زووم..
سبەی گەڕی سێیەمی دانوستانی ئەمریکا و ئێران لە عومان بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی ماڵپەڕی ئاکسیۆس، ئێران دەیەوێت رێککەوتنێکی کاتی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە لەگەڵ ئەمریکا واژۆ بکات.
ئاکسیۆس لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە گەڕی دووەمی دانوستانی تاران و واشنتن لە رۆما، پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هاتووەتە ئاراوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گەڕی دووەمی دانوستان، خواستی وڵاتەکەی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی کاتی دەربڕیوە. بەڵام ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتوویەتی، واشنتن نایەوێت لەم کاتەدا گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی کاتییەوە بکات.
ویتکۆف جەختی لەوە کردووەتەوە، وڵاتەکەی لەم کاتەدا جەخت لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی روون دەکاتەوە، لە ماوەی شەست رۆژدا، وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوایکردووە.
ئاکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر ئێران و ئەمریکا لە 60 رۆژدا نەگەنە رێککەوتن، ترەمپ فەرمان بە سوپای وڵاتەکە دەکات ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، یان هاوکاری ئیسرائیل دەکات بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە.