رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبارى سوریا دەڵێ دۆخی وڵاتەکە فشەڵە
گیر پیدرسۆن نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا لە میانى دانیشتنێکی تایبەتى ئەنجوومەنى ئاسایشدا سەبارەت بە دۆخی سوریا بە ئامادەبوونى ئەسعەد شەیبانى وەزیری دەرەوە رایگەیاند، دۆخی کەنارەکانى سوریا هێشتا لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدایە.
گوتى، گرنگترین و سەرەکیترین کارى سوریاى نوێ ئەوەیە بتوانێت تەندروستانە باکووری رۆژهەڵاتى سوریا لەگەڵ ناوەندەکەى پەیوەست و تێکەڵ بکاتەوە.
دۆخى ئابوورییەکەى کارەساتبارە، لە بارەى دۆخی ئاسایشى وڵاتەکەشەوە گوتى، زۆر فشەڵە و پێویستى بە بەهێزکردنى ئابوورى و چاکسازیی سیاسی گەورە هەیە.

عەرەب
دروزەکان و ئیسرائیل بە پاساوی مەراسیمێکى ئاینیی لەیەک نزیکدەبنەوە
پەیوەندییەکانى نێوان دروزەکانى سوریا و ئیسرائیل بەرەوپێشچوونى لەبەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش دیمەشقى نیگەرانکردووە.
دوێنێ 600 پیاوى ئاینیی دروزەکان بۆ زیندووکردنەوەى بۆنەیەکى خۆیان چوونەتە ئیسرائیل و دوو سەرچاوەى ناوخۆییش بە رۆژنامەکەیان گوتووە، لەم مانگەدا ئەوە دووەم جاریانە سەردانى ئیسرائیل بکەن.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە زیاتر لە 140 ساڵە نەریتێکى ئاینیی لەنێو دروزەکانى سوریا، لوبنان و ئوردن دا هەیە کە ساڵانە لە نێوان 22 تا 25ـى مانگی نیساندا سەردانى مەقام و گڵکۆی شوعەیب پێغەمبەر دەکەن کە دەکەوێتە ناوچەى جەلیل، بەڵام لە دواى 1948 ـەوە ئەو مەراسیمە رێگەى پێنەدراوە تا ئەو کاتەى رژێمەکەى بەشار ئەسەد کۆتایی پێهاتووە.
رۆژنامەکە لە زارى بەشداربوویەکى مەراسیمەکەوە نوسیویەتى زیارەتکاران داوایانکردووە هەفتەیەک بمێننەوە بەڵام دەسەڵاتدارانى ئیسرائیل رەزامەندییان لەسەر یەک شەو رۆژ داوە.
رۆژنامەکە لە زاری یەسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە هەرکەس و لایەنێک دەست بۆ درووزەکان درێژبکات دەستدرێژى کردووەتە سەر ئیسرائیل و ئازارى پێدەگەیەنین.
عەرەبی جەدید
چەند رۆژێکە دیمەشق بووەتە کاروانسەراى کۆبوونەوە هەواڵگرییەکان و شاندێکى عێراقیش لەوێیە
چەند رۆژێکە دیمەشق لە پێشوازیی شاندی جۆراوجۆری عەرەبی و نێودەوڵەتیدا سەرقاڵە، گۆڕانکارییەکان خێران، ئاڵاى نوێی وڵاتى سوریا لەبەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان بەرزکرایەوە. بەریتانیا سزاى لەسەر 12 ناوەندی ئەو وڵاتە لابرد لە نێویاندا وەزارەتەکانى ناوخۆ و بەرگریی.
رۆژنامەکە نوسیویەتى چاوەڕێی هەمان هەڵوێست لە ئەمریکاش دەکرێت، هەردوێنێ شاندێکى باڵاى روسیا لە دیمەشق بوو.
نوسینگەى سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە بەغداد شاندێکى تایبەتى ناردووەتە دیمەشق بۆ گفتوگۆکردن لە بارەى بەگەڕخستنەوەى بۆریی نەوتى عێراق لە سوریاوە بۆ سەر دەریاى ناوەڕاست و بەهێزکردنى سنوورەکانى نێوان هەردوو وڵات و بنبڕکردنى تیرۆر.

