سەردار عەزیز، شەقیزم
دوێنێ شەو وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری برادەرێکم دەدایەوە بۆ کتێبێک، یەکێک لە پرسیارەکان دەربارەی ئەوەبوو کە ئایا سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان پەیوەستە بە هیچ فەلسەفەیەکی سیاسییەوە؟ پرسیارەکە لە سەرەتادا بێزارکەرە، بەڵام کاتێک هێمن دەبیتەوە و لێی ڕادەمێنیت، دەکرێت هەندێک خەسڵەتی پیادەکردنی دەسەڵات لە کوردستان سەر بە فەلسەفەیەکی تایبەت بن، بۆ نمونە بە تایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان. بەڵام کاتێک زیاتر هێمن دەبیتەوە، دەکرێت پیادەکردنی دەسەڵات خۆی لە کوردستان بفەلسەفێنرێت. دەکرێت ناوی بنێین دەسەڵاتی رووت.
دەسەڵات ماسک ناپۆشێت
ئەم چەمکە لە فۆکۆوە وەردەگرم، لە گفتوگۆیەک لە نێوان فۆکۆ و دۆلۆز کە لە ساڵی 1972 ئەنجامدراوە. لەوێدا فۆکۆ دەڵێت، دەسەڵات لە بەندیخانەدا، تەنها لە بەندیخانەدا خۆی بە روتی نمایش دەکات. لە هەناو بەندیخانەدا ئەم روتیەی دەسەڵات رەوایی پێدراوە چونکە ئەوەی دەسەڵاتی لە سەر پیادە دەکرێت وەک تاوانبار پۆلێنکراوە. فۆکۆ دەڵێت ئەوەی مایەی سەرنجێکی زۆرە دەربارەی بەندیخانە ئەوەیە کە دەسەڵات ماسک ناپۆشێت، چونکە بەندیخانە ئەو بنەمایە دەبەخشێت کە دەسەڵات لە سەر بنەمای چاکە دژ بە خراپە پیادە بکرێت.
دیارە ئەم چوارچێوەیە کە فۆکۆ باسی لێوەدەکات جیاوازە بەڵام سەرباری ئەوە هاوکاریمان دەکات بۆ بیرکردنەوە لە پیادە کردنی دەسەڵات لە دونیای کوردیدا. ئەوەی ڕۆژانی پێشوو لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە بینیمان دیاردەیەکی نوێ نەبوو بە هیچ شێوەیەک، بەڵکو هەڵقوڵاوی ناخی هەموو تاکێکی کوردە لە تێگەیشتنی بۆ دەسەڵات. دەسەڵات بە مانای هەبونی توانای بەکاربردنی زەبر بۆ شکاندن و تۆقاندنی ئەویتر، بەبێ هیچ گوێ دانێک بەوەی کە رەنگە پیادەکردنی دەسەڵات باشتربێت یان سەردەمیانە تر بێت کە نەرمتر یان بە هەندێک ڕەوایی یان ڕوپۆشەوە پیادە بکرێت.
دیارە دروستکردنی ڕوپۆش بۆ دەسەڵات هەمیشە لە لایەن ڕۆشنبیرانی ناو کایەی دەسەڵاتەوە بەرهەم دێت، کە یەکێکە لە قێزەوەنترین خەسڵەتەکانی ڕۆشنبیران، کە خۆی لە بەرهەمهێنانی ڕەوایی بۆ ناڕەوایەتیدا دەبینێتەوە.
بەڵام لە ساڵانی ڕابوردودا ئەم پێویستییە نەماوە. دڕندەگەرێتی لە کۆندا هەمیشە خەسڵەتی لێنەکراوەی پیادەکردنی دەسەڵات بوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابوردودا بە زەقی گەراوەتەوە، کاتێک کەسێک (یان چەند کەسانێک) بە ناوی ئەبو بەکر ناجی کتێبێک دەنوسن بە ناوی بەڕێوەبردنی دڕەندەیی، وەک ڕێنمایی بۆ قاعیدە و پاشان داعش، لێرەدا ئێمە پیادەکردنی دڕندەیی بە زەقی و توندی دەبینین.
حزبی کوردی تەنور گەرمکەری زۆری هەیە
شەق وەشاندن لەو ڕەگە قوڵەوە دێت. حیزبی کوردی بۆ ئەوەی لێی تێبگەیت دەبێت لە خەسڵەتە تەقلیدیەکانی تێبگەیت. حزبی کوردی تەنور گەرمکەری زۆری هەیە کە ئێستا پێیان دەڵێن میدیاکار، شەقوەشێنی هەیە، کە ئێستا پێیان دەڵێن هێزەکانی ئاسایش، هەروەها زۆر خەسڵەتی تریش.
