زووم..
رۆژنامەی سۆزجوی تورکی لە بابەتێکیدا باسی هەڕەشەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات بۆ سەر پەکەکە و دەڵێت، لەماوەی هەشت مانگدا ئەردۆغان گووتویەتی، “شەوێک لەپڕێکدا دێین.”
رۆژنامەی سۆزجو وەک تەنزێک لە سەرۆککۆماری تورکیا لە ناونیشانی بابەتەکەی نووسیوە: ئەردۆغان شەوێک لەناکاو نایەت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو دەستەواژەیەی لە هۆنراوەیەکی تورکی وەرگرتووە و چەندین ساڵە بەکاریدەهێنێت، پێشتریش جگە لە پەکەکە، بە هەمان دەستەواژە هەڕەشەی لە ئیسرائیل و یۆنان کردووە.
لە هەواڵەکەی سۆزجو هاتووە، “وادەبینرێت لەپاش هاتنى دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەردۆغان 180 پلە سیاسەتەکانی خۆی لە بەرامبەر بە سوریا گۆڕیبێت.”
لەکۆتایی هەواڵەکەدا باس لەوەش کراوە، “پەکەکە و یەپەگە لە رۆژاڤای کوردستان کۆنفرانس ئەنجامدەدەن و تورکیاش هیچ قسەیەکی لەو بارەیەوە نییە، لەکاتێکدا لەو کۆنفرانسە حەوت کەسیان لەلایەن تورکیاوە داواکراون.”
رۆژنامەکە مەبەستی لە کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کوردە کە شەممەی رابردوو لە قامیشلۆ بە بەشداری زیاتر لە 350 کەسایەتی سیاسی بەسترا و تێیدا بڕیادرا بە پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی کورد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق.