رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
وەزیرانى دەرەوەى ئەمریکا و عێراق رێککەوتن لەسەر هەماهەنگی و گۆڕینەوەى زانیاریی
لەو کاتەوەى دۆناڵد ترەمپ ئیدارەى نوێی ئەمریکاى وەرگرتووەتەوە یەکەمجارە وەزیرانی دەرەوەى ئەمریکا و عێراق کۆببنەوە و پێکەوە باس لە دۆسیەکانى هاوردەکردنى غازی ئێران و دۆسییە ئەمنیی و دۆخی ئابوریی عێراق بکەن.
فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ هاوتا ئەمریکییەکەى لە پەراوێزی سەردانێکدا بۆ ئەمریکا چاویان بەیەک کەوت، وەزیری دەرەوەی ئێران داوایکردوە، پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکانى نێوان هەردوو وڵات چالاک بکرێنەوە.
بەتایبەتى لە بوارى قەڵاچۆکردنى تیرۆر دا و رایگەیاند، عێراق دەستیکردووە بە هاوردەکردنى غاز لە وڵاتانى دیکەوە و داواشیکرد کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێنە عێراق و لەو بوارەدا وەبەرهێنان بکەن و رۆڵیان هەبێت لە پرۆژە سترتیژییەکانی وڵاتەکەیدا.
داواشیکردوە، ئەمریکا بەو بریارەیدا بچێتەوە کە عێراقى وەک شوێنێکى مەترسیدار بۆ هاووڵاتییەکانى داناوە و داواى لێکردوون گەشتى بۆ نەکەن.
مارک رۆبیۆ جەختى کردووەتەوە وڵاتەکەى سوورە لەسەر پشتیوانیکردنى عێراق، گوتویەتی سوریا رۆڵی سەرەکى دەگێڕێـت لە ئاسایشى عێراقدا و دەبێت ئەوەى پەیوەندیی بە سوریاوە هەیە چارەسەرى بکەن.

سەباح
بەهاوکاریی کۆچى نێودەوڵەتى عێراق دەستیکردووە بە روپێویی کاریگەرییەکانى کەشوهەوا
عەبدولزوهرە هنداوى گوتەبێژی وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، پلانێکیان داناوە بۆ روپێویکردنى ئەو شوێنانەى عێراق کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواو و بە بیابانبوونەوە کێشەیان بۆ دروستبووە و سەرژمێریی ئەو هاووڵاتیانەش دەکەن کە بەو هۆیەوە ناچار بوون زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لەگەڵ رێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى هەماهەنگییان دروستکردووە و هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئەو مەبەستە بەردەستن و بەزووترین کات دەستپێدەکەن.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە، لە ماوەکانى رابوردوودا وەزارەتى پلاندانانى عێراق لەگەڵ رێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى کۆبووەتەوە و ئەو بابەتەیان تاووتوێکردووە و باسیان لە دەرئەنجامەکانى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و بە بیابانبوون کردووە.
گوتەبێژەکەى وەزارەتى پلاندانان دەڵێ، رێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى (IOM) هەموو هاوکارییەکى دارایی و لۆجستى و هونەریی وەزارەتى پلاندانان دەکات بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە و گەڕاندنەوەى ئاوارەکانى گۆڕانکاریی کەشوهەوا.

