رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
دۆخی غەزە مەترسیدارە
دۆخى نالەباری شاری غەزە لەشەواندا بووەتە کێشەیەکى دیکە بۆ هاووڵاتییان و دیاردەى دزیکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵەکان خەریکە دەبێتە دیاردە.
لەنێوان چەکدارەکانى حەماس و ئەو هاووڵاتییانەى چەکیان بۆ بەرگریی لەخۆیان پێیە دزەکان هەلێک دەقۆزنەوەو چییان دەستیبکەوێت دەیبەن.
ئەوە لە کاتێکدا ترسێکى تۆقێنەر لە شارەکەدا بڵاوە کە هەر جووڵە و رۆشناییەک هەبێت ئیسرائیل هێرشی دەکاتە سەر.
هەرچەندە حەماس لیژنەى جەماوەریی لە گەڕەکەکانى غەزەدا دروستکردووە بەڵام دیاردەکە تادێت پەرەدەسەنێت و هێرشدەکرێتە سەر ئەو شوێنانەى کە گومانى خواردنى لێبکرێت.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە، لەکاتى رووبەڕووبوونەوەى پاسەوانەکانى شەو و دزەکاندا تەنها لەیەک شەودا چوار دز کوژراون و 17 ـى دیکەش بریندار بوون.

سەباح
عێراق بە هاوبەشى لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان ئۆتۆمبێلى کارەبایی دروستدەکات
ئەندازیار عەلى موحسین خزەیر، بەڕێوەبەری کۆمپانیاى پیشەسازییە جەنگییەکانى عێراق رایگەیاند، 34 گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا جۆراوجۆرە جیهانییەکان واژۆکردووە بەمەبەستى پێشخستنى بوارى پیشەسازیی عێراق.
بە گوتەی خزەیر کۆمپانیا پیشەسازییەکانى بوڵگاریا و روسیا و چیک هاوکارێکى باشن بۆ تەواوکردنى کارەکەیان، سەرەڕای بەرهەمهێنانى پێداویستییە سەربازییەکان کۆمپانیاى پیشەسازیی عێراق پلانیداناوە بۆ بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێلى کارەبایی و لەو بوارەدا هەنگاوی باشى ناوە بەڵام هێشتا نەیخستووەتە بازاڕەوە.
ئۆتۆمبێلەکان لەئاستێکى زۆرباش و سەردەمیانەدا دەبن نرخەکانیان لە نێوان پێنج ملیۆن و نیو تا حەوت ملیۆن دیناری عێراقیدایە و جەختیشى کردەوە حکومەت پاڵپشتى نرخەکەى دەکات .

دەستور
ئەمڕۆ دەرگاى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دادەخرێت
حەسەن هادى زایر ئەندامی کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژادنەکانى عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ 4ـى ئایار دەرگاى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانەکاندا دادەخرێت و ئەگەر تاکۆتایی دەوامی فەرمی ئەمڕۆ تۆمارنەکرێن مافى بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنى 11ـى تشرینى دووەمدا نابێت.
گوتیشى، تا ئێستا 330 حیزب داواکارییان پێشکەشکردووە بەڵام 67 یان مامەڵە یاساییەکانیان تەواونەکراوە، 67 هاوپەیمانی ناوى خۆیان تۆمارکردووە
قودسى عەرەبی
هێزەکانى ئیسرائیل لە سەر سنوورەکانى سینا جێگەى خۆیان خۆشدەکەن
دامەزراوەى سینا بۆ کاروباری مرۆیی رایگەیاند، لەم ماوانەى دواییدا ئیسرائیل لە سەر سنوورەکانى میسر پێگەى خۆی بەهێزتر دەکات و جێگەى خۆیان توندوتۆڵتر دەکەن و پێگە سەربازییەکانیان زیاتر دەکەن، بەگوێرەى راپۆرتى دامەزراوە ناحکومییەکەى میسر سوپاى ئیسرائیل پشت بە تەکنۆلۆجیاى چاودێریی سنوورەکان دەبەستێت و بە تانک و زریپۆشى قەبارە گەورە پێگە سەربازییەکانى تۆکمە دەکات کە پێشتر بەو شێوەیە نەبووە.
رۆژنامەکە لە سەر زاری بەرپرسانى ئیسرائیلەوە پاساوى بەهێزکردنى هێزەکانی بۆ ئەوەیان گەڕاندووەتەوە کە سوپاى میسر بەم دواییانە گۆڕانکاریی لە پاسەوانى سنوورەکانیدا کردووە و بەو شێوەیە نەیهێشتووەتەوە کە پێشتر رێککەوتنیان لەسەر کردووە.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
نیوەی بێکارانی کرماشان دەرچووی زانکۆن
حەسەن جەلیلیان نەسب، بەرێوەبەری گشتیی کار و کۆمەڵایەتیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، نەبوونی شارەزایی پیشەیی کێشەیەکی گەورەی بازاڕی کارە و 45٪ـی بێکارانی پارێزگاکە دەرچووی زانکۆکانن.
