زووم..
رۆژنامەی سەباح بڵاویکردەوە، ئەندازیار عەلى موحسین خزەیر بەڕێوەبەری کۆمپانیاى پیشەسازییە جەنگییەکانى عێراق رایگەیاندووە، 34 گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا جۆراوجۆرە جیهانییەکان واژۆکردووە بەمەبەستى پێشخستنى بوارى پیشەسازیی عێراق.
بە گوتەی خزەیر کۆمپانیا پیشەسازییەکانى بولگاریا و روسیا و چیک هاوکارێکى باشن بۆ تەواوکردنى کارەکەیان.
خزەیر دەشڵێت، سەرەڕای بەرهەمهێنانى پێداویستییە سەربازییەکان کۆمپانیاى پیشەسازیی عێراق پلانیداناوە بۆ بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێلى کارەبایی و لەو بوارەدا هەنگاوی باشى ناوە بەڵام هێشتا نەیخستووەتە بازاڕەوە.
لەبارەی کوالیتی و نرخی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانەوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیاى پیشەسازییە جەنگییەکانى عێراق دەڵێت، ئۆتۆمبێلەکان لەئاستێکى زۆرباش و سەردەمیانەدا دەبن نرخەکانیان لە نێوان پێنج ملیۆن و نیو تا حەوت ملیۆن دیناری عێراقیدایە و جەختیشى کردەوە حکومەت پاڵپشتى نرخەکەى دەکات.
پێشتر حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی توانای بەرهەمهێنانی دوو هەزار ئۆتۆمبێلی دەبێت لەماوەی مانگێکدا، بەمەش ساڵانە عێراق دەتوانێت 24 هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمبهێنێت.