بەکر عوسمان
پانزە ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت عوسمان، دەنگێکی بوێری گەنج و زیندوو تێدەپەڕێت. لە 4ـی ئایاری 2010، سەردەشت لەبەردەم کۆلێژەکەی لە بەرچاوی پۆلیس و دەزگای ئەمنی لە نێو شاری هەولێردا رفێنرا. دوای ئەشکەنجەی دڕندانە بە فیشەکێک لەنێو دەمی تیرۆرکرا. شێوەی تیرۆرکردنی پەیامێکی ساردکەرەوە بوو بۆ تۆقاندنی هەر کەسێک کە بوێری هەبێت دۆخی ئێستا بخاتە ژێر پرسیارەوە، پەیامێک بوو بۆ بێدەنگکردنی کۆمەڵگای کوردستان بەرامبەر ئەو ئۆقیانوسە ستەمەی بەرۆکی گرتوون.
سەردەشت تەنیا رۆژنامەنووس نەبوو
سەردەشت تەنیا رۆژنامەنووس نەبوو؛ مێژوونووسێکی واقیعی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بوو. هەڕەشە نەیتوانی بێدەنگی بکات، تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیش. ئەو پەردەی لەسەر گەندەڵی و پاوانخوازی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی لادەدا. بە ژیرییەکی تیژ و بوێری و راستگۆییەکی جەسورانەوە دەینووسی. لەدژی چەواشەکاری و دووڕویی حزبەکان و بنەماڵەکانی کوردایەتی و یاریکردن بە ژیان و چارەنوسی هاوڵاتیانی کوردستانی دەجەنگی. سەردەشت بووە دەنگی هەموو ئەوانەی دەنگیان پشتگوێ خراوبوو. بوێری ئەوەی هەبوو بە راستی و راشکاوانە قسە بکات. لە رێگەی نووسین و گوتار و رەخنەکانییەوە، چاونەترسانە نادادپەروەری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی لە لایەن بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە ئاشکرا کرد. کارەکانی بەڵگەی خۆشەویستی قووڵی ئەو بوون بۆ خەڵکی کوردستان و باوەڕی بەوەی کوردستان بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بیبینێت.
تیرۆری سەردەشت، تیرۆری دەنگی ناخی هەر هاوڵاتیەکی کوردستان بوو کە داوای ماف و دادپەروەری دەکرد. هێرشک بوو بۆسەر ئازادی رادەربرین و سەرکوتی راستەوخۆی دەنگی ئازاد و ناڕەزایەتی جەماوەریی خەڵکی کوردستان.
ئەمڕۆ سەردەشت پێمان دەڵێت!
گەنجانی کوردستان، لە قسەکردن و داوای دادپەروەری مەترسن! مەترسی گەورە لەوەدایە قەبوڵی ستەم و ناعەدالەتی و گەندەڵی بکەیت. ڕێگای ئایندەیەکی گەشاوەتر بەو ئازایەتییە خۆش دەکرێت کە لە پێناوی تێدەکۆشن. ئەمڕۆ شەڕ لە پێناو دادپەروەری و مافەکانی خەڵک، پەیامی سەردەشت و سۆران و کاوە و ئەوانیترە بۆ خەڵکی کوردستان.
لە قسەکردن و داوای دادپەروەری مەترسن
شەڕی حەقیقەت، شەڕی دادپەروەری، ئەو شەڕەی سەردەشت عوسمان گیانی خۆی لە پێناودا بەخشی، ئێستا بەردەوامە. دڵنیابن کە حەقیقەت ناکوژرێت، هیچ فیشەکێک ناتوانێت راستی بکوژێت، ناتوانێ دەنگی حەقیقەت بتاسێنێ. دەسەڵاتێک کە رۆژنامەنوس و ئازادی دەکوژێ و خەڵک سەرکوت دەکات، پەڵەیەکی پیسە بە مێژووی کۆمەڵگای کوردستانەوە و پێویستە پاک بکرێتەوە. سەرانی ئەو دەسەڵاتە ئینسان کوژە ناتوانن تا سەر لە سێبەری تاوانی بێسزادا خۆیان بشارنەوە. ئەو دەسەڵاتەی لە سەر سەرکوت و درۆ و ساختەو گەندەڵی و بەندیخانە تاریکەکان و تیرۆر و تاوان بنیاتنراوە، چارەنوسی زۆر تاریکترە لەو دنیایەی کە بۆ خەڵکی بەرپاکردوە. درەنگ یان زوو رۆژی دادگایی و سزادانی ئەوانە دێت کە دەستی خوێناویان سورە بە کوشتنی گەنج و خوێندکار و ڕۆژنامەوان و هاوڵاتیانی کوردستان لە دادگای شۆڕشگێرانەی ئەم خەڵکەدا.
