زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
هاوینێکى سەخت چاوەڕێی عێراق دەکات و هەرێمى کوردستانیش هۆشداریی دەدات
زۆرینەى بەرپرسان و لایەنى پەیوەندیداری کەشوهەوا لە عێراق لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواو کەمی دابارین چاوەڕێی هاوینێکى سەخت دەکەن، هۆکاری سەرەکیش سیاسەتى ئاوە لە نێوان ئەم وڵاتە و دراوسێکانیدا کە زۆرجار بۆ مەرامی سیاسی لە دژى بەکاریانهێناوە.
و چاوەڕێش دەکرێ، ئەم هاوینە بۆ عێراقییەکان و هەرێمى کوردستان لە ساڵانی دیکە قورستربێت.
پێشتر و لە ناوەڕاستى مانگی ئازاری رابوردوودا عۆن زیاب عەبدوڵا وەزیری سەرچاوەئاوییەکانى عێراق رایگەیاندبوو، چیتر عێراق خاوەنى دوو رووبارى گەورەى دیجلەو فورات نییە، بەڵکو خاوەنى دوو جۆگەی ئاساییە و ئەوەندە ئاوى پێدا دێت کە تورکیا بەریدەداتەوە.
دوێنێ ئومێدخۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفراسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەمساڵ ڕووبەڕووى کەمئاوییەکى خراپ دەبینەوە پار 540 ملیمەتر باران باریبوو بەڵام ئەمساڵ بەکۆی گشتى تەنها 140 ملیم باریوە، بەدڵنیاییەوە رووبەڕووى کەمئاویی دەبینەوە و هاوینێکى سەرختمان لەبەردەستە.

سەباح
چاودێریی دارایی: 25%ـى مووچە خۆرانى هەرێمى کوردستان “هەژماری من” یان هەیە
حەیدەر یوسف خەڵخاڵ سەرۆکی لیژنەى وردبینى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان لە دیوانى چاودێریی عێراق رایگەیاند، تەنها 25%ـى مووچەخۆرانى کوردستان بەشدارییان لە “هەژماری من”دا کردوە و لەو رێگەیەوە مووچەکانیان وەردەگرن و بەشێک لە داهاتى نانەوتیشیان رادەستى وەزارەتى دارایی عێراق کردووە.
گوتیشى، تیمەکەیان وردبینى تەواوى داهات و خەرجییەکانى ساڵی 2023 و 2024ـى هەرێمى کوردستانیان تەواوکردووە و رەوانەى دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران و نوێنەرایەتى هەرێمى کوردستانى دەکەن لە وەزارەتى دارایی عێراق بۆ جێبەجێکردنى رێککارەکان.
گوتیشى، وەزارەتى دارایی دەسەڵاتى داوە بە هەشت بانک بۆ ئەوە هەژماری بانکیی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان بکەنەوە و هەمووشیان لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندان، بانکی ئیسلامی عێراقی ، بانکی بی بی ئەى سی، جیهان، هەرێمى بازرگانى، بەغداد، ئەهلی لەو بانکانەن کە هەژماریان لێکراوەتەوە و ژمارەیان 273 هەزار کەسە کە دەکاتە 35%ـى مووچە خۆرانى هەرێمى کوردستان، لەبارەى رادەستکردنى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستانیشەوە دکتۆر خەڵخاڵ رایگەیاند هەرێمى کوردستان بەشێک لەو داهاتەى رادەستکردووە و لە راپۆرتەکەیاندا وردەکارییەکانیان خستووەتە روو.
دەستور
لە وڵاتانى عەرەبیدا عێراق و میسر زۆرترین فەرمانبەرى کەرتى گشتییان هەیە
بەیاننامە فەرمییەکانى عێراق و میسر ئاشکرایانکردووە، عێراق و میسر لەڕیزبەندى یەکەمی وڵاتە عەرەبییەکاندان بە دامەزراندنى فەرمانبەران لە کەرتى گشتی.
بەگوێرەى ئامارەکان، میسر لە ریزبەندى یەکەمدایە و پێنج ملیۆن و 600 هەزار فەرمانبەرى هەیە و بەدواى ئەودا عێراق دێت کە پێنج ملیۆن فەرمانبەرى کەرتى گشتى هەیە.
ئەوە لە کاتێکدا سعودیە سێ ملیۆن و 166 هەزار ، جەزائیر ملیۆنێک و100 هەزار، ئوردن 568 هەزار ، کوەیت 473 هەزار فەرمانبەرى کەرتى گشتییان هەیە.
