ئەمرۆ هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2022، بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی هاوپەیمانی نیشتیمانی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان دەربارەی داهاتووی حیزبەکەیان ئەنجامدا و ئارام قادریان لە سەرۆکایەتی حیزب، دورخستەوە.
بەیاننامەیەکی خوێندەوە و رایگەیاند، ماوەی ساڵێک تاکرەوانە و بێ گوێدان بە پرانسیپە حیزبیەکان و پەیرەوی ناوخۆ، سەرۆکی هاوپەیمانی سەرجەم کار و چالاکی و کۆبوونەوەکانی راگرتووە.
کامیل جەلال گوتیشی، ئارام قادری سەرۆکی هاوپەیمانی، نا شەفاف بووە لە سیاسەت و ئیدارەدانیدا، بەو هۆیەشەوە هاوپەیمانیی نیشتمانی لە حزبێکی چالاکەوە بووەتە حزبێکی سست و بێ بارەگا.
کامیل جەلال رایگەیاند، پشتبەست بە بڕگە یەک لە مادەی دوانزە و بڕگەی پێنج لە مادەی شانزە لە پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی نیشتیمانی، بڕیارمان دا بە لادانی ئەیوب نیعمەت ناسراو بە ئارام قادر، لە سەرۆکی هاوپەیمانی.
کامیل جەلال رایگەیاند، لە کۆی حەوت دەڤەر، ئەندامانی سەرکردایەتی لە شەش دەڤەر دەنگیان بە دورخستنەوەی ئارام قادر داوە و تەنانەت مافی ئەندامبونیشیان لێسەندووەتەوە.
کامیل جەلال ئاماژەی بەوەشدا، بەم زووانە هاوپەیمانی نیشتیمانی کۆنگرەی خۆی دەبستێت.
ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان، لە رێگای زووم نیوز، وەڵامی بەیاننامەکەی دایەوە و گوتی ئەوان بەشێک نین لە سەرکردایەتی و تەنها دوو سێ هاودید بوون و نایان ناسم.
ئارام گوتیشی، ئەندامێکی ئەنجومەنی سیاسی بەیاننامەکەی بۆ ناردم و زۆر بەلامەوە سەیر بوو، بەیاننامەکە چەواشەکارییە و هیچ بنەمایەکی نیە.
ئارام قادر دەڵێت، دوو ساڵە ئابڵوقەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیمان لەسەرە و ئەم کارەش هەوڵێکە بۆ هەرەس هێنان بە هاوپەیمانێتی نیشتیمانی.
هێشتا من سەرۆکی هاوپەیمانیم
ئارام گوتیشی، هێشتا من سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانیم.
هەر ئەمرۆ، بەیاننامەیەک بە ناوی گوتەبێژی هاوپەیمانی نیشتیمانی بڵاوکرایەوە، بەیاننامەکە دەڵێت “هاوپەیمانی هیچ ئۆرگانێکی نیە بەناوی سەرکردایەتییەوە تا کۆبوونەوە بکات و مافی بڕیاردانی هەبێت”
گوتەبێژی هاوپەیمانی نیشتیمانی دەڵێت، ئەو بەڕێزانە زۆر بەیان نەناسراون و هیچ پێگەو پۆستێکیان نیە لە ناو هاوپەیمانیدا، ئەو جوڵەیە پێچەوانەی رەوت رێسای هاوپەیمانیی نیشتمانیە ،هاوپەیمانی لەئێستادا سەرقاڵی دانانی ليژنەیە بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی هەمواری پەیرەوی ناوخۆ و ئامادەسازی دەکات بۆ بەستنی کۆنگرە.
گوتەبێژی هاوپەیمانی:
هاوپەیمانی هیچ ئۆرگانێکی یە بە ناوی سەرکردایەتییەوە
هاوپەیمانیی نیشتمانی چوار ساڵ تەمەنی تێپەڕنەکردووە، ساڵی 2018 د. بەرهەم ساڵح دایمەزراند و بەشداریی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی کرد، بەڵام ئەوکاتەی بووە سەرۆککۆماری عێراق، حزبەکە جێهێشت.