زووم..
ئەمڕۆ نرخى یەک ئۆنس زێڕ بۆ سێ هەزار و 221 دۆلار دابەزى، لەکاتێکدا بەرزترین نرخى دوێنێ سێ هەزار و 328 دۆلار بوو، واتە لەدوێنێوە نرخى یەک ئۆنس زێڕ 107 دۆلار دابەزیوە.
بەهەمانشێوەى نەوت، رێککەوتنى کانزاکان لەنێوان ئەمریکا و ئۆکراین کاریگەریى لەسەر نرخى زێڕ دروستکردووە، لەبەرئەوەى مەترسى جەنگى نێوان روسیا و ئۆکراین نامێنێت و بە کۆتاییهاتنى هەر جەنگێک نرخى زێڕ دادەبەزێت.
هەروەها شەوى رابردوو بۆ یەکەمجار میدیاکانى چین باسیان لە رێککەوتنى نێوان چین و ئەمریکا کرد لەبارەى باجە گومرگییەکان و رایانگەیاند، ئەمریکا دەستپێشخەرى کردووە و دەیەوێت دانوستان بکات، پێدەچێت بەمزووانە گفتوگۆیەک لەنێوان سەرۆکى هەردوو وڵات ئەنجام بدرێت.
ماڵپەرى ئینڤێستینگیش لە چەند سەرچاوەیەک لە کۆشکى سپى زانیارى دەستکەوتووە، یەکێتى ئەوروپا پێى راگەیاندوون، هەفتەى داهاتوو پێشنیازێک پێشکەشى ترەمپ دەکەن لەبارەى باجە گومرگییەکان، هەموو ئەم هۆکارانە کە پێشتر ببوونە هۆى بەرزکردنەوەى نرخى زێڕ، ئێستا کە پێچەوانە بوونەتەوە، نرخى زێڕیش پێچەوانە بووەتەوە و رووى لە دابەزین کردووە.