رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
حوسییەکان فێربوونى زمانى ئینگلیزییان قەدەغەکرد
بەڕێوەبەرایەتى ئەو پەروەردانەى کە لەژێر دەسەڵاتى حوسییەکانى یەمەندان نووسراوێکیان گشتاندووە، بۆ سەرجەم قوتابخانەکان کە پێویستە منداڵەکانیان بنێرنە چادرگە هاوینەییەکان، بۆ ئەوەى مەشقى سەربازیی فێربکرێن و لە نوسراوەکەدا هاتووە بۆ ساڵی نوێی خوێندن فێربوونى زمانى ئینگلیزیی لە بازنەى یەکەمی خوێندن دا لابراوە.
پرۆگرامەکەیان راگرتووە کە دەکاتە پۆلەکانى یەکەم و دووەم و سێیەمى بنەڕەتى، لەبری ئەو تەفسیری قورئانى پیرۆزیان خستووەتە جێگەى لەگەڵ زیادکردنى بەشەوانەى زمانى عەرەبیی، ناوەندی (ئەلیف بۆ پارێزگاریی لە خوێندن) کە رێکخراوێکى ناحکومیی چالاکە لە یەمەن ئەو کارەیان بە پێچەوانەى پرۆسەى پەروەردە و لێدان لە داهاتووى ئەم نەوەیە وەسفکردووە و رایانگەیاندووە، فێربوونى زمان یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانى پێشکەوتنى هەر تاکێک و دەتوانێت داهاتووی ئەو کەسە رۆشنبکاتەوە.
لابردنى فێربوونى ئینگلیزیی نەک هەر پێچەوانەى پەروەردەیە بەڵکو تاوانێکى گەوەرەیە لەبەرامبەر داهاتووى یەمەن دەگیرێتەبەر، جگە لەوەش کەلێن و بۆشایی لەنێوان ناوەندە پەروەردەییەکانى جیهاندا دێنێتە ئاراوە و داوایانکردووە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە.

عەرەب
هاتن و نەهاتنى ئەحمەد شەرع بۆ بەغداد بووەتە سەرەتایەک بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن
بریارە 17ـى مانگی ئایار لوتکەى بەغداد بەڕێوەبچێت و ماوەیەکیشە وەزیری دەرەوەى عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنیەتى و بەگوێرەى سەرچاوە عێراقییەکان نزیکەى 200 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە، یەکێک لەو سەرکردانەى بریارە بەشداریی تێدابکات ئەحمەد شەرعى سەرۆکی سوریایە کە بووەتە رۆژەڤی عێراقییەکان.
حزبی دەعوە بەسەرۆکایەتى نوری مالیکی و یەکێک لەوانەى چاوی لەسەر هەڵبژادنەکەى مانگی تشرینە جەخت دەکەنەوە بە رێگریی کردن لە بەشداریکردنى و لەئەگەرى هاتنیدا دنەى لایەنە ئەمنیی و یاساییەکانیان داوە دەستگیریی بکەن.
لەبەر ئەوەى پێشتر فەرمانى دەستگیرکردنى هەیە، لەبەرامبەردا محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیران کە لەم دواییانەدا رایگەیاند، دەچێتە هەڵبژاردنەکەى تشرینى دووەم، جەختدەکەنەوە لە هاتنى ئەحمەد شەرع وپێی وایە هاتنی ئەو رۆڵێکى گرنگ لە کۆبوونەوەکەدا دەگێڕێت.

عەرەبی جەدید
هەشت هەزار عێراقیی لەچاوەڕوانى پەتى سێدارەدان
پێگەى فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاویکردوەتەوە، هەشت هەزار عێراقی لەنێو زیندانەکانى عێراقدا لەچاوەڕوانی پەتى سێدارەداندان.
ساڵی 2016 تا ناوەڕاستى ساڵی 2024 چوارسەد کەسیش بریاری لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە، بەگوێرەى راپۆرتەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق پرۆسەى لەسێدارەدان بەردەوامە و بەشێکیشیان بەنادادپەروەرانە لەسێدارەدەدرێن.
رەعد دەهلەکی، ئەندامی پەرلەمانى عێراق رایگەیاندووە، بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى ئەوان ژمارەیەک لەو کەسانەى بریاری لەسێدارەدانیان هەیە لەژێرفشار و ئەشکەنجەدا تاوانیان خستووەتە ئەستۆی خۆیان و بەشێکى دیکەشیان لەسەر بنەماى هەواڵدەری نهێنى تاوانەکانیان بەسەردا ساغکراوەتەوە.
گوتیشى سەرۆککۆمار لەژێر فشار و داخوازیی سیاسی و تائیفیدا واژۆی لەسێدارەدانى بەشێک لەو سزادراونە دەکات.