جەریدە
خامنەیی بەڕێوەبەرى کەناڵێکى تەلەفزیۆنی لەکارەکەى دوورخستەوە
لە هەنگاوێکى چاوەڕوان نەکراوى بێ پیشینەدا و بە فەرمانى راستەوخۆی عەلى خامنەیی رێبەرى ئێران پەیمان جەبەلى بەڕێوەبەری گشتى تەلەفزیۆنی فەرمی کەناڵ یەک لەکارەکەی دوورخرایەوە.
هاوکات هەشت کارمەندی دیکەى لە کارەکەى دوورخستەوە لەبەر ئەوەى لە رێگەى بەرنامەیەکى خێزاییەوە سوکایەتى بە سونەکان و لەناویدا عەرەبستانى سعودییەکراوە.
نوسینگەى خامنەیی رایگەیاندووە، کارى میدیا یەکخستن و نزیککردنەوەى موسڵمانانى وڵاتەکەیەتى نەک ناکۆکی خستنەوە لەنێوانیاندا.
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
یاسای تایبەت بە رەوشی زیندانییە سیاسییەکان هەمووار دەکرێتەوە
سەزای تەمەلی بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند، لە دیدارەکەى شاندی پارتەکەى لەگەڵ وەزیری داد ئاماژە بە مافی ئومێد بۆ عەبدوڵا ئۆجالان نەکراوە.
گوتیشی، حکومەت بەم نزیکانە پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمان هەمواردەکاتەوە پەیوەستە بە رەوشی زیندانە سیاسییەکان و مافی ئومێد لەخۆ ناگرێت.
تەمەلی راشیگەیاندووە، لەو کۆبونەوەیەدا باسمان لە باشکردنی هەلومەرجی ئۆجالان لە زیندان کردووە بۆئەوەى دەرفەتی زیاتری بۆ بڕەخسێنرێت تاکوو کار بۆ سەرخستنى پرۆسەکە بکات.
یەنی بیرلیک
تورکیا یەكێکە لەو وڵاتانەی خاوەن زۆرترین بەساڵاچوون
لە تورکیا ژمارەى بەساڵاچوون بەشێوەیەکی خێرا لەبەرزبونەوەدایە. لە ساڵی 2023 دا رێژەى بەساڵاچوو 28.7 % بووە بەڵام لەمساڵدا رێژەکەگەیشتووەتە 29.7%.
بەگوێرەى سەرچاوەکان لەماوەی 10 ساڵی رابردووشدا ژمارەى لەدایکبوون بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
یەک لە هۆکارەکانیش بۆ قەیرانی ئابووری لەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.
یەنی ئاسیا
هاووڵاتییانی ئیستەنبوڵ لە ترسی بومەلەرزە لەژێر چادرد دا ژیان دەکەن
لەپاش بومەلەرزە بەهێزەکەى رۆژى چوار شەممەی رابردوو، زنجیرەیەک بومەلەرزەى دیکە لە ئیستەنبوڵ و چەند شارێکی دیکەش هاتەئاراوە بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتەوە.
هاووڵاتییانی ئیستەنبوڵ شەوانە لەژێر چادر دا رۆژ دەکەنەوە و پسپۆڕانیش دەڵێن، پێویستە بە زووترین کات پرسی نۆژەنکردنەوەى باڵەخانە کۆنەکانی شارەکە لە پەڕلەمان گفتوگۆی لەسەر بکرێت بۆ رێگریی کردن لە قوربانی لێکەوتنەوە.

میللییەت
جەهەپە هاوکاری لێقەوماوانی بومەلەرزەکە دەکات
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە، لە کۆبونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکشارەوانییەکاندا داوای لێکردوون هاوکاری هاووڵاتییانی ئیستەنبوڵ بکەن، بە تایبەت ئەوانەى هێشتا لەنێو چادر دا ژیان دەکەن.
راشیگەیاندووە، بەدەم هەموو پێویستییەکی هاوڵاتیانەوە بچن.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئیمروز
ئەمڕۆ بۆ دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا چارەنووسسازە
شاندی دانوستانکاری ئێران گەیشتوونە مەسقەتی پایتەختی عومان بۆ ئەنجامدانی خولی سێیەمی دانوستانەکان لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا.
عەباس عێراقچی سەرۆکایەتی هەردوو شاندی دیپلۆماسی و تەکنیکی دەکات.
ئێران جەخت لەسەر مافی خۆی بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی دەکاتەوە بۆ مەبەستی ئاشتیانە و هەڵگرتنی گەمارۆکان و چاوەڕێی لایەنی بەرامبەرە بۆ رێککەوتن.
لە کاتێکدا هەردوو لا رەزامەندییان لەسەر دانوستانەکانی پێشوو دەربڕیوە، ناکۆکی لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم ماوەتەوە.
ئێران ئەم مافە بە هێڵی سوور دەزانێت، بەڵام لەناو ئیدارەی ئەمریکادا بۆچوونی جیاواز هەیە.
گواستنەوەی دانوستانەکان لە رۆماوە بۆ مەسقەت بەهۆی کۆچی دوایی پاپا فرانسیسەوە بووە.
چاوەڕوان دەکرێت ستیڤ ویتکاف، نوێنەری تایبەتی ترەمپ، دیدارێکی جیاوازی لەگەڵ عێراقچی هەبێت.
ئەبرار
ورمێ و ئیلام لە ریزبەندی سەرەوەی هەڵاوسانی ئێرانن
بە گوێرەی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی شەش مانگە بەرزترین رێژەی هەڵاوسانییان لەسەر ئاستی ئێران تۆمار کردووە.
ئەمساڵ رێژەی هەڵاوسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان 37% بووە، لە کاتێکدا تێکڕای هەڵاوسان لە ئێران 32% بووە.
پارێزگاکانی ورمێ بە 36%و ئیلام بە 35% لە پلەکانی دووەم و سێیەمی ئێراندا دێن.
لە بەرامبەردا، پارێزگای کرماشان بە رێژەی 30% هەڵاوسانی کەمتری هەبووە.

