زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو: رۆژى یەکشەممە پەکەکە کۆنگرەی چەکدانان دەبەستێت
پڕۆسەی چارەسەری کە لەسەر دەستی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان درێژەى پێدا هەنگاوی خێرای بۆ دەنرێت.
چاوەڕێ دەکرێت رۆژى یەکشەممە پەکەکە کۆنگرەى خۆی ببەستێت. کۆنگرەکە سێ رۆژ دەخایەنێت و لە سوریا، ئەوروپا و تورکیا ئەندامانی پەکەکە بەشداریی دەکەن بۆئەوەى گفتوگۆ لەسەر بانگەوازەکەى ئۆجالان بکەن.
ئەنجامی کۆنگرەکە بە ئۆجالان دەگەیەنرێت. هەروەها چارەنووسی ئەو ئەندامانەى پەکەکە یەکلایی دەکرێتەوە کە بەشداریان لە شەڕ لە دژى تورکیا کردووە و فۆرمولەیەک لەسەر چارەنووسیان دیاریی دەکرێت.
هاوکات شاندی دەم پارتی لەسەردانەکەیدا بۆ لاى یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا داوایان کردووە بەبێ مەرج دەستبەجێ گۆشەگیریی لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکی پەکەکە لاببرێت و هەلومەرجی زیندانییشی گۆڕانکاریی بەسەردا بکرێت تاکوو بە شێوەیەکی چالاکتر بتوانێت رۆڵی خۆی بۆ پڕۆسەکە بگێڕێت.
یەنی ئاکیت: لە ئیستەنبوڵ ملیۆنێک و 500 هەزار باڵەخانە لەژێر مەترسی روخاندایە
لەپاش بومەلەرزەکەى ئیستەنبوڵ، پسۆڕان ئاشکرایان کردووە لەو شارە یەک ملیۆن و 500 هەزار باڵەخانە لەژێر مەترسی روخاندایە و پێویستە دەستبەجێ بڕوخێنرێت و سەرلەنوێ بە شێوەیەکی ستاندارت دروستبکرێنەوە.
تائێستا حکومەتى تورکیا بەرچاوڕونی بۆ نۆژەنکردنەوە یان رووخاندن و دروستکردنی ئەو باڵەخانە مەترسیدارانەی ئەو شارە نییە، بەمەش ژیانی ملیۆنان هاووڵاتی لە مەترسیدایە.
بیرگون: جەهەپە، خەباتمان لە دژی کودەتا بەردەوام دەبێت
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند: لە دژى نادادپەروەریی و کودەتا داوامان لە تەواوی پارتە سیاسییەکانی تورکیا کردووە پشتیوانمان بن لە خەباتمان لە دژى کودەتا. گوتیشی بە پشتیوانی ئیرادەى خەڵک لە دژى دەسەڵاتی رژێمی تاکە کەسی دەەستینەوە لەم وڵاتە.
کۆرکوسوز: ئیمامئۆغڵو، بە لێکەوتە ئابوورییەکانی دەستگیرکردنی من دەمانتوانی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبون نۆژەن بکەینەوە
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی دوورخراوەی گەورە شارەوانیی ئیستەنبوڵ رایگەیاندووە لە 19ى ئازار بەهۆی دەستگیرکردنی منەوە و کودەتا بەسەر ئیرادەى گەل، تریلیۆن لیرەى تورکی زیان بە تورکیا کەوت، بەو بڕە پارەیە دەمانتوانی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبون نۆژەن بکەینەوە کە لەکاتی بومەلەرزەدا مەترسی روخانیان لەسەرە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت: سنورەکانى سوریا پەیوەندییەکانى لەگەڵ دراوسێکانیدا ئاڵۆز دەکات
ئیدارەى نوێی سوریا چەندین دۆسیەى بۆ جێماوە، لەوانەش سنوورەکانى بە وڵاتانى دراوسێیەوە، کە وایکردوە پەیوەندییەکان ئاڵۆز بکات.
لە سنوورەکانى باکووری ئەو وڵاتەوە، تورکیا زۆرینەى خاڵە سنوورییەکانى داخستووە، ئەو ناوچانەن کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانى سوریای دیموکراتدان.
