زووم..
بابک یەکتاپرست سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەکدا بەهۆی رووداوەکانی کەشوهەوا، 7 کەس گیانیان لەدەستدا و 67 کەسی دیکەش برینداربوون.
یەکتاپەرەست بە ئاژانسی هەواڵی مێهری راگەیاندووە، لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا رەشەبا و هەورەبروسکە بووە هۆی چەندین رووداو، وەک کەوتنی دار، زیانگەیشتن بە تابلۆکانی راگەیاندن و رێگا، داڕمانی پەنجەرەی بیناکان، کەوتنی ستونی کارەبا، زیانگەیشتن بە ئۆتۆمبێل و زیادبوونی پیسبوونی هەوا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، چوار کەس لە قوربانییەکان بەهۆی رەشەباوە و سێ کەسی دیکەش بەهۆی بەرکەوتنی هەورەبروسکەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها محەمەدحوسێن کەبادی جێگری ئۆپەراسیۆنەکانی رێکخراوی فریاکەوتنی مانگی سووری ئێران، هۆشداریدا لە مەترسی لافاو و رەشەبا لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە، ئیلام و ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و رایگەیاند، لە ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر بارودۆخێکی لەناکاو.