زووم..
ئەو شاندەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کە دوێنێ چووە بەغداد، ئەمڕۆ بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە بێئەوەی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی چوار بەدەستبهێنێت.
بەرپرسێکى باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە زوومی راگەیاند، لە دوێنێوە چاوەڕێن بەغداد تەمویلی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆران بکات، بەڵام نووسینگەی تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، بە شاندەکەی گوتووە، کێشەیەکی کەم لە نەختینە هەیە، ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت راستەوخۆ تەمویلی مووچە دەکەن.
بەگوتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی، وەزیری دارایی عێراق کەوتووەتەوە بیانووگرتن لەهەرێمی کوردستان و پێی گوتوون پارە نییە مووچە بنێرێت، شاندەکەش لە وەڵامدا پرسیاری ئەوەیان کردووە بۆچی کەمیی نەختینە، تەنها بەرۆکى هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کێشە بۆ عێراق دروستناکات.
هەر لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی بەشداری لە پرسەی کوڕی ئەیاد عەلاوی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق گوتی، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە جێبەجێی کردووە و پێویستە حکومەتی عێراقیش ئەرکی خۆی جێبەجێبکات.