زووم:
دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی ئەمڕۆ هەینی ٩ی کانونی یەکەمی 2022، دانپیانانی بکوژی خوێندکارە یەکەمەکەی کەرکوکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “تاوانبارەکە لە پێناو پارەدا گەنجەکەی کوشتووە”.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی دژە تیرۆری یەکێتی، هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا بە هەماهەنگی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی پارێزگای کەرکوک، “تاوانبارەکەیان بە ناوی هەرێم جەبار مەجید ئەمین دەستگیرکردووە”.
بکوژەکە لەدایکبووی ساڵی 1993یە و خاوەنی سێ منداڵە
دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی
دەزگای دژە تیرۆر ڤیدیۆی دانپیانانی بکوژەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە لەدایکبووی ساڵی 1993یە و دانیشتووی چەمچەماڵە، خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، لە پێناو دەستکەوتنی پارەدا، ئەحمەد ئازادی کوشتووە.
بکوژەکە وەکو خۆی دەڵێت، پیشەی چەک فرۆشتنە لە ناو بازاڕ و لە رێگای سۆشیالمیدیاوە، “رۆژی دووشەممە 28-11-2022 گەنجێك پەیوەندی پێوەکردم، کە دەیویست دەمانچە بکڕێت، لەسەر 240 دۆلار رێککەوتین.. هەمان رۆژ پەیوەندیم پێوەکردەوە و خۆم وەک شۆفێری تاکسی پێناساند، چوومە کەرکوک، گەنجەکە لەگەڵم سەرکەوت و بینیم بڕی 800 دۆلاری پێبوو”.
“ئەحمەد خۆی پێناساندم و پێی گوتم کە یەکەمی عێراقە و لەلایەن چەند بەرپرسێکەوە خەڵات کراوە و پارەی هەیە”.

ئەحمەد ئازاد،گەنجە کوژراوەکە
بکوژەکە، وەکو ئەوەی بیەوێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە، بە پاساوی تاقیکردنەوەی دەمانچەکە میل لە ئەحمەد دێنێتەوە و دواتریش پێی دەڵێت “جلەکانت دابکەنە.. ڤیدیۆت دەگرم”.
بکوژی ئەحمەد:
ئەحمەد پێی گوتم کە یەکەمی عێراقە و لەلایەن چەند بەرپرسێکەوە خەڵات کراوە و پارەی هەیە
وەکو لە دانپیانانەکەیدا هاتووە، بکوژەکە مەبەستی بووە بە هۆی ڤیدیۆکردنەوە دواتر پارەی لێ بسەنێت “بەڵام ئەحمەد پەلاماری دام و گوللەیەک لە دەستم دەرچوو بەر سنگی کەوت، دواتر بۆ دڵنیابوونەوە لە مردنی، گوللەیەکی دیکەم نا بەسەریەوە و بەجێمهێشت”.
بەرەبەیانی رۆژی 29ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، پۆلیسی کەرکوک تەرمی ئەحمەد ئازادی لە گەڕەکی حەولی کەرکوک دۆزییەوە، ئەحمەدی تەمەن 17 ساڵ، ساڵی رابردوو یەکێک بوو لە خوێندکارە یەکەمەکانی سەر ئاستی عێراق.