شەق وەک کردەیەک و وەک میتۆدێک، ئامادەییەکی زۆری هەیە لە کەلتوری کوردیدا. کورد دەڵێت: شەق دەزانێت قۆناغ لە کوێیە، هەڵسم پڕ شەقت کەم، زۆر دەربڕینی تر کە ئاماژەن بۆ سەنتەرێتی شەق لە تێگەیشتن لە بەڕێوەچونی دەسەڵات لە ئاگایی و کەلتوری کورددا.
بونی ئەم پاشخانە وەهایکردوە کە دەبێت بیر لە شەق وەها بکەینەوە کە پێشێلکردن و سەرپێچی و توندوتیژ و ئەو شتانە نیە، بەڵکو کردەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی کوردییە لە چۆنێتی پیادەکردنی دەسەڵات. بە جۆرێک لە ئێستای باشوردا ئەوەی هەبێت تەنها شەق و پارەیە.
شەق بەر لاوازەکان دەکەوێت
بەگشتی شەق بەر لاوازەکان دەکەوێت. جارجارێکیش نالاوازەکان لە ناو خۆیاندا بەشەق بەردەبنە یەکتر. کاتێک کەسێک شەقی بەردەکەوێت ئەوا ئەگەر هەق بێت یان ناهەق پۆرتی دەشکێندرێت. بەو مانایە کەلەپوری کوردی وەک توندوتیژی و پێشێلکردن بیر لە شەق ناکاتەوە، بەڵکو زیاتر وەها بیری لێدەکاتەوە کە کێ دەتوانێت کێ پڕ شەق بکات. ئەوەی دەتوانێت شەق بوەشێنێت هەمیشە بەهێز و براوەکەیە، چونکە پیادەکردنی دەسەڵات لە کۆمەڵگای کوردیدا بەتاڵە لە هەموو بەهاو ڕەوایی و حەق و ئایدەلۆژیایەک.
بۆیە کاتێک کەسێک شەق دەخوات ئەوا پۆرتی شکاوە. ئەمە بەرجەستە بونی دۆخە بەندیخانەییەکەیە کە تیایدا دەسەڵات لە سەر زەبری ڕوت بەرجەستە دەبێت.
لەو روەوە شەقوەشاندن نابێتە مایەی لاوازی بۆ دەسەڵاتدار، بە پێچەوانەوە دەبێتە مایەی بەهێزیی. هەر هێزێک شەقوەشێنی هەبێت خۆی دەسەپێنێت، بە تایبەتی کاتێک کە زۆرینەی خەڵک دەستبەرداری هەموو شتێک بوووون بۆ مشتێک پارە.
شەقیزم فراوانتر دەبێت. ئەوە تەنها یەک حیزب نیە پیادەی دەکات، بەڵکو هەرلایەک بتوانێت دەیکات، ئەوانەشی ناتوانن لە ڕێگای دیکەی رەمزیەوە وەک سوکایەتی و جنێو پیادەی دەکەن.
بەڵکو لە ئێستاوە قونت لە بەر شەقدایە
ئەمە بە تایبەتی لە سەردەمێکدا کە دڵرەقی سیاسی لە باڵاترین ئاستیدا لە ئاستی دونیادا بە تایبەتی پاش هاتنەوە دۆناڵد ترەمپ. ترەمپ بە چێژەوە پیادەی دڵرەقی دەکات بە تایبەتی بە سەر لاوازەکاندا. ئەوەی مایەی پێکەنین و گریانە زۆرینەی زۆری کابینەکەی ترەمپ خۆیان وەک مەسیحی باوەڕدار دەبینن کە عیسا داکۆکیکەری هەژاران بوو. بەڵام هەمیشە دەسەڵات وەک دونیای ڕۆمانی 1984ـی ئۆروێلە، هەرکە گوێت لە خۆشەویستی بوو، خۆت بۆ کینە و دڵرەقی ئامادە بکە.
ئەو شەقبارانەی کە دەیبینیت ڕەنگە بتترسێنێت، ڕەنگە بتاخاتە پێکەنین، ڕەنگە خەمبارت بکات، هەرچییەک بێت گرنگ نیە، ئەوەی گرنگە دەبێت بزانیت، نەک ڕۆژێک دێت ئەو شەقە بەر قونی تۆش دەکەوێت، بەڵکو لە ئێستاوە قونت لە بەر شەقدایە.