عەرەب
حەماس دەیەوێت هەموو بارمتەکانى ئیسرائیل پێکەوە ئازاد بکات بەڵام مەرجی هەیە
ئاژانسى فرانس پرێس لە زارى سەرچاوەیەکى تایبەتەوە بڵاویکردووەتەوە، لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دا پێشنیاری جۆراوجۆر هاتووەتە ئاراوە کە باس لە ناوخۆی حەماس دەکات سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتەکانى ئیسرائیل بەیەکەوە.
بڕیارە شاندێکى بزووتنەوەى حەماس بە سەرکردایەتی خەلیل حەیە بچێتە میسر و لەگەڵ بەرپرسانى باڵای ئەو وڵاتەدا کۆببنەوە و سەبارت بە چارەنووسى بارمتەکانى ئیسرائیل پرۆژەیەک بدەن بە نێوبژیوانەکانی میسر، بەو مەرجەى ئیسرائیل رازیی ببێت بە راوەستاندنى جەنگ کە ماوەکەى لە پێنج ساڵ کەمتر نەبێت.
سەرچاوەکەى فرانس پرێس رایگەیاندووەم ئەگەر ئەم پرۆژەیە سەربگرێت ئەوا ئیسرائیل دەکشێتەوە، و ئاوەدانى روو لەغەزە دەکاتەوە و بەشێکى زۆر لە کێشەکانى نێوانیان چارەسەر دەبن.
مەرجى ئیسرائیل بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە دانانى چەکى حەماس و حزبە فەلەستینییەکانى دیکەیە بەڵام حەماس دەڵێ، چەکدانان هێڵی سوورە و هیچ گفتوگۆیەکی لەبارەوە ناکرێت.
دەستوور
وادەى تۆمارکردنی پارت وهاوپەیمانێتێکان بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق چەند رۆژێکى ماوە
حەسەن هادى زایر ئەندامی دەستەى راگەیاندنى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، وادەى تۆمارکردنى ناوى پارت و هاوپەیمانى و لایەنەکان لە 15ـى نیسانەوە دەستى پێکردووە و رۆژی 4ـى ئایار کۆتایی دێت.
ئەو لایەنانەش پێشتر ناویان تۆمارکراوە پێویستە نوێنەرەکانیان سەردانى کۆمسیۆن بکەنەوە، بۆ ئەوەى بزانرێت بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن یان نا. تا ئێستا شەست هاوپەیمانى ناویان تۆمارکردووە، هیچ هاوپەیمانییەکى نوێ تۆمارنەکراوە
لەبارەى نوێکردنەوەى تۆماری دەنگدەرانیشەوە گوتى، تا ئێستا پێداچوونەوەیان بۆ هەزار حاڵەت کردووە و چارەسەریان کردوون، جەختیشى کردەوە رۆژانى هەینى و شەممانیش دەرگاى بنکەکانى نوێکردنەوە کراوەن و ژمارەیان 1079 بنکەیە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا و لە 24ـى مانگی رابوردووەوە دەستیان بە کارەکانیان کردووە و لە کاتژمێر 8ـى بەیانییەوە تا 5ـى ئێوارە لە خزمەتى هاووڵاتیاندان و تەنانەت رۆژانى پشووش کاردەکەن.
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
بەهۆی هەوای پیسەوە ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار کەس دەمرن
ژینگەى تورکیا تادێت بەرەوپیسبون دەچێت، بە جۆرێک ساڵانە دەیان هەزار کەس بەهۆی هەڵمژینی هەوای پیسەوە گیانلەدەست دەدەن. ئەم دیاردە کوشندەیە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پیسترە.
365 رۆژدا، 53 هەزار کەس بەهۆی هەڵمژینی هەوای پیسەوە گیانلەدەستدەدەن.
ئامارەکان ئاشکرایان کردووە، هەوای پیس کاریگەى لەسەر ئەو کەسانە زیاتر دروست دەکات کە تەمەنیان لەسەروو 30 ساڵانەوەیە.

تورکگون
نرخی خەیمە و کەلوپەلی پێداویستی بومەلەرزە چوار هێندە گران بووە
لەپاش زنجیرە بومەلەرزەکەی ئیستەنبوڵ بە 6.2 پلەى رێختەر، فرۆشتنى خەیمە و جانتای پێداویستییەکانی بومەلەرزە چوار هێندە زیادبووە.
نرخی پاوەربانک، تەرمۆز، فیکە، کەوچک و قاپی سەفەر و چەند پێداویستییەکی دیکە بەشێوەیەکی خێرا پێنج هێندە فرۆشی زیاد بووە.

سۆزجو
بێکاریی بووەتە پرسێکی گرنگی کۆمەڵگەی تورکیا
رێژەى بێکاریی لە تورکیا روو لە زیادبوونە و نزیکبوەتەوە لە 10٪، هاووڵاتیاینی تورکیا کاریان دەستناکەوێت و زۆربەشیان بە موچەیەک ناتوانن بژین.
لە پارێزگای ریزە لە کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی چا، داوای هەزار و 500 سەد کرێکار کراوە بۆ کارکردن بەڵام 53 هەزار کەس داواکاریان بۆ کارکردن پێشکەش کردووە. لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بێکاریی لە تورکیا لە چ ئاستێکدایە.