بەگوتەی ئەو زۆربەی بێکاران شارەزایی پێویستیان نییە و چاوەڕێن بەبێ هیچ شارەزاییەک بچنە ناو بازاڕی کارەوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامیی ئەم کێشەیە، رادەستکردنی راهێنانەکانە بە کەرتی تایبەت کە بووەتە هۆی زیادبوونی تێچوو، زۆر کەسی خوازیاری کار بەهۆی نەبوونی توانای دارایی ناتوانن بەشداری لەم خولانەدا بکەن.
جیهانی سەنعەت
قەیرانی ئاو هەڕەشە لە ئێران دەکات
دۆخی سەرچاوەکانی ئاو لە ئێران لە مەترسیدایە و ئامارەکان رەوتێکی دابەزینی بەردەوام نیشان دەدەن.
پێشبینی دەکرێت ئێران لە هاوینی ئەمساڵدا رووبەڕووی رەوشێکی سەختی کەمئاوی ببێتەوە.
یەکێک لە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی کەمئاوی و بەکارهێنانی بێسنووری سەرچاوە ئاوییەکان، دیاردەی رۆچوونی زەوییە.
لە ئەسفەهان، رۆچوونی زەوی گەیشتووەتە 5 بۆ 15 سانتیمەتر و زیانی بە شوێنەوارە مێژووییەکان گەیاندووە. لە تاران رەوشەکە خراپترە و دابەزینەکە گەیشتووەتە 31 سانتیمەتر.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە پشتگوێخستنی قەیرانی ئاو دەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەکی خراپ و تەنانەت لەناوچوونی ئێران.
سایە
بەشداریی ژنان لە بازاڕی کاردا زۆرە بەڵام مووچەیان کەمە
بەشداریی ژنان لە چالاکییە ئابوورییەکاندا بۆ گەشەی ئابووری و بەرهەمهێنان پێویستە.
لە ساڵی رابردوودا زۆرینەی ئەو کەسانەی کە بۆ یەکەمجار بیمە کراون و چوونەتە ناو بازاڕی کارەوە، ژنان بوون بە ژمارەی 363 هەزار ژن لە کۆی 580 هەزار کەس.
ئەمەش گۆڕانکاری لە پشکی ژنان لە بازاڕی کاردا نیشان دەدات.
بەڵام تێکڕای مووچەی پیاوان نزیکەی 15% زیاترە لە مووچەی ژنان.
ئەمە رەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی خاوەنکاران زیاتر مەیلیان بۆ دامەزراندنی ژنان هەیە بەهۆی ئەوەی رەنگە بە مووچەی کەمتر کار بکەن.
ئەفکار
پەرلەمان لێپرسینەوە لە وەزیری رێگاوبان دەکات
کۆکردنەوەی واژۆ بۆ لێپرسینەوە لە فەرزانە سادق، وەزیری رێگاوبان و شارسازی، لە پەرلەمانی ئێران دەستیپێکردووە.
نزیکەی 41 پەرلەمانتار داخوازەکەیان واژۆ کردووە و هەندێک پێیان وایە ئەم هەنگاوە هەوڵێکی سیاسییە دژی وەزیرێکی ژن کە کەمتر لە 10 مانگە دەستبەکار بووە.
لایەنگرانی لێپرسینەوەکە ئاماژە بە رووداوی تەقینەوە لە بەندەر عەباس و گۆڕینی سەرۆکی پێشووی رێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانی دەکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
یاریدەدەرێکی ترەمپ دەڵێ بەریتانیا خزمەتکاری چینی کۆمەنستە
پیتەر ناڤارۆ یاریدەدەری ترەمپ دەڵێ، دەبینیت ئەو وڵاتی چینە بە ئاسانی خوێنی بەریتانیا دەمژێت، چونکە بەگوێرەی گوتەی ناڤارۆ بەریتانیا بووە بە خزمەتکارێکی خۆشدەستی چینی کۆمەنستی. بۆیە پەکین بەئاسانی دەتوانێت خوێنەکەی هەڵلوشێت.
