زووم..
نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان بەردەوامە لە دابەزین، لە کردنەوەى بۆرسەى ئاسیا یەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت بە 60 دۆلار و 82 سەنت مامەڵەى پێوەکرا، نەوتی خاوى تەکساسیش تا 57 دۆلار دابەزى.
دابەزینى نرخى نەوت چەند هۆکارێکى هەیە، یەکێک لەوانە ئەگەری واژۆکردنى گرێبەستى کانزاکانە لەنێوان ئەمریکا و ئۆکراین کە ترەمپ داواى دەکرد، رێککەوتنەکە بۆ دەستڕاگەیشتنى ئەمریکایە بە کانزا بەنرخەکانى ئۆکراین هەروەها دروستکردنى سندوقێکى وەبەرهێنان بۆ ئاوەدانکردنەوەى ئۆکراین، ئەوەش وەکو یەکەم هەنگاوى ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگى روسیا و ئۆکراین دەستنیشانکرابوو کە زێلینسکى نەدەچووە ژێر بارى ئەو رێککەوتنە.
قۆناغى دواتر سوککردنى سزاکانى سەر روسیا دەبێت کە راستەوخۆ ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى روسیا زیاد دەکات، بەوهۆیەوە کاریگەریى لەسەر نرخى نەوت دروستکردووە.
هۆکارێکى دیکە ئەوەیە، سەرچاوەیەک لە ئۆپیک پڵەس بە رۆیتەرزى راگەیاندووە، سەرەڕاى دابەزینى نرخى نەوت، سعودیە سورە لەسەر ئەوەى دەبێت ئاستى بەرهەمهێنان و هەناردەى نەوت بەرزبکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە پێنجى ئایار بۆ گفتوگۆ لەبارەى بەرزکردنەوەى ئاستى هەناردەى نەوت کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەى بگەنە رێککەوتن و لە مانگى داهاتووەوە بڕێکى زیاتر نەوت بەرهەمبهێنن.