زووم..
هەرچەندە سبەی دووشەمە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی عێراق دێت، بەڵام زووم دەزانێت تائێستا وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەواو نەبووە و کێشەی تێدایە.
ئاکام فەهمی، زوومی بەغداد لە هەواڵنامەی 360 خولەکی زووم گواستییەوە لیستی مووچەی مانگی چوار کێشەی تێدایە و بەغداد داوای چاککردنی دەکات، لیستەکە هی دوو مانگ لەمەوبەرە و فەرمانبەرانی خانەنشینی ئەم ماوەیە دەرنەهێنراون.
زوومی بەغداد دەڵێت، سبەی دووشەممە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی عێراق دێت و تا ئێستاش وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا تەواو نەکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی بەغداد، لە سەرەتای رەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا کێشە دروستبووە، بەهۆی ئەوەی لیستەکە هی دوو مانگی رابردووە و ئەو فەرمانبەرانەشی تێدایە کە ئەم مانگە خانەنشین بوون.
بەشی وردبینی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەیان بە هەڵەکە کردووە و بە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمییان راگەیاندووە لیستەکە چاک بکەنەوە و دووبارە بینێرنەوە.
زوومی بەغداد باس لەوە دەکات، بڕیارە ئەمڕۆ شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کە هەر لە بەغدادن لیستی مووچەی مانگی چوار چاک بکەن و بینێرنەوە بۆ دووبارە وردبینی کردن.
هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی وردبینی لیستەکە تەواوببێت و بچێتەوە ئەنجومەنی وەزیران، بە واژۆکردنی لەلایەن سودانیەوە مووچەکە تەمویل دەکرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.