زووم..
میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، کابینەی ئاسایشی وڵاتەکە بە سەرکردایەتی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پلانی فراوانکردنی لەشکرکێشییەکەی بۆ نێو غەزە پەسەندکردووە.
بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل و رادیۆی کانی ئیسرائیل، سەرجەم وەزیرەکانی کابینەکە دەنگی بەڵێیان بە پلانەکە داوە جگە لە ئیتامار بن گڤێر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی کە دژی پلانەکە بووە.
رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلی دەڵێت، پلانەکە لەدوای سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێدەکرێت کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات بکات.
دوێنێ یەکشەممە 04-05-2025 ئیال زامیر، سەرۆکئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئاگادارکردنەوەیان بۆ هەزارەها سەربازی یەدەگ ناردووە بەمەبەستی فراوانکردنی جەنگی غەزە.
لەدوای هێرشە مووشەکییەکەی حوسییەکانی یەمەنیش بۆ سەر فرۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ، نەتانیاهۆ رایگەیاند کۆبوونەوەیەکی کابینەی ئاسایش رێکدەخات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی “قۆناغی داهاتووی” جەنگی غەزە.
ئیسرائیل لە مانگی ئازاری ئەمساڵ دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر غەزە کردەوە دوای شکانی ئاگربەست کە ماوەی دوو مانگی خایاند. ئێستا ئیسرائیل یەک لەسەر سێی خاکی غەزەی کۆنترۆڵکردووە و لەژیر فشارێکی گەورەی نێودەوڵەتیدایە بۆ هەڵگرتنی ئەو ئابڵوقەیەی لە مانگی ئازارەوە سەپاندوویەتی و ناهێڵێت هاوکاری بۆ خەڵکی غەزە بڕوات.
لەماوەی جەنگی غەزە کە 19 مانگە بەردەوامە، زیاتر لە 52 هەزار کەس لە هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە غەزە کوژراون.