زووم..
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە زوومی راگەیاند، رۆژی دووشەمەی ئەم هەفتەیە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی چوار لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو دەکرێت، دواتر دەخرێتە سەر مێزەکەى تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق.
سەرچاوەکە دەڵێت، بڕیارە سبەى تەیف سامی، بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتى دارایی، چونکە هەفتەى رابردوو لە ئەمریکا بوو، بەڵام پێشتر لە رێگەی بەرپرسی نوسینگەکەی ئاگاداری شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی کردووە، تێبینی لەسەر ئەو 48 ملیار دینارە هەیە، کە هەرێمی کوردستان وەکو داهاتی نانەوتی بۆ مانگی سێ ناردوویەتی.
سەرچوەکە رایگەیاند: وەزیری دارایی گوتوویەتی ئێمە چاوەڕێمان دەکرد نزیکەی 90 ملیار دینار لە هەولێرەوە بۆ بەغداد بنێردرێت، بەڵام بە بیانووی خەرجکردنی داهاتی نانەوتی بۆ خەرجی بەکاربردن هەرێمی کوردستان بڕەکەی بۆ 48 ملیار کەمکردووەتەوە، بۆیە تەیف سامی گوتوویەتی لیستی مانگی چوار پەسەند ناکات و لەگەڵ خۆی دەیباتە کۆبوونەوەی ئەم سیشەممەیەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی لەوێ پەسەند بکرێت و بەرپرسیارێتی ناردنی مووچەی ئەم مانگەی لەسەر خۆی لابردووە، بەڵام نوسینگەی وەزیری دارایی عێراق بە ناوی تەیف سامی بە شاندی تەکنیکیان گوتووە سەرەڕای هەبوونی تێبینی لەسەر داهاتی نانەوتیی هەرێم، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی پابەندە بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان
چاوەڕێ دەکرێت دوای کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی چوار لە بەغدادەوە دەستپێبکات و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە چوار و پێنجی مانگی داهاتوو کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەکات دەس بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.