زووم…
ئیسلام زێباری، ئەندامی رەوتی هەڵوێست، دوای 22 رۆژ لە دەستگیرگیرکردنی، بە کەفالەت ئازادکرا و دەڵێت، هێشتا کاتی دادگاییکردنی بۆ دیارینەکراوە.
ئیسلام زێباری بە زوومی گوت، لیژنەیەک لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردووە، دواتر لیژنەکە راپۆرتی خۆی داوەتە دادگای سەربازی، دادگاکەش لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە، بەکەفالەت ئازادیان کردووە.
ئیسلام زێباری ئاشکرایکرد، هێشتا لەلایەن دادگای سەربازییەوە رۆژی دادگاییکردنی دیارینەکراوە، بەڵام ئومێدی زۆرە بڕیاری دادگا، کە لەسەر بنەمای راپۆرتی لیژنەکەیە، لەبەرژەوەندیی ئەو بێت، چونکە بەگوتەی خۆی، بابەتی دەستگیرکردنەکەی زیاتر سیاسییە.
ئیسلام زێباری پێشتر لەناو وەزارەتی پێشمەرگە بە پلەی موقەدەم ئەفسەر بووە و بەرپرسی یەکەی کیمیایی وەزارەتەکە بووە، رۆژی 6ـی ئەم مانگە لەسەر سکاڵایەکی بەشی هەواڵگریی وەزارەتی پێشمەرگە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئاکرێوە دەستگیرکرا، رۆژی دواتر رەوانەی هەولێر کرا بۆ لێکۆڵینەوە لە دادگای سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە.
لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کاندیدی رەوتی هەڵوێست بوو.