قودسى عەرەبی
ئێران دەڵێ ناچینە ژێر بارى فشارەکانى ترەمپ
بڕیاربوو ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانى نێوان ئێران و ئەمریکا لە عومانى دەستپێبکات.
وەزیری دەرەوەى ئەو عومان رایگەیاند، بەهۆی کێشەى هونەریی و لۆجستییەوە کۆبوونەوەکە دواخراوە بۆکاتێکی دیکە.
سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، کۆبوونەوەکان بەردەوم دەبن پێدەچێت کۆتایی ئەم هەفتەیە یان لەوانەیە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیھان
ئەمریکا لە سێ مانگدا 182 سزای نوێی خستووەتە سەر ئێران
لە ماوەی تەنها 100 رۆژی رابردوودا، لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی نوێی سەرۆکایەتی ترەمپەوە، ژمارەی گەمارۆ راگەیەندراوەکانی ئەمریکا دژی کەسایەتی و دامەزراوە ئێرانییەکان گەیشتووەتە 182 گەمارۆ.
دوایین حاڵەت رۆژی چوارشەممە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە راگەیەندرا، کە ناوی حەوت دامەزراوە کە لە بازرگانیی بەرهەمە نەوتی و پترۆکیمیاییەکانی ئێراندا بەشدار بوون، خرایە لیستی درێژی گەمارۆکانەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، کە پابەندە بە رێڕەوی دیپلۆماسی بەڵام هەڕەشە و فشار قبوڵ ناکات و ئەم رێگایانە بە شکستخواردوو دەزانێت.

مەردوم سالاری
عێراق چالاکیی گرووپە دژبەرەکانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان قەدەغە کرد
حکومەتی عێراق، لە چوارچێوەی پابەندبوونی بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، فەرمانی قەدەغەکردنی تەواوەتی چالاکیی گرووپە دژبەرەکانی ئێرانی بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان دەرکرد.
بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییە بڵاوکراوەکان، حکومەتی عێراق بە فەرمانێک لەلایەن راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بە پشتڕاستکردنەوەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، هەموو چالاکییەکانی حزب و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانی نیشتەجێی خاکی عێراقی قەدەغە کردووە.
ئەم بڕیارە داخستنی نووسینگەکان و رێگری لە هەر چالاکییەکی سەربازی، راگەیاندنی یان سیاسی ئەو گرووپانە لەخۆدەگرێت.
هەروەها بڕیارە دامەزراوە ئەمنییەکان، بەڕێوەبەرایەتی دەروازە سنوورییەکان و حکومەتی هەرێم، رێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارەکە بگرنەبەر و چاودێری ناوچە سنوورییەکان، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان، توندتر دەکرێتەوە.
ئاسیا
پارێزگاری سنە دەڵێ کێشەی ئاوی بانە پێویستی بە بەدواداچوون هەیە
ئارەش لەهۆنی، پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەی بە توندیی قەیرانی ئاو لە ناوچەکانی قوروە و بە تایبەتی بانە کرد، داوای کرد ئەم بابەتە لە ئەنجومەنی بەرگریی شارستانیی ئێراندا باس بکرێت و بە وەزارەتی وزە رابگەیەنرێت بۆ گرتنەبەری رێکاری بەپەلە.
ئەمساڵ رێژەی بارانبارین 51% کەمیکردووە و قەبارەی ئاوی بەنداوەکان بەراورد بە ساڵی پار دابەزیوە.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم قەیرانە، نیو ملیۆن دۆلار بۆ بەهێزکردنی بەرگەگرتنی ئاوی بانە تەرخانکراوە تا وەرزی گەرما بە کەمترین کێشە تێپەڕێنرێت.

ئەبرار
کەسێک بەهۆی تەقینەوەی مین لە پیرانشار بریندار بوو
گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ بەهۆی تەقینەوەی مین لە پیرانشار سەربە پارێزگای ورمێ بریندار بوو که بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بە هێلیکۆپتەر گواسترایەوە بۆ ورمێ.
ئیبراهیم عەزیز نژاد، بەرپرسی فریاکەوتنی پزیشکی پیرانشار رایگەیاند، ئەو کەسە بەهۆی تەقینەوەکەوە پەنجەکانی قاچی لەدەستداوە.
رووداوەکە بووەتە هۆی زیان گەیشتن بە پاژنەی قاچی و بڕانەوەی پەنجەکانی.
سنوورەکانی ئێران و عێراق یەکێک لە مین رێژکراوترین سنوورەکانی جیهانە کە 37 ساڵ دوای کۆتایی هاتنی شەڕ هێشتا پاک نەکراوەتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
شەش دەنگ کایەی سیاسیی بەریتانیای گۆڕی
سەرکردەی ریفۆرمخوازەکان ستایشی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان دەکات، کە کاندیدیێکی ئەوان توانیویەتی سەرکەوتنی تێدا بەدەستبهێنێت و دەڵێ، ئەوەی روویدا بریتییە لە کۆتاییهێنانێک بە فۆڕمی دوو حزبیی بەریتانیا.
ئەم رۆژنامەیە نوسیویەتی کە پارتی ریفۆرمخوازی شانشینی یەکگرتوو، هەردوو پارتەکەی دیکەی لوول دا، پارتی کرێکارانی لەگەڵ شێوی ئێوارەدا خوارد و پارێزگارانیشی لە چەند ناوچەیەکی ناوخۆی ئینگلتەرەدا راماڵی.
سەرۆکی ئەو پارتە براوەیە دەڵێ، ئەمە لەرزاندنی کایەی سیاسەتکردنی بەریتانیایە.