باختەر
بوومەلەرزە مەترسییە لەسەر ئاسەوارە مێژووییەکانی کرماشان
پارێزگای کرماشان، وەک ناوەندێکی گرنگی شارستانیەت و خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندی بیناسازی، رووبەرووی مەترسییەکی جدی بومەلەرزە بووەتەوە.
ئەم پارێزگایە دەکەوێتە سەر پشتێنەی بومەلەرزەی زاگرۆس و ئەمەش وایکردووە کە ئاسەوارە مێژووییە دێرینەکانی لە بەردەم هەڕەشەی لەناوچووندابن.
پسپۆران هۆشداری دەدەن کە کۆنیی بیناکان، داخورانی کەرەستەکان و نەبوونی رێوشوێنی پێویست بۆ بەهێزکردنیان، بەرگرییان لە بەرامبەر بومەلەرزەدا کەمکردۆتەوە.
ئەزموونی تاڵی بومەلەرزەکانی رابردوو نیشانی داوە کە پشتگوێخستنی ئەم بابەتە دەکرێت ببێتە هۆی کارەساتی قەرەبوونەکراوە.
بۆیە داوا دەکرێت بە زووترین کات رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، لەوانە هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان، پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش و رەچاوکردنی شێوازی بیناسازی رەسەن لە نۆژەنکردنەوەکاندا بۆ پاراستنی ئەم میراتە کولتوورییە گرنگە.

تەجارەت
ئێران رێبازێکی نوێ بۆ بازرگانی لەگەڵ ئەفریقا دەگرێتەبەر
رێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران رایگەیاند، کە رێبازێکی نوێی بۆ بازرگانی لەگەڵ کیشوەری ئەفریقا گرتوەتەبەر بە ئامانجی زیادکردنی ئاڵوگۆڕ و بەردەوامبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکان.
لە ئێستادا نزیکەی 95٪ی بازرگانی نێوان ئێران و ئەفریقا بریتییە لە هەناردەی کاڵای ئێرانی بۆ ئەو کیشوەرە، ئەمەش مۆدێلێکی بازرگانیی بەردەوام نییە.
قەبارەی بازرگانی ساڵانەی ئەفریقا لەگەڵ جیهان ترلیۆنێک و 500 ملیار دۆلارە، بەڵام پشکی ئێران زۆر کەمە.
رێبازە نوێیەکە جەخت لەسەر چوار بواری سەرەکی دەکاتەوە: پترۆکیمیایی، کانزا، تەندروستی، کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک.
ئەفریقا سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکان و هەروەها دەرفەتێکی زۆری بۆ کشتوکاڵی دەرەوەی سنوور هەیە.
لە بەرامبەردا، ئێران دەتوانێت ئامێر و تەکنەلۆژیا و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەناردە بکات.
هەروەها بواری خزمەتگوزارییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان و پیشەسازیی پۆڵا دەرفەتی گەورەی تێدایە، بە مەرجی چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی بانکی.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ترەمپ لەبارەی ئۆکراینەوە پشتگیری لە پلانێکی بەریتانیا دەکات
ئەمریکا دەستپێشخەرییەکی هەیە دەڵێ، لایەنی ئاسایشیی ئەو هێزە دابیندەکات، کە کێیە ستامەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێشنیازی کردووە بەناوی هاوپەیمانێتیی خۆویستانەوە دروستی بکەن، بۆئەوەی سنوری بەریەککەوتنی نێوانی سوپای روسیا و ئۆکراین بپارێزن.
ئەو پرۆژەیەی ئەمریکا پێشکەشیکردووە ئەوەیە بەڵێنیانداوە زانیاریی هەواڵگری و پاڵپشتیی لۆجیستی بۆ ئەو سەربازە بەریتانی و ئەوروپییانە دابین بکەن، کە دەچنە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە و دەنێردرێن بۆ ناو خاکی ئۆکراین بۆئەوەی لەسەر هەر سێ ئاستی ئاسمانی و زەمینی و دەریایی رێگری لە روودانی بەریەککەوتنی نێوانی هەردوو سوپای رووسیا و ئۆکراین بکەن.
تایمز
ئەمریکا هۆشداری دەدات بە زێلینسکی
پەستان خراوەتە سەر کیێڤ بۆئەوەی دەست لە بەشێک لە خاکەکەی هەڵبگرێت.
ئەو پلانەی پوتین کە رێگە بە روسیا دەدات دەست بە سەر خاکەداگیرکراوەکانی ئۆکرایندا بگرێت، لەلایەن ترەمپەوە جێگیرکراوە. هەر دەڵێی، نەخشی سەر بەردە.
رۆژنامەی تایمز زانیاریی دەستکەوتووە و دەزانێت، پەستان خراوەتە سەر زێلینسکی ئاشتییەکی بەزۆر سەپێندراو پەسەند بکات.
رەنگە ئەمڕۆ لە میانەی بەشداریکردن لە پرسەی پاپادا، ترەمپ لە رۆما چاوی بە زێلینسکی بکەوێت، لەو دیدارەدا پەستانی بخرێتە سەر ناچارببێت دەست لە ئەو خاکانەی وڵاتەکەی هەڵبگرێت کە لەلایەن سوپای روسیاوە دەستی بەسەرداگیردراوە، بۆئەوەی کۆتایی بە شەڕەکە بێت.

