سبەینێ ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە کێبڕکێ لەسەر نازناوى جامى شاى ئیسپانیا دەکەن.
سبەینێ شەممە 26/4/2025 هەردوو یانەى ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە لە یارى کۆتایى جامى شاى ئیسپانیا رووبەڕووى یەکدەبنەوە و یارییەکەش کاتژمێر 11ى شەو لە یاریگاى لا کارتۆخا لە شارى سێڤییا بەڕێوەدەچێت.
ریاڵ مەدرید بە بردنەوە لە ریاڵ سۆسیداد گەیشتە یارى کۆتایى، بەرشەلۆنەش بەسەر پشتى ئەتلەتیکۆ مەدریددا خۆى گەیاندە دووەم یارى کۆتایى خۆى لەم وەرزەدا، دواى ئەوەى لە سەرەتاى ئەمساڵدا نازناوى جامى سوپەرى ئیسپانیاى لەسەر حسابى ریاڵ مەدرید بەدەستهێنا و لە یارى کۆتاییدا بە پێنج گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە یانە مەدریدیەکەى بردەوە.
بەرشەلۆنە زۆرترین نازناوى جامى شاى بەدەستهێناوە، کە 31 نازناوە، بە جیاوازى حەوت نازناو لە دواى ئەتلەتیک بلباوەیە، ریاڵ مەدریدیش لە پلەى سێیەمدایە و 20 نازناوى هەیە.
ئەم دوو یانەیە 37 کلاسیکۆیان لە جامى شادا کردووە، بەرشەلۆنە 16 یارى بردووەتەوە، لە بەرامبەردا ریاڵ مەدرید لە 13 یاریدا براوەبووە، لە هەشت یاریشدا یەکسانبوون.
وەرزى رابردوو یانەى ئەتلەتیک بلباو نازناوى جامى شاى ئیسپانیاى بەدەستهێنا، دواى ئەوەى لە یارى کۆتاییدا بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە ریاڵ مایۆرکاى بردەوە، کە لە کاتى یاسایى یارییەکەدا بە گۆڵێک بۆ هەردوولا یەکسانبوون.