زووم..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رۆژی هەینی وێنەیەکی خۆی بڵاویكردەوە، کە وێنەكە بە زیرەكی دەستكرد دروستكرابوو، ئەمە كاردانەوەی دروست كرد، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی وێنەكە لە ئەژمارە فەرمییەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردەوە.
ترەمپ لە وێنەکەدا دەرکەوتووە، جلێکی سپی پاپای لەبەردایە و پەنجەی ئاماژەی راستی بەرەو ئاسمان بەرزكردووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی لەم هەفتەیەدا کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا، حەز دەکات ببێتە پاپای داهاتوو؟ لە وەڵامدا گوتی؛ “پێمخۆشە پاپا بم؛ ئەوە هەڵبژاردەی یەکەمی من دەبێت”.
ئەو وێنەیە و قسەكەی ترەمپ، چەند رۆژێک پێش ئەوەی کاردیناڵەکانی جیهان دەست بە کۆبوونەوە بکەن بۆ هەڵبژاردنی جێنشینی پاپا فرانسیس، كە مانگی رابردوو بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
یەكەم كاردانەوە كاردیناڵی کاسۆلیکی ویلایەتی نیویۆرک بوو، کە نوێنەرایەتی قەشەکانی ویلایەتەکە دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتدا، بە توندی رەخنەی لەو وێنەیە گرتووە، ئەو لە پۆستێکدا لە هەژماری Xـی خۆیدا نووسی، “هیچ شتێکی زیرەک و کۆمیدی لەم وێنەیەدا نییە، جەنابی سەرۆک”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە تازە پاپای خۆشەویستمان فرانسیس لە دەستداوە و بە خاک سپێرداوە و کاردیناڵەکان خەریکە دەچنە ناو کۆنفرانسی رێزلێنان بۆ هەڵبژاردنی جێنشینێکی نوێی سانت پیتەر، گاڵتەمان پێ مەکەن”.
نزیکەی ٢٠%ـی ئەمریکییەکان خۆیان وەک کاسۆلیک دەناسێنن و راپرسییەکانی مانگی نۆڤەمبەر ئاماژەیان بەوە کردووە، نزیکەی لەسەدا 60ـیان دەنگیان بە ترەمپ داو، بەڵام ئێستا لێی نیگەرانن، ئەوەش بەهۆی ئەو وێنە و قسەكانی لەبارەی بوون بە پاپا.
ترەمپ هەفتەی رابردوو بەشداری پرسەی پاپا فرانسیسی کرد لە ڤاتیكان، کە یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵات بوو لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات.
ڤاتیکان رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند، کۆنفرانسی کاردیناڵەکان بۆ هەڵبژاردنی جێنشینی پاپا فرانسیس لە ٧ـی ئایارەوە دەستپێدەکات و چەند رۆژێك دەخایەنێت.
جاری یەكەم نییە ترەمپ رەخنەی لێدەگیرێت، کاتێک بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦ خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید کرد و بانگەشەی هەڵبژاردنی لەسەر بەڵێننامەی دروستکردنی دیواری سنووری لەگەڵ مەکسیکدا بونیادنا، پاپا فرانسیس یەکێک بوو لەوانەی رەخنەی زۆری لێگرت.
لەو کاتەدا پاپا بە رۆژنامەنووسانی گووت؛ هەر کەسێک تەنها بەدوای دروستکردنی دیواردا بگەڕێت، “مەسیحی نییە”.