فاینەنشیەڵ تایمز
هەموو کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئایفۆنی ئەمریکی لە چینەوە دەگوێزرێنەوە بۆ هیندستان
پێدەچێت لەمەودوا ئیتر ئەپڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی خۆی لەناو چیندا نەهێڵێت. هۆکارەکەشی ئەو شەڕی باجانەیە لە نێوانی ئەو دوو وڵاتەدا دروستبووە.
ئەم کۆمپانیایە پلانی هەیە ناوەندەکانی بەستن و کۆکردنەوەی خۆیان لە چینەوە بگوێزنەوە بۆ هیندستان. ئەم هەنگاوە رەنگە لە ساڵی داهاتوودا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
چەند کەسێکی ئاگادار لەم بابەتە بە رۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمزیان گوتووە، هۆکاری ئەم هەنگاوە خۆلادانی ئەپڵە لەو شەڕە بازرگانییەی لە نێوانی ئەو دوو وڵاتەدا دروستبووە.
بەڵام ئەو هۆکارەی کە راگەیەندراوە، دەڵێت، ئەپڵ چاوی لەسەر ئەوەیە، کە ژمارەی ناوەندەکانی خۆی زۆرتر بکات، چونکە دەیانەوێت کارگەکانیان بگوێزنەوە هیندستان بۆئەوەی تا کۆتایی ساڵی 2026 بتوانن تەنها لە ئەمریکادا شەست ملیۆن ئایفۆن بفرۆشن.

گەڵف نیوز
سەرۆکوەزیرانی هیندستان هەڕەشە لە پاکستان دەکات
لەپاش هێرشەکەی ناوچەی کشمیرەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانی هیندستان و پاکستان گرژبووەتەوە.
نارێندرا مۆدی سەرۆکوەزیرانی هیندستان هەڕەشە دەکات و دەڵێ، وڵاتەکەی سوورە لەسەر سزادانی ئەو کەسانەی کە هێرشەکەی سەر گەشتیارانی ناوچەی کشمیریان ئەنجامداوە و کۆمەڵێک گەشتیاری مەدەنییان کوشتووە. کوشتنی ئەم گەشتیارانە خراپترین هێرشی ئەنجامدراوی ماوەی بیست و پێنج ساڵی رابوردووی نێوانی ئەم دوو وڵاتەیە. مۆدی گوتی، دەمەوێت بە هەموو جیهان بڵێم، کە هیندستان ئەو تیرۆستانە و ئەو کەسانەش دەدۆزێتەوە، کە لە پشتیانەوەن، دەبێت سزای یەک بە یەکی تیرۆریستەکان بدات.