زووم..
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، ئابووری عێراق لە ساڵی 2024 بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و داهاتی نانەوتی بەڕێژەی 5% زیادیکردووە، ئاشکراشیکرد، کورتهێنانی بودجە کەمە و نابێتە هەڕەشە بۆ سەر قەرزی گشتیی عێراق.
تەیف سامی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، شاندێکی باڵای حکومی عێراق کە عەلی عەلاقی پارێزگاری بانکی ناوەندیشی تێدابووە، لەگەڵ نێردەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دوایین پێشهاتەکانی بواری ئابووری و دارایی عێراقیان تاوتوێکردووە.
بەگوێرەی قسەکانی تەیف سامی، نێردەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەچەند خاڵێکی ئەرێنی سەبارەت بە ئابووریی عێراق داوە، لە دیارترینیان زیادبوونی داهاتی نانەوتییە لە ساڵی 2024 بەڕێژەی 5%، لەگەڵ گەشەسەندنی کەرتی کشتوکاڵ و زیادبوونی خەرجی گشتی.
لەبارەی کورتهێنانی بودجەوە، تەیف سامی گوتی، کورتهێنانی ساڵی رابردوو پێنج ترلیۆن دینار بووە، ئەو رێژەیەش بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەوە نزمترە ببێتە مەترسی بۆ سەر قەرزی گشتی.