زووم..
بە بۆنەی بەستن و سەرکەوتنی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستى کورد لە رۆژاڤا، لاهور شێخ جەنگی، پەیامێکی ئاڕاستەی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد و دەڵێت، ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی و لەبیرنەکراوە، نەک تەنها بۆ رۆژاڤا بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەى کوردستان.
لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەکەیدا بە مەزڵوم عەبدی دەڵێت، ئێوە ئەو تێگەیشتنەتان ئاوەژوو کردەوە چەندین دەیەیە رۆچووەتە نێو مێشک و هزرمان گوایە “میللەتى کورد قەت نابنە برا” بەڵام ئێوە پێتانگوتین، دەتوانین برا بین و پشتوپەناى یەکدى بین.
دەشڵێت، سەرکەوتنی کۆنفراسەکە درێژکراوەى سەرکەوتنەکانى 14 ساڵى رابردووتانە، وەک چۆن لە مەیدانى شەڕى گەورەترین رێکخراوى تیرۆریستى جیهانی، ئەزموونى رۆژاڤاتان پاراست، ئێستاش دەستى ئاشتیتان بۆ لایەنە کوردییەکان درێژکردووە و بەوەش دەتوانن پایەکانى ئەزموونەکە تۆکمەتر بکەن و وێنایەکى جوانى نەتەوەى کورد پیشانى هەموو جیهان بدەن.
لاهور شێخ جەنگی دەشڵێت، وەک چۆن دە ساڵ لەمەوبەر کۆبانێمان بەتەنیا بەجێنەهێشت و هاوكار بووین بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکان بە رووی رۆژڤادا، ئێستاش بە هەمان گیانى نەتەوەیی بۆ ئەوەى ئەم کاروانە ئاشتى و برایەتییە بگاتە دوامەنزڵ، هەرچییەکمان لەدەستبێت درێغى ناکەن، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی و لاى وڵاتانى دۆست و هاوپەیمانانیش، بەردەوام دەبن لە کۆکردنەوەى پشتیوانىی زیاتر تاوەکو لەم قۆناغە نوێیەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، دەستکەوتەکانى نەتەوەکەمان پارێزراو بن و تۆکەمتریان بکەین.