چەندین جار ئەو ناوچە سنووریانە لەلایەن ئیدارە و حکومەتی نوێی سوریاوە داواکراوە رادەستی دیمەشق بکرێت.
قودسی عەرەبی: حکومەتى بەریتانیا سزای سەر هەردوو وەزارەتى بەرگریی و ناوخۆی سوریای هەڵگرت
حکومەتى بەریتانیا بڕیاریدا سزا لەسەر هەردوو وەزارەتى بەرگریی و ناوخۆی سوریا هەڵبگرێت کە پێشتر بەهۆی ئاڵۆزیی و گرژییەکانى سوریاوە سەپاندبوی.
وەزارەتی گەنجینەکانى بەریتانیا رایگەیاند، جگە لە هەڵگرتنى سزاکانى سەر ئەو دوو وەزارەتە، بەڕێوەبەراتى هەواڵگریی گشتی ئەو وڵاتەش دەگرێتەوە.
پێشتر بەریتانیا گوتبووى، دەیانەوێ پاڵپشتى سوریا بکەن لە بونیادنانەوە و گەشەى ئابووری و بووژانەوەى وەبەرهێنان و کەرتى وزەى ئەو وڵاتە.
عەرەبی جەدید: گرێکوێرەى پیتاندن کەوتووەتە پێش دانوستانەکان
بەرپرسانى ئەمریکا و ئێران سوورن لەسەر پێشەوەچوونی کۆبوونەوە و دانوستانە ئەتۆمییەکەى نێوانیان، کە سبەى یەکشەممە گەڕی سێیەمى ئەو دانوستانانە لە مەسقەتى پایتەختى سوڵتان نشینى عوملن دەستپێدەکاتەوە.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەى ئێران پیتاندن رابگرێت تاکو دەگەنە رێککەوتنێکى نوێ، تارانیش پیتاندن بە مافی خۆی دەزانێت و دەڵێت ئەو بابەتە شایانى رێککەوتن و دانوستانکردن لەسەری نییە.
عەرەب: ئیدارەى خۆسەر دەخوازێت هەولێر رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لە سەرکەوتنى کۆنگرەى یەکڕیزی هەڵوێستی کورد
کوردانى رۆژاڤای کوردستان، لەبەردەم وێستەگەیەکى گرنگ و چارەنووسسازدان بۆ وەلانانى کێشە ناوخۆیەکانیان.
ئیدارەى خۆسەر پەنادەباتە بەر هەولێر بۆ مسۆگەرکردنى سەرکەوتنى ئەو کۆنفرانسەى بڕیارە بۆ یەکڕیزی و یەکهەڵوێستى بەرامبەر دیمەشق سازبکرێت.
مەزڵوم عەبدی، فەماندەى گشتیی هێزەکانى سوریای دیموکرات، بۆ دووەمجار لەماوەی ئەمساڵدا هاتە هەرێمی کوردستان، سەردانەکەى لەو چوارچێوەیە بەدەرنییە کە بۆ سەرکەوتن و مسۆگەربوونى ئەوکۆنفراسە دەیخوازێت کە بڕیارە رۆژی 26ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
رۆژنامە ئینگلیزیەکان
فاینەنشاڵ تایمز: مووچەی بەڕێوەبەرانی بەریتانی زیادی کردووە بەڵام هێشتا کەمترە لە هاوتا ئەمریکییەکانیان
مووچەی بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی کۆمپانیاکانی بەریتانیا ئەمساڵ بە رێژەیەکی خێراتر زیادی کردووە بەراورد بە هاوتا ئەمریکییەکانیان، بەڵام جیاوازییەکی گەورە لە مووچەدا هێشتا بوونی هەیە.
تێکڕای مووچەی بەرێوەبەرانی بەریتانی بە رێژەی 11٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 6.5 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا مووچەی هاوتا ئەمریکییەکانیان تەنها 7.5٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 16 ملیۆن دۆلار.
ئەمەش نیشانی دەدات کە کۆمپانیا بەریتانییەکان لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی مووچە.
ئەم هەنگاوانە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکن بەرەو پێشکەشکردنی پاکێجی مووچەی گەورەتر لە بەرامبەر کارکردنی باشتردا و ئاماژەیەکە بۆ پشتیوانیکردنی مووچەی بەرزتر بۆ بەڕێوەبەرانی بەریتانی.
