زووم…
کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کورد بە رۆژاڤا کۆتاییهات، داوا دەکەن ناوچە کوردییەکان وەکو یەکەیەکی سیاسیی ئیداری یەکبخرێت، سیستمی بەڕێوەبردنی سوریا فیدراڵی بێت و دان بە بوونی نەتەوەیی کورددا بنرێت، بڕیاریانداوە لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوا بە شاندێکی هاوبەش گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بکەن.
لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا هاتووە، ناسنامەی سوری بۆ ئەو کوردانە بگەڕێنرێتەوە، کە لە ناسنامە بێبەشکراون و قەرەبوو بکرێنەوە، ئەنجامەکانی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و سیاسەتی بەعەرەبکردن و پشتێنی عەرەبی دژی کورد رابگیرێت، ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی لە دۆخێکی ئارامدا بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
کورد لە رۆژاڤا داواشدەکات بەشداریی بکات لە دامەزراوەکانی یاسادانان و دادوەریی و جێبەجێکردن و ئەمنی، هەروەها رێژەیەک لە داهاتی سامانەکانی ناوچە کوردییەکان بۆ پەرەپێدان و بونیاتنانەوە بەکاربهێنرێتەوە.
کۆنفرانسی یەکڕیزیی رۆژاڤا داواشیکردووە زمانی کەردی بە فەرمی بناسێنرێت و مافی خوێندن بە زمانی کوردی دابینبکرێت، رۆژی 21ـی ئازار و نەورۆز بکرێتە جەژنی فەرمی لە سوریا، هەروەها کەناڵی تەلەڤزیۆن و رادیۆ بە زمانی کوردی بکرێتەوە.