زووم..
لاهور شێخ جەنگی و سەڵاحەدین بەهادین ئەمیداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە مەڵبەندی یەکی یەکگرتوو لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە. سەڵاحەدین بەهادینیش رایگەیاند، دۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و پرۆسەی ئاشتیمان لە تورکیا تاوتوێ کرد.
هاوکات زوومی سلێمانی گواستییەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت و دەستبەکارنەبوونی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێکراوە. هەروەها پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە.
لای خۆیەوە، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە پەڕەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی کۆبووەوە و دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و دۆخی سیاسی ناوچەكە و پرۆسەی ئاشتی باكور و رۆژئاوایان تاوتوێکرد.
ئەم سەردانی لاهور شێخ جەنگی لە چوارچێوەی سەردانەکانی ئەمدواییەتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان و رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووش لە شاری هەولێر سەردانی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کرد و چەند پرسێکی هەستیاری پەیوەست بە گوزەرانی هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستانیان تاوتوێکرد.