو پەنابەرانەی کە دۆناڵد ترەمپ بەزۆر لە وڵاتەکەی خۆیەوە دەیانکاتە
دەرەوە.
حکومەتی رواندا نیازی وایە ئەم پرۆسەی نیشتەجێکردنە لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکادا تاوتوێ بکات. هەر ئەو هۆتێل و شوێنی مانەوانەشی بەدەستەوە هەیە، کە بەریتانیا لەوێ دروستیکردوون. کاربەدەستێکی حکومەتی رواندی بە رۆژنامەی تەلەگرافیگووت، ئەم بابەتە لەکاتی رەخساوی خۆیدا باسدەکەین. کەواتە ناوی وڵاتی روانداش لەلای ترەمپ دەبێت بە یەکێک لە ئەو سێیەمین وڵاتانەی ئەمریکا بۆ پەنابەرانی لایخۆی بیریان لێدەکاتەوە.

تایمز
بۆ سنوردارکردنی پەنابەران بەریتانیا مەرجی پێدانی ڤیزای لەسەر چەند وڵاتێک توندکردەوە
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پێدانی ڤیزا بۆ هاوڵاتیانی چەند وڵاتێک کەمدەکاتەوە. لەبەرئەوەی هاووڵاتییەکانیان کە گەشتن بە بەریتانیا ناڕۆنەوە و داوای پەنابەری دەکەن.
ئەووڵاتانەی کە ناویان هاتووە پاکستان و نایجیریا و سیریلانکایان تێدایە. پلانی ئەم بڕیارە لەلایەن پارتی کرێکارانەوە دانراوە، مەبەستەکەشی کەمکردنەوەی ئەو گێچەڵەیە کەدەکرێت پەنابەرانی ئەو وڵاتانە دروستیبکەن.
گاردیەن
باجە زیادکراوەکانی ئەمریکا کێشە بۆ فیلمسازیی بەریتانیا دروستدەکەن
دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی کردووە رێژەی باجی 100٪ بسەپێنێت بەسەر ئەو فیلمانەدا، کە لە دەرەوەی ئەمریکاوە دروستکراون، ئەم بڕیارە نوێیە گرفتێکی فڕێداوەتە ناو کایەی کاری ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیاوە.
چونکە ئەوان کەوتونەتە هەڵپە و پەلەکردن، دەیانەوێت لەمبارەوە قسە لەگەڵ ئەمریکادا بکەن. لە بەریتانیادا ئەم بودجەیەی لەم بوارەداخراوەتە بواری وەبەرهێنانەوە چەندان ملیار پاوەند تێدەپەڕێنێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت کاریگەریی زیانی باجەکان بۆ سەر بەریتانیا گەورەبێت. ئەو دەمەی کە ترەمپ گوتی هۆلیوودیش دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمە زێڕینەکەی خۆی، مەترسیی ئەم زیانانەش بۆسەر پیشەی فیلمسازیی بەریتانیاش دەرکەوت.
هائارێتز
ئیسرائیل چاوەڕێی ترەمپە
بەرپرسێکی باڵای دەزگای ئاسایشیی ئیسرائیل رایگەیاندووە، پلانێک هەیە بۆئەوەی ئیسرائیل هێرشە داگیرکارییەکانی خۆی بۆسەر کەرتی غەزە فراوانتربکاتەوە.
هەتا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکات و نەگەڕێتەوە هێرشەکە دەست پێناکات. چونکە پلانەکە وەهایە لەگەڵ هاتنی ئەودا پێشنیازی رێککەوتنێک لەسەر بارمتەکان بکرێت.
ئەگەر ئەو رێکەوتنەسەرنەگرێت، ئەوا ئەنجامدانی هێرشەنوێیەکە دەبێت بە راستییەکی حاشاهەڵنەگر.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لوبنان کارگەیەکى بەرهەمهێنانى کاپتاگۆنی لە سەر سنوورى وڵاتەکەى تێکدا
سوپاى لوبنان لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لەسەر سنوورەکانى وڵاتەکەیان لەگەڵ سوریا کارگەیەکى دروستکردنى مادەى هۆشبەریان تێکداوە و دەستیانگرتووە بەسەر زیاتر لە یەک ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا.
بە گوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە لە ماوەى سێ مانگی رابوردوودا لەسەر هەمان سنوور و لە ڕووى وڵاتى سوریاشەوە دوو کارگەى دیکە تێکدارون کە کاریان بەرهەمهێنانى مادەى هۆشبەر بووە.

سەباح
بە بەشداری 15 وڵات و 150 کۆمپانیا پێشانگاى گەشتیاریی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە هەولێر دەکرێتەوە
سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری بەشى بەبازاڕکردن لە دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێ شەممە 6ـى ئایار سێییەمین پێشانگاى گەشتیاریی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە بەشداریی 15 وڵات و 150 کۆمپانیاى گەشتیارى لە پێشانگاى هەمیشەیی پایتەختى هەرێمى کوردستان دەست بەکارەکانى دەکات و سێ رۆژ دەخایەنێت. ئاماژەى بەوەشکردووە، سەرەڕای بەشداریکردنى ژمارەیەک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان کۆمپانیاکانى عێراق ، ئیران ، تورکیا ، سوریا، عومان، ئازەربایجان، قوبرس، یۆنان و ئەڵمانیا بەشداریی تێدا دەکەن.
بەگوێرەى لێدوانەکەى ئەو بەرپرسەى گەشتوگوار ئامانج بوژاندنەوەى زیاترى کەرتى گەشتیاریی کوردستان و سەرنجڕاکێشانى کۆمپانیا بیانییەکانە بەمەبەستى وەبەرهێنان و گۆڕینەوەى ئەزموونەکانە.

عەرەب
لە گۆڕەکەى حەسەن نەسروڵا دا ئێران دەیان ملیۆن دۆلارى خەرجکردووە
راپۆرتێکى تەلەفزیۆنى کەناڵی – الجدید- ـى لوبنان، سەرنجی زۆرینەى خەڵکی لوبنانى بۆ خۆی راکێشاوە کە تیایدا ئاماژە بە گۆڕەکەى حەسەن نەسروڵاى ئەمینداریی گشتى حزبوڵاى لوبنان کردووە، تیایدا هاتووە بە دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە.
ئەوە لەکاتێکدا بەشێکى زۆر لە لایەنگران و ئەندامانى ئەو رێکخراوە شوێنێکیان نییە تێیدا نیشتەجێبن و بەهۆی هێرشەکانى ئیسرائیلەوە بێ ماڵوحاڵ بوون.
رۆژنامەى عەرەبى لەندەنى ئاماژەى بە راپۆرتە تەلەفزیۆنییەکە کردووە حزبوڵا دەیەوێت لە رێگەى ئەو گڵکۆیەوە پەرە بە لایەنگرانى خۆی بدات و بیکاتە سەکۆی کۆبوونەوەى سیاسی و جەماوەریی خۆیان و دەیان ملیۆن دۆلاری تێچووە کە لە لایەن ئێرانەوە دابینکراوە.
لە کاردانەوەى ئەو راپۆرتەدا لەنێو سۆشیاڵ میدیاى لوبناندا بەشێکى زۆر لە هاووڵاتیان رەخنەى جۆراوجۆریان لەوکارە گرتووە و پێیان وایە وێنەکانى سەرگڵکۆکە و کۆبوونەوەى بەردەوامى خەڵک نیشاندەری ئەو راستییەن کە هێشتا ئێران نایەوێت دەستبەرداریی لوبنان ببێت.
مەدا
زیندانییەکانی عێراق چاوەڕێی لێبوردنن
خالد شوانى وەزیری دادى عێراق لەسەر پشکى کورد لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ “ئاژانسى ئاسۆشەیدتپرێس”ـى ئەمریکیدا ئاشکراى کرد، یاساى لێبوردنى گشتى قابیلى جێبەجێکردنە و سەرقاڵی رێکخستنەوەى فایلەکانى ئەو کەسانەن کە دەیانگرێتەوە. تا ئێستا دوو هەزار و 118 سزادراویان ئازادکردووە، جگە لەو زیندانییانەى لەسەر پشکى وەزارەتى داد لاى هێزە ئەمنییەکان بوون.
شوانى بە ئاژانسەکەى گوتووە، لۆدێکى زۆر لە سەر زیندانەکانی عێراق هەیە و بەێژەى سێ بەرامبەر سزادراویان تێدایە، کار بۆ ئەوە دەکەن لە ساڵی داهاتوودا ئەو رێژەى داببەزێنن بۆ 100% بەو مانایەی هەر زیندانێک بۆ چەند کەس دروستکرابێت ئەوەندە سزادراوى تێدا بێت.