رۆژنامەکە نوسیویەتى یەکێک لە کێشە و ئاڵنگارییەکانى بەردەم حکومەتە عەرەبییەکان ئیدارەدانى کەرتى گشتییە ئەوە لە کاتێکدا ژمارەیەکى زۆر لە فەرمانبەرانى وڵاتانى عەرەبی ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن.

مەدا
خێڵەکانى عێراق هەژموونى خۆیان بەسەر پەرلەماندا دەسەپێنن
بڕیارە 11ـى تشرینى دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
هاوپەیمانى و پێکەوە کارکردنى خێڵەکانى عێراق تادێت زەقتر دەبنەوە، پرۆژەى خێڵەکان جێگە بە پرۆژەى پارت و لایەنە سیاسییەکان تەنگدەکەن و لەڕێگەى دەسەڵاتى سەرۆک خێڵ و شێخەکانیانەوە دەست لە پرۆسەى دیموکراسییەت وەردەدەن، عەلى بەنداوى ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى مەداى راگەیاندووە، دیاردەى کاندیدى خێڵ لەبری توانا و لێهاتوویی و شارەزایی زۆرزیادیکردووە.
هۆشداریدار لە داهاتوودا کاریگەریی نەرێنی دەبێت لە سەر کارەکانى پەرلەمان، لەبەر ئەوەى پەرلەمان کارەکانى ئەکادیمى و یاسایین و شارەزایی زۆریان دەوێت ، ئەو ئەندامەى پەرلەمانى عێراق نەیشاردەوە بەهۆی لاوازیی ژمارەیەکى زۆر لە نوێنەرانى خێڵەکان ئەداى لیژنەکان وەک پێویست نەبوون.
پەرلەمان نەیتوانیوە رۆڵی خۆی بگێرێت هەم لە رووى یاسادانان و هەم لە رووى چاودێریکردنى حکومەتەوە.
رۆژنامەى مەدا ئاماژەى بەوەکردووە، لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق رۆڵی خێل و سەرۆکەکانى زۆر بەهێزن و پشتیوانییان بۆ هەر کاندیدێک دەرچوون و دەرنەچوونى یەکلایی دەکاتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
کولێرە بەقیمەیەک لە بۆدرووم بووە بە دوو هەزار لیرەیە
لەگەڵ نزیکبوونەوەى وەرزی گەرما و هاتنى گەشتیاران، نرخەکان لە شوێنە گەشتیارییەکان بەرزبوونەوە.
چاوەڕێ دەکرێت، نرخی یەک کولێرە بە قیمە لە بۆدرووم بگاتە دوو هەزار و 200 لیرەى تورکی کە دەکاتە 58 دۆلاری ئەمریکی.
هێشتا نازانرێت گرانیی نرخەکان تاچەند کاریگەریی لەسەر کەرتی گەشتیاریی دەبێت چونکە بەم نرخەش رەنگە گرانترین کولێرە بە قیمە لە بۆدروم بێت.

سۆزجو
ئەردۆغان شەوێک لەناکاو نایەت
پێشتر ئەردۆغان دەربارەى پەکەکە و یەپەگە لە سوریا هەڕەشەی دەکرد و تەنها لەماوەى هەشت مانگدا، هەشت جار گوتی شەوێک لەناکاو دێین!
وادەبینرێت لەپاش هاتنى دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەردۆغان 180 پلە سیاسەتەکانی خۆی لە بەرامبەر بە سوریا گۆڕیبێت.
پەکەکە و یەپەگە لە رۆژاڤای کوردستان کۆنفڕانس ئەنجامدەدەن و تورکیاش هیچ قسەیەکی لەو بارەیەوە نییە. لەکاتێکدا لەو کۆنفڕانسە حەوت کەسیان لەلایەن تورکیاوە داواکراون.

میللییەت
گەشتیارێکی زیاتر روو لە تورکیایەکی بێ تیرۆر دەکات
چاوەڕێدەکرێت، لە تورکیایەکی بێ تیرۆردا گەشتیاری بیانیی زیاتر روو لە وڵات بکەن. تورکیا ئامانجی ئەوەیە لەمساڵدا 45 ملیار دۆلار داهاتی گەشتیاریی هەبێت.
بەگوێرەى ئامارەکان ساڵی پار لە کۆی 11 وڵات 3.3 ملیۆن گەشتیار هاتونەتە تورکیا لەمساڵدا چاوەڕێدەکرێت ئەو ژمارەیە بۆ دوو هێندە زیاتر بێت.
