زووم..
نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، لیژنەیەک بۆ رێکخستنەوەی گەشتی قوتابخانەکان پێکدەهێنن و رێنمایی نوێ لەوبارەیەوە دەردەکرێت.
نەژاد عەبدوڵا کە وەک بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بەوەکالەت دەستبەکاربوو لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی گەشتی قوتابخانەکانەوە گوتی. رێکخستنەوەی گەشتەکان بە قوناغ دەبێت و بەگوێرەی دووری شوێنەکان رێنمایی دەردەکرێت.
گوتەکانی نەژاد عەبدوڵا دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە گەشتێکی ساڵانەی قوتابخانەی برایەتی سلێمانی بەهۆی وەرگەرانی پاسەکەیانەوە، 14 خوێندکار برینداربوون، دواتریش گەشتی ساڵانەی قوتابخانەکان بەشێوەیەکی کاتی قەدەغەکران.
لەبارەی دەنگۆی سزادانی ئەو مامۆستایانەی دوای شکاندنی بایکۆت نەگەڕاونەتەوە هۆڵەکانی خوێندن نەژاد عەبدوڵا گوتی، ئەو مامۆستایانەی گەڕانەوە ناوەندەکانی خوێندن، سوپاس و پێزانینیان پێدراوە و ئەو مامۆستایانەشی نەگەڕاونەتەوە سزا نەدراون.
لە کۆنفراسەکەدا نەژاد عەبدوڵا باسی لە زۆری دوو دەوام و سێ دەوامی قوتابخانەکانی سلێمانی کرد و گوتی، “لە هەزار و 405 ناوەندی خوێندن کە لە سلێمانی هەیە دوو دەوامی و سێ دەوامی تێدایە، بەداخەوە خەڵکی گوند و قەزاکان روو لە سلێمانی دەکەن و چڕی دانیشتووان لەگەڵ بیناکان یەکناگرنەوە.”