پیتەر ناڤارۆ راوێژکاری ترەمپە بۆ کاروباری دارایی لەمبارەیەوە گوتی، پێویستە حکومەتی بەریتانیا وریابێت ئەو دیارییانە لە پەکینەوە وەرنەگرێت، کە رایەڵیان پێووەبەستراوە، بۆئەوەی شتی دیکەی پێ رابکێشن، چونکە ئەگەر وابکەن، ئەوا خاکی بەریتانیا دەبێت بە زەمینەی ساغکردنەوەی ئەو کاڵا خراپانەی کە ئیتر لەمەودوا پەکین ناتوانێت بیفرۆشێت بە ئەمریکا.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
قەیرانەکان بڕیاردەدەن کێ دەبێتە پاپا؟
ساڵی رابردوو ئەوەمان بینی، کە لە رێگەی قەیرانەکانی ناو کەرتی ئابووری و بازاڕەوە پێشبینیی ئەوەکرا، کە دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا دەردەچێت.
بەڵام ئەمساڵ ئاڵنگارییەکە قورسترە، پرسیاری ئەوە هاتوەتە پێش ئایا بەگوێرەی قەیرانەکانی ئێستا دەکرێت پێشبینیی ئەوەبکرێت، کە داخۆ کێ دەبێت بە پاپای داهاتوو؟
پۆلیمارکێت ناوی سەکۆیەکی ئاڵوگۆڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکانە، ئاستی ئاڵوگۆڕە داراییەکانی دەگات بە 13 ملیۆن دۆلار، ئەزموونی کارکردنی هاوبەشی ئەو خەڵکانەی کاری تێدادەکەن وایکردووە کەسەکان توانای پێشبینیکردنیان باشبێت، بۆیە رەنگە ئێستا ئەوان بتوانن پێشبینیی ئەوەبکەن، کە داخۆ سەرکردەی ئاینیی داهاتووی 1.4 ملیار کەسی ئیمانداری کاسۆلیکی کێ دەبێت. کلاشی ناوی ناوەندێکی سەر ئەو پلاتفۆرمەیە ئەمریکییەکان کاری تێدادەکەن. ئەوان لە ئێستادا کار لەسەر ئەوەدەکەن بتوانن خەمڵاندنی خۆیان لەسەر ئەوە پێشکەس بکەن، داخۆ پاپای داهاتوو کێدەبێت؟
ئۆرشەلیم پۆست
سوپای ئیسرائیل دەیان هەزار سەربازی نوێی وەرگرتووە
سوپا سەربازی زۆر زیاتر بۆ ناو ریزەکانی خۆی وەردەگرێت و پەستانی ئەوکەسانە لەسەر حکومەت زۆربووە، کە داوای ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن.
سوپای ئیسرائیل دەیان هەزار سەربازی یەدەگی بانگ کردووە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە پەیوەندی بکەن بە ریزەکانیانەوە، ئەم سوپایە بەرنامەی هەیە مەودای داگیرکارییەکانی خۆی لە کەرتی غەزەدا فراوانتر بکاتەوە.
ئەو زیادکردنی هێزە بە چەند قۆناغێک دەبێت. بۆیە رەنگە لە پاش چەند رۆژ و هەفتەی دیکەش ئەوە بە تەواوی روون نەبێتەو،کە پلانە نوێیەکەی داگیرکارییەکەی ناو غەزە چۆن دەبێت. ئەم جموجووڵە بە فەرمانی بینیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران دەستیپێکردووە.
گەڵف نیوز
ئەمریکا داوای لە هیندستان و پاکستان کردووە ئاوێک بە ئاگرەکەی نێوانیادا بکەن
پاکستان داوادەکات لێکۆڵینەوە لە کێشەکە بکرێت و داوا لە دەلهیش کراوە بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسلام ئاباددا کاربکات.
شەوی رابردوو هیندستان رایگەیاند، ئەم دوو وڵاتە هەردوولایان لەسەر سنورەوە تەقەیان لە یەکدی کردووە.
بۆیە ئەمریکا داوای لێکردن، گرژییەکانی نێوانیان توندتر نەکەنەوە.
نارێندرا مودی سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەستی سوپای وڵاتەکەیی بە تەواوی کردووەتەوە، ئازادبن لە چۆنیەتی بڕیاردان لە هەر وەڵامێکی خۆیان بۆ دەستدرێژییەکانی پاکستان.
بەڵام مارکۆ روبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئەنجامدانی دوو پەیوەندیی جیاواز قسەی لەگەڵ دیپلۆماتکارێکی گەورەی هیندی و سەرۆکوەزیرانی پاکستاندا کردووە کە گرژییەکانی نێوانیان خاوبکەنەوە و ناکۆکییەکانیان بە گفتوگۆکردن چارەسەر بکەن.