زووم..
ئێوارەی رۆژی هەینی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی سوریایان کردە ئامانج و ئەو هێرشانەش تا بەیانی ئەمڕۆ شەممە بەردەوامی هەبوو.
بە گوێرەی راپۆرتێکی سکای نیوز، بە درێژایی شەوی رابردوو، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە دیمەشقی پایتەخت بیستراوە، هاوکات سەرچاوەیەک بە سکای نیوزی راگەیاندووە، هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل ناوچەی هەرەستا لە دەوروبەری دیمەشق کردووتە ئامانج و بەهۆیەوە هاووڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سوریا ئێوارەی هەینی بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل دەوروبەری گوندی شەتحەیان لە باکووری رۆژئاوای حەما کردووە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشێکی دیکەی ئاسمانی ئیسرائیل دەوروبەری شارۆچکەی موتابینی لە باکوری دەرعا کردووە ئامانج، بەڵام زیانەکانی نەزانراوە.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرایکردووە، ئێوارەی رۆژی هەینی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت و رۆژئاوای سوریایان کردووەتە ئامانج.
هەروەها میدیاکانی سوریا باسیان لە فڕین و جموجوڵە چڕەکانی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ئیسرائیل کردووە، کە چوونەتە نێو ئاسمانی لوبنان بەرەو ناوەڕاستی سوریا جوڵەیان کردووە.
لەلایکی دیکەوە و لەگەڵ جوڵەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل، فڕۆکەکانی تورکیاش بەسەر سنووری سوریا و تورکیا لە ئیدلب و حەلەب فڕیون.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بنکەیەکی سەربازیی و سەکۆیەکی مووشەکی دژە فڕۆکە و ژێرخانی مووشەکی و چەند ناوچەیەکی دیکەیان لە سوریا بۆردومانکردووە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش رۆژی هەینی رایگەیاندبوو، سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ بەئامانجگرتنی چەند دیکە لە ناوخۆی سوریا، لەوانەش ئامانجە سەربازیی و چەند ناوچەیەکی دیکەی حکومی، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی هێرشەکان ناردنی پەیامێکە بۆ رژێمی نوێی سوریا، کە کردەوەی تۆڵەسەندنەوە لە دژی دانیشتووانی درووزەکان ئەنجام نەدات، کە ئیسرائیل پشتگیرییان دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا ئەنجامدا، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل هۆشدارییاندا بە دەسەڵاتدارانی سوریا پێشڕەوی نەکەن بەرەو ئەو ناوچانەی درووزەکان لێی نیشتەجێن.