زووم..
پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، لە هاوینەهەواری دوکان کۆبوونەوە و مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتیی شاندەکانیان کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی سلێمانی، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت تاوتوێ کرا و چاوەڕێدەکرێت زۆر لایەنی گرنگی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی دەیەم یەکلا کرابێتەوە و باس لە دابەشكردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەت کرابێت.
هەروەها پۆستەکان و شێوازی دابەشکردنیان تەوەری کۆبوونەوەکە بووەو یەکێتی دەیەوێت هاوبەش بێت لە پێکهێنانی حکومەتدا نەک بەشدار.
هاوکات، لە کۆبوونەوەکەشدا عەزیز ئەحمەد سەرۆکی تیمی “هەژماری من” بەشداریی کرد.
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و دوای زیاتر لە شەش مانگ تا ئێستا وادەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە.