زووم..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هێرشە مووشەکییە کوشندەکانی روسیا بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراین، لە کاتێکدا هەوڵدەدات هەردوولا ناچار بکات بە ئاگربەست رازی بن.
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە رەخنەیەکی دەگمەندا کە ئاراستەی ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆکی روسیای کردووە، دەڵێت: من دڵخۆش نیم بە هێرشەکانی روسیا بۆ سەر کیێڤ و کاتێکی زۆر خراپە. ڤلادیمیر، راوەستە. هەفتانە پێنج هەزار سەرباز دەمرن با رێککەوتنی ئاشتی ئەنجام بدەین.
روسیا کوشندەترین شەپۆلی هێرشەکانی لە ماوەی نۆ مانگدا بۆ سەر پایتەختی ئۆکراین لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا دەستپێکرد، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بە زیانگەیاندن بە وتووێژەکانی ئاشتی تۆمەتبار کرد.
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، کە مۆسکۆ 70 مووشەک و 145 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ئۆکراین کردووە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی ئامانجیان کیێڤ بووە و لە ئەنجامدا لانیکەم هەشت کەس کوژران و زیاتر لە 60 کەسیش بریندار بوون.