حوڕییەت
جەهەپە: گەلەکەمان خاوەندارێتی لە ئیرادەی خۆی دەکات
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە کۆبونەوەیەکی جەماوەریدا رایگەیاند، گەلەکەمان خاوەندارێتی لە ئیرادەى سندوقی هەڵبژاردن دەکات و ئەوانەشی دەیانەوێت ئیرادەى گەلەکەمان لێزەوت بکەن و کودەتا بەسەر ئیرادەی هەڵبژێردراوی ئێمە بکەن ئەوا بە توندترین شێوە گەل لەسەر سندوقی هەڵبژاردن وەڵامیان دەداتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە عومان بەڕێوەچوو
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کە گەڕی سێیەمی وتووێژە ناراستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو.
ئەمجارە وتووێژەکان زۆر جدیتر بوون و وردەکارییە تەکنیکییەکان تاوتوێ کراون.
ئامادەبوونی شارەزایان، بەتایبەت شارەزایانی ئابووری بۆ یەکەمجار، زۆر بەسوود بووە و بۆچوونەکان چەندین جار بە شێوەی نووسراو ئاڵوگۆڕ کراون.
سەرەڕای جدیبوونی فەزای وتووێژەکان و رەزامەندی هەردوولا بۆ پێشوەچوون، وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە کە ناکۆکییەکان لەسەر پرسە سەرەکییەکان هێشتا ماون و پێویستیان بە روونکردنەوەی زیاترە.

ئەترەک
تەقینەوەیەکی گەورە لە ئێران زیاتر لە 700 بریندار و 14 کوژراوی لێکەوتەوە
رۆژی شەممە تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک سەکۆکانی بەندەری شەهید رەجایی لە بەندەر عەباس روویدا.
بە گوێرەی دوایین ئامارە رەسمییەکان، زیاتر لە 700 کەس بریندار بوون و 14 کەس گیانیان لەدەستداوە.
تەقینەوەی کۆگایەکی هەڵگرتنی ماددە نەوتییە هەستیارەکانی کەرتی تایبەت بووە و شەپۆلی تەقینەوەکە زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکانی بەندەر، کەرەستەکانی بارکردن و باڵەخانەکانی دەوروبەر گەیاندووە و بووەتە هۆی پچڕانی کاتیی کارەبا.
دەستبەجێ 28 تیمی فریاگوزاری مانگی سوور و پێنج هەلیکۆپتەر رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران بۆ گواستنەوەی برینداران.
هەموو چالاکییەکانی بەندەرەکە تا کاتێکی نادیار راگیراون.
کار و کارگەر
رێپێوان بۆ رۆژی جیهانی کرێکاران لە ئێران پێویستی بە مۆڵەتە
عەلی زەینی وەند، جێگری سیاسی وەزیری ناوخۆی ئێران، سەبارەت بە ئەگەری بەڕێوەبردنی رێپێوان لە رۆژی جیهانی کرێکارن دەڵێ، کە هەرچەندە یاسای بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و رێپێوانەکان لە کارنامەی پەرلەماندایە و وەزارەتی ناوخۆش خەریکی داڕشتنی دوایین رێنماییەکانە، بەڵام تائێستا هیچ داواکارییەک بۆ رێپێوانی رۆژی کرێکار پێشکەش نەکراوە.
ئەو گوتی، ئەگەر داواکارییەک پێشکەش بکرێت، بێگومان لە چوارچێوەی یاسادا لە وەزارەتی ناوخۆ تاوتوێ دەکرێت بەڵام بەڕێوەبردنی هەر کۆبوونەوەیەک پێویستی بە چوارچێوە و رێکار هەیە و پێویستە داواکاری پێشکەش بکرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

