زووم..
سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق بەزوومی گوت، ئەگەر حکومەتی عێراق بە عەقڵیەتی کۆنترۆڵکردن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەپیکور مامەڵە بکات، ئەوا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەستەمە.
سەباح سوبحی دەشڵێت، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت لەبارەی نرخی تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت کە بە 16 دۆلار دیاریکراوە دڵنیایی بداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەپیکور.
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق باس لەوەش دەکات، دەستەی راوێژکاریی نابێت دەستکاری گرێبەستەکان بکات، دەبێت قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان بداتەوە و پێوستیشە نەوتی خاو بۆ پێداویستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان زیاد بکات.
قسەکانی سەباح سوبحی دوای ئەوە دێت کە ئەپیکور دوێنێ یەکشەممە 27-04-2025 لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوە کرد، رۆژى 20ـى ئەم مانگە لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لەبارەى پرسى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان کۆبوونەتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بێبەرهەم بووە و نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.