زووم..
ئەمڕۆ گەڕی سێهەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە عومان بەڕێوەدەچێت، شاندی هەردوو وڵات گەیشتوونەتە مەسقەتی پایتەخت.
بەگوێرەی میدیای ئێران، سەرەتا شاندی هونەریی هەردوو وڵات کۆدەبنەوە، دواتر شاندی باڵا بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئیران و ستیف ویتکۆف نێردەی ترەمپ گەڕی سێهەمی دانوستان دەستپێدەکەن.
گواستنەوەی دانوستانەکان لە رۆماوە بۆ مەسقەت بەهۆی کۆچی دوایی پاپا فرانسیسەوە بووە.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئارمانی ئیمروز، رەنگە ستیڤ ویتکۆف و عەباس عیراقچی دیداری دووقۆڵیان هەبێت.
ئێران و ئەمریکا دانوستانەکانی پێشوویان لە عومان و رۆما بە ئەڕێنی ناوبردووە، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عومان رایگەیاندبوو، ئەمریکا و ئێران لە دانوستانەکانی رۆما رێککەوتبوون بچنە قۆناغی دووەمی دانوستانەکانەوە، بۆئەوەی لە کۆتاییدا بگەنە پابەندیی تەواوەتیی ئێران بە دوورکەوتنەوە لە چەکی ئەتۆم، هەروەها پابەندیی ئەمریکا بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر تاران.