زووم..
خواجە محەمەد، وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی هیچ پلانێکی نییە بۆ دەستپێکردنی شەڕی چەکداری لەگەڵ هیندستان، مەگەر لایەنی بەرامبەر هێرش بکات.
خواجە محەمەد ئاسیف بە ئاژانسی ریا نۆڤۆستی راگەیاندووە، ئەوان هیچ نیازێکیان نییە دەستپێشخەری بۆ شەڕ بکەن، بەڵام ئەگەر هێرشێک لەلایەن هیندستانەوە بکرێتە سەریان، کاردانەوەیان دەبێت و کاردانەوەشیان هاوتای هێرشەکەی هیندستان دەبێت.
وەزیری بەرگریی پاکستان هەروەها گوتیشی، پێیوانییە ئەو ململانێیە بگۆڕێت بۆ شەڕی ئەتۆمی لەبەر ئەوەی هیندستان و پاکستان هەردووکیان چەکی ئەتۆمییان هەیە و نایانەوێت بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بڕۆن.
دوای ئەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوو، هێرشێکی چەکداری لە ناوچەی جامۆ و کەشمیر روویدا و بووە هۆی کوژرانی 26 کەس، ئاڵۆزییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان زیادیکردووە. ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، بۆ سێیەم شەوی لەسەر یەک هیندستان و پاکستان لەسەر سنوور رووبەرووی یەکتر بوونەتەوە و سەربازەکانی هەردوولا تەقەیان لە یەکدی کردووە.
رووداوەکە دوای ئەوە سەریهەڵدا بەرەی مقاوەمە، کە گروپێکی نەیاری حکومەتی هیندستانە و نیو دەلهی بە تیرۆرست ناوی دەبات، هێرشیکردە سەر ناوچەیەکی گەشتیاری لە کەشمیر و تێیدا 26 کەس کوژرران کە 25 کەسیان خەڵکی هیندستان بوون.
هەرزوو هیندستان پاکستانی بەوە تۆمەتبار کرد کە هاوکاری گروپی تیرۆرستی دەکات، بۆیە چەند رێککەوتننامەیەکی لەگەڵ وڵاتەکە هەڵوەشاندەوە.