زووم..
دادگای دادى نێودەوڵەتى، هەفتەی دادگاییکردن سەبارەت بە پابەندبوونە مرۆییەکانى ئیسرائیل لە جەنگی غەزە رادەگەیەنێت.
بەگوێرەى ئاژانسی فرانس پرێس، دوای زیاتر لە 50 رۆژ گەمارۆی سەر هاوکارییە مرۆییەکان و داخستنى دەروازەکانى گەیاندنى ئەو هاوکارییانە لە غەزە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، ئەمڕۆ دادگای دادى نێودەوڵەتى لەلاهای، بە ئامادەبوونى 15 دادوەری نێودەوڵەتى، دادگاییکردنەکە دەستپێدەکات.
ئەم هەفتەیەی دادگاییکردنە، جگە لە فەڵەستین، 38 وڵاتی دیکە بەشداریی تێدا دەکەن، لەوانەش ئەمریکا، چین، فەرەنسا، روسیا و سعودیە، لەگەڵیشیاندا کۆمکاریی عەرەبی و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و یەکێتیی ئەفریقا.
مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، نەتەوەیەکگرتووەکان بەزۆرینەی دەنگ بڕیارێکی پەسەندکرد کە تیایدا داوا لە دادگاکە کرا بۆچوونێکی راوێژکاری دەربکات لەسەر پابەندبوونە مرۆییەکانى ئیسرائیل لە غەزە.
بڕیارنامەکە داوا لە دادگای دادی نێودەوڵەتی دەکات کە روونی بکاتەوە ئیسرائیل دەبێت چی بکات بۆ دڵنیابوون و ئاسانکاریی گەیاندنی پێداویستییە بەپەلە و مرۆییەکان بۆ لێقەوماوانى غەزە.