تایمز
شازادە هاری دەڵێت باوکم قسەم لەگەڵذا ناکات
شازادە هاری دەڵێ، دەیەوێت پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ خێزانەکەیدا چاک بکاتەوە، بەڵام تائێستا شا چارڵسی باوکی ئامادەنییە قسەی لەگەڵدا بکات.
لە ئاماژەیەکدا، بۆ نەخۆشییەکەی باوکی، شازادە هاری گوتی، دڵنیانیم و نازانم باوکم چەندی دیکە تەمەنی لەپێشەوە ماوە بژی.
شازادە هاری هەوڵیدا لەلای پۆلیسی وڵاتەکەی خۆی جارێکی دیکە دابینە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی وەربگرێتەوە و سەرکەوتوو نەبوو.
لەمبارەوە هەندێک قسەی بۆ کەناڵی بی بی سی کرد و گوتی، بە کاریگەری دامەزراوە ئەمنییەکەی دەوری باوکم، دەبینم هەتا ئێستا ئامادەنییە قسەم لەگەڵدابکاتەوە، بەڵام من وەک خۆم پێم باشە ئەندامانی خێزانەکەمان یەکبگرینەوە.

ئێف تی ویکئەند
جۆرێک قارچکی کوشندە بانگەوازی کۆتایی پێهێنانی جیهانی پێیە
زانایان هۆشداری دەدەن لەوەی کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی پەرە بە بڵاوبوونەوەی جۆرێکی کوشندە لە قارچک دەدات، کە دەکرێت ئەم جۆرە ساڵانە کاریگەریی خراپ بخاتە سەر تەندروستیی ملیۆنان مرۆڤ.
دەنگدانەوەی بڵاوبونەوەی ئەم جۆرە لە قارچک پاش ئەوە هات، کە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی لەسەر رێکخرا، بەرنامەکە ناونیشانەکەی بریتی بوو لە “دووایین کەس لە ئێمە” تێیدا گوترا، کە ئەو جۆرەی قارچک، کە بە “ئەسپەرگیلیوس” ناسراووە، کەوتوەتە بەر ئەگەری ئەوەی بە خراپی بە ناوچەکانی باکوری ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریکادا بڵاودەبێتەوە.
مەترسیی بڵاوبونەوەکەشی لەوەدایە، کە هەڵاڵەکەی کوشندەیە، ئەگەر بگات بە گەدەی مرۆڤ کوشندەیە و هیچ چارەسەرێکیش نییە بتوانێت رێگری لە کاریگەرییە خراپەکانی بکات.
یو ئێس ئەی تودەی
بەتەمەنترین ئەسپی جیهان تەمەنی 31 ساڵە
سیحری زیوین ناوی ئەسپێکی بەتەمەنی ئەمریکییە، رۆژگارێک پاڵەوانی پلەیەک و پێشەنگی براوەی پێشبڕکێکانی داربیی کەنتاکی بووە.
لە ئێستادا بەتەمەنترین ئەسپە لە ژیاندا مابێت، تەمەنی گەشتووە بە 31 ساڵ لەناو کێڵگەیەکی هاوڕێ دێرینەکانی خۆیدا لەناوچەی جۆرجتاون لە ویلایەتی کەنتاکی دانراوە خزمەت دەکرێت. سیحری زیوین لەلای ئەوکەسانەی کە ئاشنایەتییان بە مێژووەکەی هەیە زۆر گرنگە، بۆیە ساڵانە هەزاران کەس سەردانی دەکەن و دەیانەوێت بیبینن.
ئەسپێکی ئاسایی هەر ماوەی 25 بۆ 30 ساڵ دەژی، بەڵام ئەم ئەسپە تایبەتە 31 ساڵی تەواوکردووە و هێشتا تەندروستیی باشە.