هێمن مەجید سەرۆکی یانەی مەخموور دەڵێت، بەهۆی نەدانی دوو یاریزان بە یانەی بەردەرەش، ئەو یانەیە ئامادەنەبووە هاوکارییان بکات.
یاریی نێوان هەردوو یانەى بەردەرەش و مەخموور لە خولی پلە دووی کوردستان بەڕێوەنەچوو، بەهۆى ئەوەى یانەى مەخموور نەهاتە ناو یاریگا و درێسى بە رەنگى گونجاوى پێنەبوو بۆ ئەنجامدانى یارییەکە.
هەردوو یانە بۆ یارییەکە درێسی شینیان پۆشیووە، دەبوو مەخموور وەک یانەى میوان درێسەکەى بگۆڕێت، بەڵام درێسە یەدەگەکەى بیرچووە، بەهۆى ئەمەشەوە نەهاتە ناو یاریگا و یارییەکەى بە دۆڕاو بە سێ گۆڵى بێ بەرامبەر بۆ هەژمارکرا.
هێمن مەجید سەرۆکی یانەی مەخموور بۆ زووم گوتی: بەهۆی هەڵەی دوو کارگێڕی تیپەکەمانەوە، کە پێداویستی تیپەکە ئامادەدەکەن، درێسی دووەمی تیپەکەمان کە رەنگی سپییە بیرچوو، تا گەیشتینە یاریگا ئەو کات زانیمان درێسی دووەممان بیرچووە.
سەرۆکی یانەی مەخموور ئاماژەی بەوەشدا، داوایان لە یانەی بەردەرەش کردووە هاوکارییان بکەن بە پۆشینی درێسی دووەمیان، بۆ ئەوەى یارییە بەڕێوەبچێت، بەڵام پێیان گتوون “هاوکاریتان ناکەین، لەبەرئەوەى پێش خولەکە داوای دوو یاریزانمان لێ کردوون پێتان نەداوین”.