زووم..
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشنیازی نرخی کارەبای 24 کاتژمێرییان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕێن پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی بەو نرخە کارەبای 24 کاتژمێری بدرێتە هاووڵاتیان.
کەمال محەمەد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، نرخی کارەبا لە پڕۆژەی رووناکی هەرزانترە لەو نرخەی لەلایەن بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە باسدەکرێت، چونکە 65%ـی هاوبەشانی پرۆژەی رووناکی لە هەولێر بۆ مانگی سێ، کەمتر لە 42 هەزار دیناریان وەک کرێی کارەبا بۆ هاتووەتەوە.
بەگوتەی وەزیری کارەبا، لە هەولێر 104 هەزار هاوبەشی کارەبا و لە سلێمانیش 12 هەزار هاوبەش لە پرۆژەی رووناکی بەشدارن.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو پڕۆژەی رووناکی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمەوە راگەیاندرا و سەرەتا لە چەند گەڕەکێکی هەولێر جێبەجێکرا، دواتریش لەمساڵدا پڕۆژەکە گەیشتە سلێمانی و دهۆک.
پڕۆژەکە ناڕەزایەتییەکی گەورەی لەنێو هاووڵاتییان بەدوای خۆیدا هێناوە بەهۆی ئەوەی کە پێیانوایە پارەی کارەبایان زیاتر بۆ دێتەوە.
بەگوێرەی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە تا کۆتایی ساڵی داهاتوو پڕۆژەی رووناکی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و تەواوی موەلیدەکانیش لاببرێن.
مانگی رابردوو زووم بەدواداچوونی وردی لەبارەی نرخی کارەبای 24 کاتژمێریی کرد و نرخە پێشنیازکراوەکان بە چوار پلەبەندی دابەشکراون. لە بەدواداچوونەکەنی زووم دەرکەوتووە، بەشێوەیەکی ئاسایی لەماوەی مانگێکدا هەر ماڵێک 750 بۆ سەروو هەزار کیلۆوات بەکاردەهێنێت، بەوپێیەش مانگانە کەمترین نرخی کارەبا نزیکەی 70 هەزار دینارە و زۆرترینیشی سەروو 100 هەزارە دینارە.
هەتاوەکو زیاتر کارەبا بەکاربهێنیت پارەی زیاتریشت بۆ دێتەوە. هەفتەی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکووەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “ئەو کەسانەی پارەی زۆر دەدەن لە پڕۆژەی رووناکی خۆیان بەرپرسن چونکە کارەبا زۆر بەکاردەهێنن.”