باختەر
پارێزگاری کرماشان و هەڵەبجە باسیان لە کردنەوەی دەروازەی سازان کرد
پارێزگاری کرماشان، لەگەڵ شاندێکی رەسمیدا، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان لە هەرێمی کوردستان کرد.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکە تاوتوێکردنی رێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی و ئابوورییە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی وەک شۆشمێ و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری کردنەوەی دەروازەی سازان.
هەروەها باس لە هاوکاریی فەرهەنگی، زانستی و زانکۆ، تەندروستی و گەشتیاری ، پیشەسازی بچووک و مامناوەند و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی کراوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ترەمپ پشتی کردە پوتین
پاش ئەوەی لە میانەی پرسەکەی پاپادا دیدارێکی مێژوویی لەگەڵ زێلینسکیدا ئەنجامدا، ترەمپ توڕەیی خۆیی بەرامبەر بە روسیا دەربڕی.
ترەمپ و زێلینسکی لەکاتی پرسەکەی پاپادا لە گۆڕەپانەکەی بازیلیکای کڵێسای سان پیتەردا پێکەوە گفتوگۆیەکی رووبەڕووویان ئەنجامدا.
ترەمپ رەخنەی لە سەرۆکی روسیا گرت و گوتی، تووڕەم دەکات، لەبەرئەوە بیر لەوەدەکاتەوە سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت.
هەر لە رۆمادا گفتوگۆی لەگەڵ چەند هاوپەیمانێکی ئەوروپیشدا کردووە، لەپاش بەجێهێشتنی رۆماوە گوتی: پوتین هیچ بەهانەیەکی نەبووە بۆ موشەکبارانکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکانی مەدەنی، بەڵام کردوویەتی. ئەمە واملێدەکات، کە وابیربکەمەوە پوتین نایەوێت شەڕەکە رابگرێت.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
لەبارەی بازرگانیکردنەوە ئەمریکا بەرنامەیەکی ستراتیژیی داناوە
بەرنامەی ئیدارە نوێیەکەی ئەمریکا وایە، گفتوگۆ لەگەڵ 18 وڵاتدا دەست پێبکات، بۆئەوەی بگەن بە رێککەوتن.
ئیدارەی ئەو وڵاتە نەخشەرێگایەکی داناوە، بۆئەوەی بە یەک پرۆژەی نەگۆڕ و ئامادەکراوەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بکەوێتە دانوستاندن کردن.
شارەزایان دەڵێن، رەخنەیەکی زۆر لەناوخۆی ئەمریکادا لەسەر سیاسەتی باجە نوێیەکان هەیە. بۆیە لە هەوڵێکدا بۆ سازکردنەوەی گفتوگۆ لەبارەی باجەکانەوە نوێنەرایەتیی کەرتی بازرگانیی ئەمریکا بەرنامەیەکی کاری داناوە رێکەوتنی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا پێبکات.
نەیشن ئەند وۆڵد
بڕینی کۆمەکەکان گرفتی بۆ کارکردن لە دژی بڵاوبوونەوەی مەلاریا دروستکردووە
شارەزایانی بواری تەندروستی هۆشداریدەدەن، کە بەرەوپێشچوون لە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەم نەخۆشیەدا روونەدات.
وەرزی باران لە نایرۆبیی پایتەختی کینیا دەست پێدەکات و لە ئێستاوە ئیتر گەواڵەی هەورە چڕەکان بەئاسمانی نایرۆبییەوە دەبیندرێن.
لە ئێستاوە ئیتر دەبێت، خەڵکی نیشتەجێبووی ئەو ناوچانە ناو ماڵ و حەوشەو شوێنی کارکردنەکانی خۆیان بە دەرمانی قەڵاچۆکردنی مێرووەکان دەرمانرێژبکەن.
بارانبارین دەستی پێکرد، ئیدی ئەو مێشوولانەی نەخۆشیی مەلاریا لەناو خەڵکدا بڵاودەکەنەوە زۆر دەبن. بەڵام وا سەرەتای وەرزی دابارینە و خەڵکی ناوچەکانی بوسیا و میگۆری ترسیان لێنیشتووە، هیچ دەرمانێکی دژە مێشوولەی مەلاریایان نیی.
عەرەب نیوز
پاکستان داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە دەکات لەبارەی ئاڵۆزییەکانی کشمیر
شاباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەکاتێکدا داوای لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە دەکات، کە دوو رۆژە سوپای ئەم دوو وڵاتە ناوبەناو تەقە لە یەکدی دەکەن.
دوێنێ شەممە شاباز شەریفی سەرۆکوەزیرانی پاکستان گوتی، سوپای وڵاتەکەی ئامادەن بەرگریی تەواو لە خاکی نیشتمانی خۆیان بکەن و سەروەرییەکەشی بپارێزن.
داواشی کرد لیژنەیەکی بێلایەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەو هێرشە سەربازییە پێکبهێندرێت، کە کرایە سەر کۆمەڵێک گەشتیاری کشمیری هیندستان و ژمارەیەکی لێ کووشتن.