زووم..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەیەکی خۆی بە جلوبەرگی پاپاوە بڵاوکردەوە.
ترامپ هیچ روونکردنەوەیەکی لەگەڵ ئەو وێنەیەدا بڵاونەکردووەتەوە، کە بە روونی دیارە وێنەکە بە زیرەکیی دەستکرد دروستکراوە.
وێنەکە کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، هەندێک ستایشی دەکەن و هەندێکیش بەباتەکەیان بە نوکتە و تەنزێکی ترەمپ لێکیانداوەتەوە، هەندێکیش رەخنەیان لێگرتووە، کە ڤاتیکان و سەرۆکەکەی بەو شێوەیە وێنا کردووە.
ترەمپ هەفتەی رابردوو کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانی بۆ پاپای نوێ بە گاڵتەجاڕییەوە بە پەیامنێرێکی گوت، “من زۆرم پێخۆشە پاپا بم، ئەوە هەڵبژاردەی یەکەمی من دەبێت”.
ڤاتیکان رۆژی هەینی شووشەیەکی لە سەرووی سەقفی کەنیسەکەیەوە دانا، وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆنگرەی کاردیناڵەکان، کە لە 7ـی ئایارەوە دەستپێدەکات بۆ هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ، دوای ئەوەی مانگی رابردوو پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان کۆچی دوایی کرد.
لە کۆنگرەکەدا پرۆسەی هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ بۆ کاسۆلیکەکان دەستپێدەکات، کە زیاتر لە رۆژێک دەخایەنێت.
دوای کۆچی دوایی پاپا فرانسیس لە 21ـی نیسان لە تەمەنی 88 ساڵیدا کاردیناڵەکان لە سەرانسەری جیهان بانگهێشتی رۆما کران و ئێستا ئامادەکاری بۆ کۆنگرەکە لە تەواوبووندایە.
135 کاردیناڵ هەڵبژێردراون، ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 80 ساڵەوەیە، بەڵام تەنها 133 کەسیان بەشداری کۆنگرەکە دەکەن، بۆ هەڵبژاردنی یەکێکیان وەک پاپای نوێ.
لە رۆژی یەکەمدا یەکەم پرۆسەی دەنگدان هەیە، دواتر چوار پرۆسەی دەنگدان لە رۆژەکانی دیکەدا بەڕێوەدەچێت، دوو پرۆسەی دەنگدان لە بەیانیان و دوو پرۆسەی دەنگدان لە ئێواران.
پاپا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی کاردیناڵەکان هەڵدەبژێردرێت، واتە لانیکەم 89دەنگ.
ئەگەر هیچ کاندیدێک لە دەنگی یەکەمی بەیانیدا دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا، کاردیناڵەکان لە دەنگدان لە رۆژی دووەم سێیەم بەردەوام دەبن.
ئەگەر دوای سێ رۆژ پاپای نوێ هەڵنەبژێردرێت، دەنگدان بۆ یەک رۆژ رادەگیرێت، کە لەو ماوەیەدا نوێژ دەکرێت، خولی زیاتری دەنگدان ئەنجام دەدرێت تا دەگاتە هەڵبژاردنی کۆتایی.