درەنگ یان زوو رۆژی دادگاییان دێت
سەردەشت جەسورانە لەدژی ستەمکاران جەنگی، بەڵام چەکی ئەو تەنها وشە و پێنوسە تیژەکەی بوو، بە وشە و پێنوس نایەکسانی و نا عەدالەتی نێوان نوخبەی دەسەڵاتدار و جەماوەری خەڵکی کوردستانی ئاشکرا دەکرد. ئەوان بە شکەنجە و فیشەک وەڵامی وشە و پێنوسەکەی ئەویان دایەوە، بەڵام شکەنجە و فیشەک کوا توانای بەزاندنی وشە و شکاندنی پێنوسیان هەیە؟! وشەکانی ئەو باسی هەموو هاوڵاتییەکی ستەملێکراو و هەموو داهاتوویەکی دزراو و هەموو دەنگێکی بێدەنگ بوو. مەترسییەکانی دەزانی، هەڕەشەی لێدەکرا، بەڵام چۆکی دانەدا و بێدەنگ نەبوو.
لە یەکێک لە نووسینە کۆتاییەکانیدا، سێبەری چارەنووسی خۆی خستووەتە روو: “دوعا دەکەم مردنێکی تراژیدم پێببەخشن، کە هاوشێوەی ژیانە پڕ تراژیدیاکەم بێت ..!” ئەو قسانەی کە هەتا بڵێی جەسورانە بوون، ئێستا هەم رێچکەی ئازادی نیشانی خەڵکی کوردستان دەدەن، هەم وەک شایەتحاڵ واقیعێک ڕون دەکەنەوە کە دەسەڵات ژیان و مردنی هاوڵاتیانی کردۆتە مۆتەکە و راستییەکان بە یاسای قەرەقوشی و دادگای بێدادی خۆی لە سێدارە دەدات. وشەکانی سەردەشتیش وەکو مۆتەکە لەسەر دڵی ستەمکاران تا ڕۆژی دادگاییان خەویان لێ حەرام دەکات. سەردەشت بە پەیامە ڕاشکاوانەکەی نیشانیداوە کە لەوان ناترسێ، بەڵام ئەوان بەدەستبردنیان بۆ چەک نیشانیاندا لە وشەکانی ئەو تۆقیون.
میراتێک کە ناتوانرێت بێدەنگ بکرێت!
سەردەشت بە عەشقەوە ژیا، بەعەشەوە لە پێناوی دادپەروەی تێکۆشا، عاشقانە دەینووسی. وەک قارەمانێک ژیان و میراتەکەی بەردەوام ئیلهامبەخشە بۆ خەباتکردن بۆ جیهانێک کە هەموو لە سێبەری ژیانێکی ئازاد و یەکسان بە شادی بژین. میراتی سەردەشت لە قسە نووسراوەکانی زیاتر درێژ دەبێتەوە. ئەو نوێنەرایەتی ئەو بوێرییە دەکات کە دژی نادادپەروەری قسە بکات. جارێک نووسیبووی: “من لە مردن ناترسم، ئەوەی لێی دەترسم بێدەنگییە لە بەرامبەر نادادپەروەری و ستەمدا.”
تیرۆری سەردەشت ئاگرێکی هەڵگیرساند. دوای پانزە ساڵ ناوەکەی وەک هێمای بەرەنگاری دەمێنێتەوە، قسەکانی بیرخستنەوەیەکن کە راستی ناسڕدرێتەوە. ئازایەتییەکەی بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین بە نەوەی نوێی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ئازادیخوازان کە رەتیدەکەنەوە بە فیشەک بترسێنرێن.
رۆژی دادگایی کردنی سەرانی دەسەڵات روونە
رێزلێنان لە سەردەشت عوسمان درێژەدانە بە شەڕەکەی. واتە شەڕ لە پێناو دادپەروەری و راستیی و لێپرسینەوە و دادگایی کردنی ئەم دەسەڵاتە سەرکوتگەرە. وەک رۆژی رووناک ئاشکرا و روونە، تیرۆری دەنگی ئازاد، راستەوخۆ پلان و بەرنامەڕێژی و کردەوەی سەرانی دەسەڵاتی کوردیە.