یورکشایر پوست: راپۆرتێک هۆشداری دەدات لە کەمبوونەوەی مەترسیداری ئاو لە بەریتانیا
نوسینگەی نیشتمانیی وردبینی لە راپۆرتێکی نوێدا هۆشداری دەدات کە بەریتانیا رووبەرووی کەمبوونەوەی نزیکەی پێنج ملیار لیتر ئاوی رۆژانە دەبێتەوە تا ساڵی 2050، کە دەکاتە زیاتر لە سێیەکی دابینکردنی ئێستا و هیچ پلانێکی نیشتمانیی رێکخراو بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نییە.
راپۆرتەکە دەڵێت پێویستە چەندین پڕۆژەی ژێرخانی نوێ بە بەهای ملیارەها پاوەند جێبەجێ بکرێن، لەوانەدروستکردنی نۆ کۆگای ئاوی نوێ، چونکە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا هیچ ئەمبارێکی نوێ دروست نەکراوە.
هەروەها رەخنە لە رێژەی هێواشی نوێکردنەوەی تۆڕی سەرەکی ئاو دەگرێت، کە بەم رێژەیە 700 ساڵی دەوێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە متمانەی بەکاربەران بە کەرتی ئاو گەیشتووەتە نزمترین ئاست بەهۆی خراپیی کارکردن و پیسبوون و پێشبینی دەکرێت نرخی ئاو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
یاسای نوێش رێگە بە زیندانیکردنی بەرپرسانی کۆمپانیاکانی ئاو دەدات لەسەر شاردنەوەی پیسبوونی نایاسایی.
گاردیەن: هێرشێک گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان بەرەو جەنگ دەبات
دوو رکابەری ئەتۆمی، هیندستان و پاکستان، رۆژی رابردوو زیاتر لە رووبەرووبوونەوەی سەربازی نزیک بوونەوە، کاتێک ئیسلام ئاباد ئاسمانی خۆی بە رووی فڕۆکەکانی هیندستاندا داخست.
هەروەها پاکستان هۆشداریی دا کە هەر هەوڵێک لەلایەن دەلهیەوە بۆ دەستێوەردان لە دابینکردنی ئاو بەگوێرەی پەیماننامەیەکی دەیان ساڵەی نێوانیان بە ناوی پەیماننامەی ئاوی ئیندوس وەک کردەوەیەکی جەنگی سەیر دەکرێت.
ئەم گرژییە زیادبووانەدوای کوشتنی گەشتیارانی هیندی دێت لە هەرێمی کەشمیر لەلایەن 24 چەکداری ئیسلامییەوە لەم هەفتەیەدا.
ئەم رووداوانە بەشێکن لە زنجیرەیەک کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی یەک لەدوای یەک لە نێوان دوو وڵاتدا، کە مەترسییەکانی پێکدادانێکی راستەوخۆیان زیاتر کردووە.
داخستنی ئاسمان و هۆشدارییەکە سەبارەت بە ئاو دوایین هەنگاوەکانن لەم زنجیرە گرژییەدا کە ناوچەکەی خستووەتە لێواری ململانێیەکی مەترسیدارتر.
دەیلی تەلەگراف: ستارمەر دژایەتیی پلانی ترەمپ بۆ ئاشتی لە ئۆکراین دەکات
کەیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ئۆکراین خۆی مەرجەکانی هەر رێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ روسیا دیاری بکات، ئەمەش وەک بەرەنگاربوونەوەیەک بۆ پێشنیازەکانی دۆناڵد ترەمپ سەیر دەکرێت.
ستارمەر رەتی دەکاتەوە کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لۆمە بکرێت لەسەر نەگەیشتن بە رێککەوتن.
هەروەها، ستارمەر رەتیکردەوە پشتگیری لە پلانی ئەمریکا بکات بۆ دانپێدانانی فەرمی بە کریمیا وەک بەشێک لە روسیا لە هەر رێککەوتنێکدا، و داوای ئاگربەستێکی بێ مەرجی لە مۆسکۆ کرد.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند کە ئۆکراین خۆی دەبێت لەسەر ئەو بابەتانە بڕیار بدات، نەک خەڵکی دیکە.