قەتەر دوا مۆندیال دەبێت!
مۆندیالی ٢٠٢٢ دواهەمین جامی جیهانیی تۆپی پێ دەبێت لە تەنها وڵاتێکدا رێکبخرێت و رەنگە جارێکی دیکە رێگای وا بۆ هیچ وڵاتێک نەکرێتەوە.
جێگری سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی جیهان پێموانییە جارێکی دیکە یەک وڵات بە تەنها میوانداریی مۆندیال بکات.
ئەم دێڕەی سەرەوە قسەی ڤیکتۆر مۆنتالیانی جێگری سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی جیهان “فیفا”یە، کە پێشبینی کردوە ئەزمونی قەتەر دوبارە نەبێتەوە و بە کەناڵی فۆکسی وەرزشی وتوە: پێموانییە جارێکی دیکە یەک وڵات بە تەنها میوانداریی مۆندیال بکات.
هەرچەندە ئەوەی وتویەتی تەنها لێکدانەوە و پێشبینی خۆیەتی و پێیوایە ئەمریکاش دەتوانێت کارێکی وا بکات، بەڵام دەڵێت: لەراستیدا هاریکاری و هاوکاری یەکتر هەمیشە باشترە، دراوسێکان کاتێک پێکەوە میوانداریی مۆندیال دەکەن، لە رووی سیاسی و ئابورییەوە پەیوەندییەکانیان پتەوتر دەبێت.
پێش قەتەر، مۆندیال لە روسیا بو، بەرلەویش لە بەرازیل و تا بگەڕێینەوە بۆ یەکەم مۆندیال لە ١٩٣٠ تەنها لە ٢٠٠٢ ژاپۆن و کۆریای باشور پێکەوە میواندارییان کردوە، ئەگەرنا هەموو پاڵەوانێتییەکان یەکلایەنە میوانداریی کراون، بۆیە جێگرە کەنەدییەکەی سەرۆکی فیفا دەڵێت: تەواو، ئیتر ئەو ئەزمونە رەنگە دوبارە نەبێتەوە.
٢٠٢٦ کەنەدا و ئەمریکا و مەکسیک پێکەوە میوانداری مۆندیال دەکەن
ئەو قسەیە ئەگەرچی تەنها وەک پێشبینییە، بەڵام رەنگە راست بێت، چونکە ٢٠٢٦ کەنەدا و ئەمریکا و مەکسیک پێکەوە میوانداری مۆندیال دەکەن، ئەوەتا ئۆکرانیاش بەنیازە بچێتە ناو دۆسێی هاوبەشی ئیسپانیا و پورتوگال بۆ رێکخستنی مۆندیالی ٢٠٣٠، لەولاشەوە ئەرجەنتین و چیللی و پاراگوای و ئۆروگوای هەوڵێکی هاوبەش دەدەن بۆ رێکخستنی مۆندیالی ٢٠٣٠. میسر و یۆنان و سعودیەش هەمان خەیاڵی هاوبەش لە سەریاندایە.
مۆنتالیانی باسی لەوەشکردوە، کاتێک وڵاتان بە هاوبەشی میوانداری مۆندیال دەکەن، ئەوا هیچ هەڵبژاردەیەکیان بەشداریی پاڵاوتن ناکەن، چونکە خۆیان رێکخەر دەبن، کەواتە کەنەدا و ئەمریکا و مەکسیک لەئێستاوە بێ خەمن لە بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتو، رەنگە ئەوەش دادپەروەریی نەبێت، بەڵام خۆ ناکرێت خاوەن ماڵ یاریکردنی لەناو ماڵەکەیدا لێ حەرام بکرێت.