ئەڤرەنسەل
تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر ناجێگیرە
سری سورەیا ئۆندەر، لە 15ـى نیسانەوە نەشتەرگەری دڵی بۆ کراوە. بە گوێرەى نوێترین زانیاریی لە پزیشکەکانییەوە، ئۆندەر تائێستا باری تەندروستی ناجێگیرە مەترسی لەسەر ژیانی بەردەواممە بەو هۆیەوە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکدایە.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
کرماشان میوانداریی یەکەمین پێشبڕکێی دەنگی کۆنی ھۆرە دەکات
رەزا جەمشیدی، بەرپرسی گرووپی ئەدەبیاتی کوردیی کرماشان رایگەیاند، کە یەکەمین پێشبڕکێی دەنگی کۆنی ھۆرە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بە میوانداریی ئەم پارێزگایە بەرێوەدەچێت.
جەمشیدی گوتی، ھۆرە یەکێکە لە دەنگە کۆنەکان بە مێژوویەکی حەوت ھەزار ساڵە و پێویستە ئەم میراتە کۆنەی خەڵکی زاگرۆس بپارێزرێت و بگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داھاتوو.
ئەم پێشبڕکێیە بە ھاوکاریی گرووپی ئەدەبیاتی کوردیی کرماشان، پەیمانگای فەرھەنگی ھونەریی دادگەر، گۆڤاری سەدای ئازادی و کۆمپانیای کۆشک بتون ساز دەکرێت.
ئاسیا
ماتەمینی گشتی لە سەرانسەری ئێران راگەیەندرا
فاتمە موھاجرانی، گوتەبێژی دەوڵەتی ئێران رایگەیاند، کە بەھۆی رووداوە دڵتەزێنەکەی بەندەر عەباس، رۆژی دووشەممە لە سەرانسەری وڵاتدا ماتەمینی گشتی رادەگەیەنرێت.
موھاجرانی وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەدواداچوونی تایبەت بۆ رووداوەکە دەکرێت و سەرۆککۆمار سەردانی بەندەر عەباس دەکات بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخەکە و ھەنگاوەکانی فریاگوزاری و لێکۆڵینەوە.
ئیمروز
ئەوانەی کارەبای زۆر بەکاردەهێنن پسوڵەی ملیۆنیان بۆ دەێتەوە
لەسەروبەندی وەرزی گەرما و زیادبوونی بەکارھێنانی کارەبا، سیاسەتێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی بەکارھێنان گیراوەتەبەر، کەم خەرجییەکان ھاندەدرێن، ئەوانەشی کارەبا زۆر بەکاردەهێنن رووبەڕووی تێچووی قورس دەبنەوە.
پێشبینی دەکرێت، لە وەرزی گەرمادا جیاوازیی نێوان بەرھەمھێنان و خواست لەسەر کارەبا بگاتە نزیکەی 20٪. کەمبوونەوەی بارانبارین و دابەزینی ئاستی ئاو توانای وێستگەکانی کارەبای ئاویی نزیکەی 50٪ کەمکردووەتەوە.
بەرپرسانی پیشەسازیی کارەبا جەخت لەسەر گرنگی بەشداری خەڵک لە بەڕێوەبردنی بەکارھێنان دەکەنەوە.
ئەو بەشداربووانەی بەکارھێنانیان لە ئاستی دیاریکراودا دەھێڵنەوە، تەنھا 15٪ی نرخی راستەقینەی کارەبا دەدەن. بەڵام تێچووی کارەبا بۆ بەکاربەرانی پڕمەسرەف بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
کەیھان
عێراق میوانی تایبەتی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی تارانە
بەرپرسی یەکێتی بڵاوکراوەکانی عێراق رایگەیاند، کە خۆشحاڵە بەوەی وڵاتەکەی میوانی تایبەتی سی و شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی تارانە و ئەم بەشدارییە مایەی شانازییە بۆ وڵاتەکەیان.
گوتی، گومانیان نییە کە ئامادەبوون لەم پێشانگایەدا دەبێتە ھۆی پتەوکردنی پەیوەندییە فەرھەنگییەکانی نێوان عێراق و ئێران و ١٥ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی عێراقی بەشداری لە پێشانگاکەدا دەکەن، کە یەکێکیان سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە و ١٤ دەزگای دیکەش ئەندامی یەکێتی بڵاوکەرەوەکانی عێراقن.
ھەروەھا عەبدولوەھاب مەزھەر ئەلڕازی، سەرۆکی یەکێتی بڵاوکەرەوەکانی عێراق، لە پێشانگاکەدا ئامادە دەبێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
لاڤرۆڤ دەڵێ دەستگرتنی روسیا بەسەر دورگەی کریمیادا، بابەتێکە بڕدراوەتەوە
ئەم هەفتەیە هەفتەیەکی یەکلاکەرەوەیە بە گفتوگۆکانی ئاشتی و سێرجی لاڤرۆڤی وەزیری کاروباری دەرەوەی روسیا دەڵێ، خاوەندارێتیکردنی ئەو دورگەیە لەلایەن وڵاتەکەیەوە بابەتێکی بڕاوەیە و ئیدی گفتوگۆلەسەرکردنی ناوێت.
