زووم..
بەگوێرەی نووسراوی کۆمسیۆن، بڕیارە سبەی کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجام بدرێت، گۆڕانی کوردسات داوا دەکات ئەندامانی کۆنفرانس بەشدار بن و گۆڕانی گردەکەش دەڵێت، سبەی رێژەی یاسایی تەواو نابێت و هەر کۆنفرانسێک ببەسترێت “خەوشی یاسایی” لەسەرە.
زوومی سلێمانی گواستییەوە، گۆڕانی کوردسات داوا لە ئەندامانی کۆنفرانس دەکات سبەی بەشداری بکەن و ناوی زیاتر لە دوو هەزار کەسیان داوەتە کۆمسیۆن کە سبەی بەشدار دەبن.
سەرچاوەیەک لە گۆڕانی کوردسات بە زوومی گوت، لە کۆنفرانسەکەدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، نوێنەری سلێمانی لە کۆمسیۆن، نوێنەری حکومەت و پارێزگای سلێمانی بەشدار دەبن.
لای خۆشیەوە گۆڕانی گردەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، بزوتنەوەی گۆڕان لە پێنجی ئەم مانگەدا کۆنفراسی ئەنجامداوە و بەشێوەیەکی یاسایی داوا دەکەن کۆمسیۆن پەسەندی بکات، دەشڵێت، کۆنفرانسەکەی سبەینێ خەوشی یاسایی لەسەرە و رێژەیی یاسایی تەواو نابێت.
گۆڕانی گردەکە ئاماژە بەوەش دەکات، بەگوێرەی یاسا دەبێت هەزار و 64 کەس لە ئەندامانى دەستەى گشتى بە بەڵگەنامەی فەرمی ئامادە بن، بۆیە بەرپرسیارێتیى یاسایی سەبارەت بە نیسابی یاسایی دەخەنە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەشڵێ، کۆمسیۆن پێویستە خۆی دوور بگرێ لە هەر دەستێوەردانێکی نایاسایی.