زووم..
سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە زوومی راگەیاند، ئاسایشی سلێمانی ئاگاداریکردوونەتەوە دەبێت ئەمڕۆ تەواوی خێزان و لایەنگرانی هەر سێ لایەنەکەی کۆمەڵە لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانە گەورە، بارگە و بنەیان بپێچنەوە و بچنە کەمپی سورداش، بەڵام کۆمەڵەکان بە ئاسایشیان گوتووە ئەمڕۆ بەهۆی جەژنی کرێکارانەوە پشووە و ناتوانن بچن.
بەگوتەی سەرچاوەکە، ئاسایش پێیگوتوون ئەوە رێککەوتنی عێراق و ئێران و هەرێمی کوردستانە و بڕیارەکە لە بەغداوە دراوە و ئەوان دەسەڵاتیان نییە، بۆیە رێککەوتوون ئەمڕۆ هیچ کەسێک لە کۆمەڵەکان رەوانەی کەمپی سورداش نەکرێت، بەڵام لەچەند رۆژی داهاتوودا کاروانێکی دیکەیان رەوانەی کەمپەکە دەکەن.
سەرچاوەکە دەشڵێت، پێشتر بابەتی حزبەکانی رۆژهەڵات لەلای پەیوەندییەکانی یەکێتی بوو، بەڵام دواتر دۆسیەکەیان چووەتە لای ئاسایشی سلێمانی و ئێستا بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوازراوەتەوە، بۆ ئەو فشارەی ئێستاش بۆ چۆڵکردنیان لێیان دەکرێت، پەیامیان بۆ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ناردووە، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە.
سەرچاوەکەی زووم گوتیشی، ساڵی رابردوو ژمارەیەک لە خێزان و لایەنگرەکانیان بۆ کەمپی سورداش ناردووە، بەڵام لەوێ هیچ خزمەتگوزاری و پێداویستییەکی ژیان نییە، ئەگەرچی لەسەر ئەوە رێککەوتوون هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابینبکرێت، بۆیە ناکرێت بێ هیچ خزمەتگوزاری و پێداویستییەکی سەرەتایی ژیان، ژن و منداڵ لە نێو شاخ و بەرد بمێننەوە.
ئهو سێ حزبەى لهلایهن ئاسایشهوه ئاگاداركردنهوهكهیان بۆ چووه، بریتین له کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.
فشارەکانی یەکێتی بۆ سەر حزبەکانی رۆژهەڵات لەچوارچێوەی رێککەوتنی سێقۆڵی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان دێت، بۆ چەککردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و دوورخستنەوەیان لە سنوورەکان، هەروەها کۆکردنەوەیان لە نێو کەمپ و شوێنی چاودێریکراو لەلایەن حکومەتەوە.