زووم..
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، کەرکوک خۆکردانە گەڕایەوە باوەشی کورد و هێزە کوردستانییەکان و لەوێ جێگیربوون، بەتایبەتیش هەردوو هێزی سەرەکی هەرێم(پارتی و یەکێتیی)
وەک چۆن هەرێمی کوردستانیان دابەشکردووە بەسەر دوو یەکەی حزبی و بنەماڵەییدا، بەهەمان شێوە ئەزموونە حزبی و بنەماڵەییەکەیان گواستەوە ناو دامەزراوەکانی کەرکوک، ئەمە وێڕای ئەنجامدانی سەدان تاوان و تاڵانی لە یەکەم ڕۆژی ئازادبوونیەوە تا 16ـی ئۆکتۆبەر
بەپێی دەستوری عێراقی فیدراڵی، نەک کەرکوک بەڵکو شارەکانی هەرێمیش بەشێکن لەئێراق وەک هەموو پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشوور، تەنها جیاوازییەکەی کەرکوک ئەوەیە کە بەستراوەتەوە بە ماددەی 140ـی دەستوری و دەستورەکەش لەلایەن زۆرینەی خەڵکی ئێراقەوە دەنگی بۆ دراوە بە سێ پارێزگاکەی هەرێمیشەوە
کەرکوک لە ساڵی 2003ـەوە تا 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 وەک هەرێمێکی دیفاکتۆ هەر لەژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا بووە، بەپلەی یەکەمیش یەکێتیی زیاتر باڵادەست بووە تێیدا، لەو چواردە ساڵەدا ئەوەی بەعس پێینەکرا بەرامبەر شارەکە ئەوان بەناوی کوردایەتییەوە کردیان و هێندەی دیکە بارودۆخی ناوچەکانی سنوری ماددەی سەد و چلیان ئاڵۆزکرد
دوای دەرکەوتنی سەرەتاکانی نەمانی داعشیش، هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە پارتی و یەکێتییان ڕاگەیاندبوو، هێزەکانتان بکشێننەوە بۆ هێڵە دیاریکراوەکانی دژە فڕین، واتە هێڵی سی و شەش
گەڕانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و بەشێک لە یەکەکانی سوپای عێراق بۆ کەرکوک لە 16ـی ئۆکتۆبەردا، بە فەرمانی حکومەتی عێراقی بووە، پارتی و یەکێتیش، بەشێکی سەرەکی حکومەتەکە پێکدەهێنن و دەیان پلە و پۆستی باڵایان هەیە، دەبێ لەو کاتەدا کێ داگیرکەر و خیانەتکاربێت، جگە لەوەش هێزەکانی حەشدی شەعبی، بوونەتە هێزێکی یاسایی لە چوارچێوەی حکومەتی عێراق ، پارتی و یەکێتی خۆیان لە پەرلەمانی عێراقدا دەنگیان بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی داوە وەک هێزێکی نیشتیمانی، ئەگەر ئەو هێزانەداگیرکەر و نەیاربن، واتە ئێوەیەک کە دەنگتان بۆ بە یاسایی بوونیان داوە، چەندین جار دەبنە خیانەتکار و بەکرێگیراو
16ـی ئۆکتۆبەر،دەرهاویشتەی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بوو بۆ هاوسەنگی هێز لەناوچەکەدا، هیچ پەیوەست نەبووە بە ستراتیژیەتی هێزە کوردییەکانەوە و تا ئێستاش هێزە کوردییەکان نازانن هەر چەمکی ستراتیژ مانای چییە
تەخوینکردنی هەر کەس و لایەنێکیش پەیوەست بە ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر خۆدزینەوەیە لە ئەرکی بەرپرسیارێتیی بەرامبەر ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان.
بافڵی نەوەکەی برایم ئەحمەد، هێندە بێ ئاگایە لە دنیای سیاسەت، دێت و بەرگی خیانەت بە بەر حزبەکەیدا دەکات، تەنها بۆ خاڵیکردنەوەی هەستە کەسییەکانی خۆی بەرامبەر کەسانێک کە پێشتر بە ئاستی ئەوان نەگەیشتووە و ئێستاش لەو ڕێگایەوە دەیهەوێت خۆی بگەیەنێتە ئاستی ئەوان و دڵی دەسەڵاتدارانی پایتەختیشی پێ ڕازی بکات بۆ چەند پلە و پۆستێکی کارتۆنی.
ئیتر ئەوەی دەمێنێتەوە لەو بابەتەدا، جەماوەری یەکێتیی و بەرپرسەکانیەتی، ئایا ئەوان ئەو بەرگە تازەیەی بافڵ وەکو دیاری دیداری یەکێتیی پێی بەخشیوون دەیکەنە بەریان ، یاخود ڕەتیدەکەنەوە.
نوسینی نما ناوپردانی