سەنتەری میترۆ لە رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەریدا راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە، وێڕای سەرکۆنەی دەستگیرکردنی دەنگە ئازادەکان، داوا دەکات ژیری دەستکرد نەکرێتە سەرچاوەی هەواڵی ساختە و لە بارەیەوە دەڵێت، “ژیریی دەستكرد ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە دەستەبەركردنی خێرای زانیاری تایبەت بۆ ئەو كەسانەی بەكاریدەهێنن، بەڵام نابێت بكرێت بە ئامرازێكی دیكە بۆ بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان و رۆژنامەنووسان”.
دەقی راگەینراوەکەی سەنتەری میترۆ..
لە رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەریدا:
ژیریی دەستكرد مەكەنە ئامرازێكی دیكەی بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، یادی رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەری بەرز رادەگرێت كە ساڵانە دەكەوێتە 3ی ئایارەوە. لەم بۆنەیەشدا هۆشداری دەدات لە مەترسی بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد (AI) وەك ئامرازێكی دیكەی بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان و داوای باشكردنی ژینگەی كاری رۆژنامەنووسان و ئازادكردنی حوكمدراوان دەكات.
ئەمڕۆ 3ی ئایار، رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری یۆنسكو(UNESCO) لە ژێر دروشمی “رووماڵكردن لە جیهانێكی نوێدا، كاریگەریی ژیریی دەستكرد (AI)لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و میدیا”، یادی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری دەكاتەوە.
هەڵبژاردنی كاریگەرییەكانی (AI)پەیوەندی بەو گۆڕانەوە هەیە كە زیرەكی دەستكرد هێنایە ئاراوە، ئەم تەكنەلۆژیایە ئەو ئامرازانە بە رۆژنامەنووسان دەبەخشێت، كە دەبنە هۆی بەهێزكردنی راپۆرتی بنكۆڵكاری، دروستكردنی ناوەڕۆكی میدیایی، وردبینی لە خستنەرووی راستییەكان، لەگەڵ بەردەستخستنی خزمەتگوزاری دەستڕاگەیشتن بە زمانەكان و باشتركردنی شیكاری لە داتاكان، سەرباری ئەمەش تەكنەلۆژیاكە هەڵگری مەترسییە بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری چەواشەكارانە، ساختەكردنی دەنگ و رەنگ، هەروەها هەڵگری هەڕەشەشە بۆ چاودێریكردنی ڕۆژنامەنووسان.
سەرەڕای مەترسییە پیشەییەكانیش ژیریی دەستكرد (AI) مۆدێلێكی نوێی بازرگانی میدیای دەخاتەڕوو، ئەمەش مشتومڕو نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە سەبارەت بە كاریگەرییەكانی لەسەر ژووری هەواڵ و پیشەی رۆژنامەنووسان و مووچە و پاداشتی ماندووبوونیان بەو پێیەی دەتوانێت بەشێك لە كارەكانی ئەوان راپەڕێنێت.
لەمبارەیەوە سەنتەری میترۆ جەختدكاتەوە “ژیریی دەستكرد ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە دەستەبەركردنی خێرای زانیاری تایبەت بۆ ئەو كەسانەی بەكاریدەهێنن، بەڵام نابێت بكرێت بە ئامرازێكی دیكە بۆ بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان و رۆژنامەنووسان”.
سەنتەری میترۆ ئەم رۆژ و بۆنەیەش بە دەرفەت دەزانێت بۆ ئەوەی بڵێت: هەرێمی كوردستان لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی گفتوگۆی دیموكراسییە بۆ دربازبوون لە قەیرانە كەڵەكەبووەكانی، ئەمەش پێویستی بە فرەیی راستەقینەی میدیا و ئازادی كاركردنیان و بڵاوكردنەوەی ئازادانەی زانیاری و بیربۆچوونی جیاواز هەیە، دوور لە گوشار و پێشێلكاری و بە دابینكردنی ژینگەی كاركردنی گونجاو بۆ ڕۆژنامەنووسان.
لەم بۆنەیەدا سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، زەمینە خۆش بكات تا میدیا ڕۆڵی خۆی ببینێت و ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنیان نەهێڵیت، پێشێلكاران و تاوانكارانی بەرامبەر میدیاكاران رووبەڕووی دادگا بكاتەوە و كارێك بكات دەربازیان نەبێت لە سزا. با ڕۆژی ئازادی رۆژنامەگەری بكەرێتە دەرفەتێك بۆ بە پێداچوونەوە بە حوكمە دادوەرییەكان دژ بە رۆژنامەنووسان، “شێروان شێروانی” و “قارەمان شوكری” و هەڵگرتنی تۆمەتەكان لەسەر “ئومێد پەروشكی” و ئازادكردنیان.
هەروەها میترۆ جەخت لە رۆڵی گرنگی میدیا دەكاتەوە لە بڵاوكردنەوە زانیاری و گەیاندنی بە شێوەیەكی پیشەییانە، بە ئامانجی هۆشیاری زیاتر بۆ تاكەكان، ڕووبەرووبونەوەی هەواڵی چەواشەكارانە و رتكردنەوەی گوتاری رقوكینە و كۆتایهێنان ئاشكراكردنی نهێنی كەسی و پاراستنی تایبەتمەندی و جیاكردنەوەی رەهەندی گشتی و رەهەندی كەسی تایبەت، لە بڵاوكردنەوەدا.
سەربەرزی بۆ شەهیدانی رۆژنامەنوسی كوردستان و ئازادی بۆ حوكمدراوان و راگیراوان