ئەم لێدوانە مەرجێكی قورسە خراوەتە پێشی ئەگەری گفتوگۆکانەوە. بەڵام ئەمریکا نیازی هەیە ئەو دەستپێشخەرییە بکات و ددان بەوەدا بنێت، کە ئەو دورگەیە ببێت بە خاکی روسیا، بۆئەوەی بەرەوپپێشچوون لە گفتوگۆکانی ئاشتیدا رووبدات. لاڤرۆڤ بە تەلەڤزیۆنێکی ئەمریکیی گووت، مەسەلەکە بەدڵ بوون و بەدڵنەبوون نییە، ئەم بابەتە بڕاوەتەوە.

تایمز
مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی هەڕەشەی مانگرتن دەکەن
بە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتەکەی بەریتانیا گوتراوە، کە چەندان ملیۆن کارمەندی کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی چاوەڕوانی ئەوەدەکەن مووچەکانیان بەرێژەی 4٪ بەرزبکرێتەوە.
داواکاری ئەم توێژانە گەشتووە بە رەیچڵ ریڤزی وەزیری دارایی و پەستانێکی زیاترە خراوەتە سەری.
رۆژنامەی تایمز زانیویەتی دەستەیەک لە نوێنەرانی 514 هەزار مامۆستا بە وەزیری داراییان گوتووە، چاوەڕوانی ئەوە لە وەزارەتی دارایی دەکەن مووچەکانیان بەرێژەی 4٪ بەرزبکاتەوە.
کارمەندانی تەندروستی کە ژمارەیان دەگات بە یەک ملیۆن و 400 کەس داوای ئەوەیان کردووە مووچەکانیان بە رێژەی 3٪ بەرزبکرێتەوە. ئەم داوایانەی زیادکردنی مووچە کاریگەریی بۆ سەر بودجەی گشتییش دەبێت.

فاینەنشیەڵ تایمز
گەیشتنی باری کاڵا بە بەندەر و فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا زۆر کەمیکردووە
خەریکە کاریگەریی شەڕی باجەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆسەر چین دەردەکەون. کاریگەریی گەورەی ئەم باجانە کەوتووەتە سەر ئابوریی ئەمریکا.
بەندەرەئاوییەکان و هێڵە ئاسمانییەکان بەڕوونی باس لە ترسی خۆیان دەکەن. دەڵێن، هاتن و گەیشتنی کاڵا زۆر کەمبووەتەوە. بە تایبەتی لە ئەو کاڵایانەدا، کە لە چینەوە دەگەشتن بە بەندەرەکانی ئەمریکا.
هەفتەی داهاتوو یەکەمین باری هەناردەکراو لە چینەوە دەگاتە ناو بەندەرەکانی ئەمریکا، کە دەبێت بە گوێرەی ئەم یاسا نوێیەی باجەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەو کاڵایانەش، کە لە چینەوە بەرەو ئەمریکا دەچن، سەرەتا دەگەن بە بەندەرە ئاوییەکەی لۆس ئەنجلس. بەڵام بەرپرسانی بەندەرەکە دەڵێن بەهۆی زۆریی باجەکانەوە بڕی بارەکەش کەمبووەتەوە.
هیراڵد
منداڵانی سکۆتلەندە لەیادکراون
هۆشداری بە بەرپرسان دراوە، کە کارێک بکەن ئاستی هەژاری لەناو گەنجاندا لە ساڵانی نەوەدەکانی 1990ـەوە هێندەی ئێستا خراپ نەبووە.
راپۆرتی کەسانێکی ئاگادار بڵاوکراوەتەوە، کە هەر لە بانگەوازێکیش دەچێت. دەڵێن، 80 هەزار منداڵ و خەڵکی گەنج لە نەدارییەکی زۆر خراپدا دەژین.
رێکخراوێکی کاری خێرخوازی لەئەمڕۆوە هۆشدارییەکی داوە بە حکومەتی سکۆتلەندە.
دامەزراوەی جۆزێف راونتری لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، ئەو هەژارییەی کە گەنجانی ئێستای گرفتار کردووە زۆر خراپترە لەو شەپۆلی هەژارییەی لە نێوانی ساڵانی 1994 بۆ 1997ـدا دەرکەوتن، ئەمە جگە لەوەی کە رێژەی هەژاری لەناو منداڵاندا گەیشتووە بە 32٪.