زووم…
بەهۆی تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەری شەهید رەجائی لە باشووری ئێران، تا ئێستا لانیکەم 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 800 کەسی دیکە برینداربوون، شەش کەسیش بێسەروشوێنن.
تەقینەوەکە بەیانی دوێنێ روویدا، دوای چەند کاتژمێرێک لە رووداوەکە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران پشتڕاستیکردەوە، تیمەکانی فریاکەوتن بەهۆی بای بەهێزەوە ئاستەنگیان بۆ دروستبووە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
ئاگرەکە لە نزیک شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هۆرمزگان لە باشووری ئێران کەوتەوە، هێلیکۆپتەر لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بەشداری پێکرا و بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
لە لایەکی دیکەوە میهرداد حەسەنزادە، بەرپرسی دەزگای فریاکەوتنی هۆرمزگان دەڵێت، ئەمڕۆ لە قوتابخانە و زانکۆ و ناوەندەکانی بەندەر عەباس کراوەتە پشوو، لەپێناو ئەوەی هەمووان لە مەترسییەکانی ئەم تەقینەوەیە دووربن.
پێشتر دەستەی گومرگی کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی، بە ئەگەری زۆرەوە تەقینەوەکە بەهۆی کۆگاکردنی مەوادی مەترسیدار و مەوادی کیمیایی ناوچەکانی نزیک بەندەرەکە روویداوە.