پانزە ساڵ درۆ و پەردەپۆش و پەنادانی تاوانباران!
ئەمڕۆ لە یادی 15 ساڵەی تیرۆری سەردەشتدا، وشەکانی هێمای خەباتی بەردەواممانە بۆ ئازادیی و نا گوتن بە دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکاران. یادی سەردەشت بۆ هەمیشە دەبێتە چرای هیوا و خۆڕاگری بۆ خەڵکی کورستان. سەردەشت ئەمڕۆ وەک هێمای بەرخۆدان لەگەڵماندایە. یادی ئەو وەک چرایەک کاردەکات، ڕێنماییمان دەکات لەسەر ئەم ڕێگا سەختەی بەرەنگاری تیرۆر و سەرکوت. دۆسیەکەی وەک شەری تەواو نەبو بۆ حەقیقەت و دادپەروەری و هێمای خەباتی بەردەوام بۆ هەڵپیچانی دەسەڵاتی گەندەڵکاران و سزای سەکوتگەرانی کوردستان درێژەی دەبێت. دۆسیەی سەردەشت عوسمان وەک برینێک دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی تاونباران لە دادگای عادیلانە و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستاندا، سزای تاوانەکانیان وەردەگرن.
پانزە ساڵە ئەوەی پێی دەڵێن دەسەڵاتی کوردی، هەموو هەوڵێکی داوە بۆ چەواشەکاری و شاردنەوەی ڕاستیەکان، پانزە ساڵە درۆ و پەنادان و دەستخۆشی لە تاوانباران بووە بە ئەرکی دەسەڵاتێک کە ڕیاکارانە بە ناوی شەرعیەت و خەڵک و هەڵبژاردنەوە قسە دەکات و تاڵان دەکات و نەهامەتی بەسەر خەڵکدا دەبارێنێ، پانزە ساڵە هەموو ڕۆژێک چرکە چرکە ئازار و ژان دەخەنە سەر دڵی بریندارمان.
بەڵام یادی سەردەشت بانگەوازێکە بۆ کردەوە، هانمان دەدات بەردەوام بین لەو خەباتە بۆ مافەکان و دادپەروەریەک کە ئەو ئازایانە لە پێناوی تێکۆشا. قوربانیدانی ئەو بێهودە نەبووە، خەونی ئەو بۆ کوردستانێکی دادپەروەر و ئازاد ڕۆژێک دەبێتە ڕاستی.
ئێستا بە دوای پانزە ساڵ لە تیرۆری سەردەشت هەموو ڕۆژێک و هەموو کاتێک، پێ لەسەر مافەکانی خۆمان وەک خانەوادەی سەردەشت دادەگرینەوە. هەموو رۆژێک خواستەکانمان بۆ داداگاییکردنی بکوژانی سەردەشت و ئەوانەی لەپشتی بڕیاری تیرۆرەکەی وەستاون بە دەنگی بەرز ڕادەگەینین. بە دەنگی بەرز هاوار دەکەین کوا بکوژانی سەردەشت عوسمان! ڕێگە نادەین بکوژەکانی سەردەشت و دەنگی ئازد لە سزای تاوانەکانیان ڕزگاریان بێت.
خەیاڵیان خاوە ئەگەر وابزانن بە دانی فیشەگ لە دەمی ئەوانەی ڕاستی دەڵێن، مرۆڤایەتی دەمرێت و تێکدەشکێت و وون دەبێت و مانای نامێنێ. کارێکی وەها قێزەوێن و ترسنۆکانە ئینسانیەت و ڕاستی و جەسارەت جۆش دەدات و پێمان دەڵێت: ئەوەی بەرگری لە مرۆڤ بوونی خۆی دەکات، پێویستە ئەو تاوانە گەورەیە و بکوژانی ریسوا و شەرمەزار بکات.
بەرز و بەرێز بێت یادی سەردەشت و هاوڕێیانی
بەرز و بەڕێز بێت یادی هەموو ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ژیان و عەدالەت و ئازادیدا گیانیان بەخشی
بەکر عوسمان
2025-05-01