زووم..
کۆمسیۆنى باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایدەکات، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى عێراق، پەنا دەبەنە بەر ژیریی دەستکرد، کە دەتوانێت پەڕاوی ساختە و مۆرنەکراو بناسێتەوە.
ئەندامێکی تیمی راگەیاندنى کۆمسیۆن بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە، ئامێری ئەژماری ئەنجامەکان، چەندین تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکردی تێدایە، دەتوانێت پەڕاوی مۆرکراو و مۆرنەکراو جیابکاتەوە، جگە لەوەش پەڕاوی ساختەی بێ مۆر بناسێتەوە و پووچەڵی بکاتەوە.
حەسەن هادى ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد، بە خێرایی و بە ووردی دەتوانێت ئەژمارەکان ئەنجامبدات و ئامارەکانیش جیابکاتەوە.
ئەو ئەندامەى کۆمسیۆن دەڵێت، ئەوان سوورن لەسەر ئەوەى سوود لە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنەکان وەرگرن، وەک بەشێک لە رێکارەکان بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردێکی دوور لە ساختەکاریی و پێشێلکارییەکان.