زووم..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، یان عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆببێتەوە و گفتوگۆی راستەوخۆ بکات.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایمی ئەمریکی گوتی، پێیوایە لەگەڵ ئێران دەگەنە رێککەوتن و رەتیکردەوەتەوە کە رێگری لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کردبێت.
بڕیارە رۆژی شەممە گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لەنێوان واشنتن و تاران لە عومان بەڕێوەبچێت. دانوستانەکانی بەشێوەیەکی ناراستەوخۆیە و عومان نێنوەندگیری دەکات و نامەکان ئاڵوگۆڕ دەکات، بەشێکی زۆری دانوستانەکانیش دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە.
لە دوو گەڕی پێشووی دانوستانەکان هیچ بەرەوپێشچوونێک رووینەداوە، بەڵام هەردوو بە “ئەرێنی” وەسفی دانوستانەکانیان کردووە. دوێنێ پێنجشەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر داواکاریی ئەمریکا تەنها ئەوە بێت کە ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆم نەبێت، ئەمە خواستێکە دەکرێت بەدیبێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی کردووە لەحاڵەتی رێککنەکەوتنیان لەگەڵ ئێران و لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ گۆڤاری تایم ئەمەی دووپاتکردەوە و گوتی “رێککەوتن لە هێرشی سەربازی باشترە، ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، لەوانەیە پەنا بۆ هێرش ببرێت و بۆمباران بکرێن.”