زووم..
بەرپرسێکى باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە زوومی راگەیاند، نووسینگەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بە شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە کە کێشە لە هەبوونی نەختینە هەیە بۆیە ناتوانن پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکەن.
ئەو بەرپرسە گوتی، “لە دوێنێوە چاوەڕێین وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام نووسینگەی تەیف سامى کەمێک پێش ئێستا بە شاندەکەى ئێمەیان گوتووە، کێشەیەکی کەم لە هەبوونی نەختینە هەیە، ئەمڕۆ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت هەر ئەمڕۆ تەمویلی مووچە دەکەین.”
ئەو بەرپرسە کە نایەوێت ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەوەشی بە زووم گوت، “شاندى ئێمە لە دوێنێوە لە بەغدادن، بە بەرپرسانى وەزارەتى دارایی عێراقیان گوتووە، ‘بۆچی کەمی نەختینە، تەنها بەرۆکى ئێمە دەگرێت، لای خۆتان هیچ کێشەیەک نابینین؟'”
دوێنێ یەکشەممە زووم بڵاویکردەوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی ئامادەکردووە و چاوەڕێی ناردنی پارەیە لەلایەن بەغدادەوە و لەگەڵ گەیشتنی پارە مووچە مانگی چوار دابەشدەکرێت.
لەبارەى کێشەی نەبوونی نەختینە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زوومی راگەیاند، “کێشەی کەمی نەختینە لە عێراق هەیە، بەڵام ئەو کێشەیە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە نابێت.
جەمال کۆچەری باسی لەوەشکرد نابێت کێشەی نەبوونی نەختینە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش دوابخات و کیشەکە تەنها کاریگەری لەسەر بەدجەی پڕۆژەکان هەیە.