زووم…
کۆمیسیۆنی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسى سوریا رۆژی شەممە هۆشداریدا و رایگەیاند، پەرەسەندنەکانى ئەم دواییە و توندوتیژی و پێکدادان لە نزیک دیمەشق بە قووڵی جێگەی نیگەرانییە.
کۆمسیۆنەکە رایگەیاندووە، بە گوێرەى زانیارییەکان، زانیارییەکان لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییە لە چەند ناوچەیەکی سوریا، بە تایبەتی جەرامانە و ئەشرەفیە سەحنایە، زیاتر لە 100 کەس کوژراون.
لیژنەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەرانسەری خاکی سوریا، مەترسیی زیاتر پارچەپارچەبوون و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی زیاتر بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڵاوبوونەوەی هاندانی توندوتیژى و قسەی رق و کینە، لە سۆشیال میدیا، سووتەمەنی توندوتیژییە و هەڕەشە لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی سوریا دەکات و ئەوەش مەترسییەکان زیاد دەکات.
لیژنەکە داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە، دەستبەجێ شەڕەکان رابگرن و هەموو رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی توندووتیژییەکان و گفتوگۆدا بگیرێنە بەر، جەختیشیکردووەتەوە، دەبێت ئەولەویەت بدرێت بە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانیان.
هەروەها کۆمسیۆنەکە روونیکردووەتەوە، دەبێت حکومەتی کاتی لێکۆڵینەوەی خێرا و بێلایەن و شەفاف و سەربەخۆ لەم پێشێلکارییانە بکات، کە لە ناوچە جیاوازەکان کراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، سوپاى ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، چەند ناوچەیەکى جیاى سوریاى کردە ئامانج و ئەوەشى بە فەرمى پشتڕاستکردەوە.
سوپاى ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بۆردومانی چەند شوێنێکی سەربازی و سەکۆى دژە فڕۆکە و ژێرخانی مووشەکی سوریامان کردووە.
سوپاى ئیسرائیل راشیگەیاند، سوپای ئیسرائیل بەپێی پێویست بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل.
بەگوێرەى راپۆرتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی شەوی هەینی تا شەممە زیاتر لە 20 هەڵمەتی سەربازییان لە سەرانسەری سوریا ئەنجامداوە، کە ئەو هەڵمەتانەى بە “توندوتیژانە” وەسفکردووە.
روانگەکە بڵاویکردەوە، زیاتر لە 20 هەڵمەتی ئیسرائیل بۆ سەر درعا و دەوروبەرى دیمەشق و حەما ئەنجامدراوە، کە کۆگاکانى چەک و ناوەندە سەربازییەکانی کردووەتە ئامانج، ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمانە توندوتیژترین هێرش بوون بۆ سەر سوریا”.
دەستەى پەخشی ئیسرائیلیش رۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو، سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ بەئامانجگرتنی چەند شوێنێکى دیکە لە ناوخۆی سوریا.